”مەرجەع“ و پیشەسازیی دروستکردنی ستەمگەر
2021-09-05 12:32:03
مەریوان وریا قانع ( هەموو یەكشەمەیەك تایبەت بە درەو دەینوسێت)
ھەر کەسێک کەمەکێک سەروکاری لەگەڵ مێژووی فیکری سیاسیدا ھەبێت، بە تایبەتی لەگەڵ مێژووی فەلسەفەی سیاسییدا، ئەو دیدە ئەفلاتونییە دەناسێت کە باس لە ئایدیالترین و باشترین فۆرمی حوکمڕانیی دەکات. ئەفلاتون پێیوابوو ”حوکمڕانیی ئایدیالیی“ و ”بێ عەیب“ و ”بێ نوقسانیی“ سەر بەم ھەسارەیە نییە و تەنھا لە جیھانی ئایدیال و نموونە نەمرەکاندا بوونی ھەیە. بەڵام ئەگەر ”حوکمڕانیی بێ عەیب“ و ”بێنوقسانیی“ مەحاڵ بێت، ئەودەم دەبێت بەدوای باشترین جۆرەکانی حوکمڕانیدا بگەڕێین. لای ئەفلاتون باشترین حوکمڕانییەک بکرێت لەسەر زەوی دابمەزرێنرێت ”حوکمڕانیی حەکیم“ەکانە، حوکمڕانیی ئەوانەی ”خاوەنی مەعریفەی کامڵ“ و ”ئەخلاقی کامڵ“ن. لای ئەفلاتون پەیوەندییەکی پتەو لە نێوان زانایی و حەکیمبوون لەلایەکەوە و ئەخلاقیبوون لەلایەکی ترەوە ھەیە. باوەڕیشی وایە ئەو کەسانەی ئەم دوو شتەیان لە کەسایەتی خۆیاندا بەیەکەوە کۆکردبێتەوە تەنھا ”فەیلەسوفەکان“ن، تەنھا ئەوانن ھەم ”مەعریفەی کامڵی بێ عەیب و بێ نووقسانیی“ و ”ھەم ئەخلاقیی کامڵ و بێ عەیب و بێ نوقسانیان“ ھەیە. بۆیە حوکمڕانییە ھەرەباشەکەی ئەفلاتون ”حوکمڕانی فەیلەسوف“ان بووە، ئەو مۆدێلە لە حوکمڕانیی بە ناوی حوکمڕانیی ”پادشا-فەیلەسوف“ەوە ناسراوە. ئەم ”فەیلەسوف-پادشایە“ کەسێکە ھەم حەکیم و لێزان و شارەزایە، ھەم خاوەن مەعریفە و زانیارییەکە کە قابیلی گومانلێکردن و ھەڵەبوون نییە. ھەم خاوەن ئەخلاقێکی کامڵ و بێ عەیبە. باشترین حوکمڕانیی بەم مانایە حوکمڕانیی تاکەکسێکی زانا و حەکیم و بەئەخلاقە، ئەوەی دەیجوڵێنێت خۆشەویستیی شار-دەوڵەتەکەی و خۆشەویستی حیکمەت و زانایی و پاڵنەری ئەخلاقیی بێ عەیبە.
ئەم مۆدێلە ئەفلاتوونییە لە سەدەی بیستەم و دونیای ئەمڕۆدا دوو فۆرمی سەرەکیی لەخۆی گرتوە. یەکەمیان ئەو فۆرمەیە کە لەناو پارتە مارکسییە لێنینیستەیەکانی سەدەکەدا لەخۆی دەگرێت، فۆرمی ”سکرتێری گشتیی حیزب“ کە ھەم تیوریست و زانا و حەکیمی ژمارە یەکی ناو حیزبە، ھەم لە ڕووی ئەخلاقییەوە بێ نووقسانیی و عەیب و عارە و خەمی چینی پڕۆلیتاریا و شۆڕشی جیھانیی لەپێش ھەموو خەمە شەخسییەکانی خۆیەوەیەتی. دووھەمیان ئەو فۆرمە دینیی و نیمچەدینییە کەناوی ”مەرجەع“ی لێدەنرێت. ئەمەیان لەناو کەلەپوری شیعیزمەوە دێت و لە سەردەستی خومەینیدا بەسیاسیی دەکرێت و بەم ناوچەیەی ئێمەدا بڵاودەبێتەوە. لە ھەردوو دۆخەکەدا ”مەرجەع“ ھێما بۆ دەسەڵاتێکی سیاسیی و مەعریفیی و ئەخلاقیی دەکات، کە لەسەرو ھەموو دەسەڵاتەکانی ترەوەیە و کەس ناتوانێت و بۆی نییە لەو ”حەکیم- فەیەلسوف-دەسەڵاتدارە“، یان لەو ”سکرتێری گشتیی“ و ”دەبیرکول“ و ”سەرۆکی حیزبە“، بپرسێتەوە.
ئەوەی ئەمڕۆکە لە دونیای ئێمەدا قسەی لێدەکرێت و ناوی ”مەرجەع“ی لێدەنرێت، گەڕانەوەیە بۆ ئەم کەلەپوەرە تایبەتە، کە جگە لە کۆمەڵێک خومەینی و کۆمەڵێک مەلا عومەری تاڵیبان و چەند سەدام حوسەینێک و چەند ستالینێک، شتێکی تری لێ سەوزنەبووە و لێ سەوزنابێت. دروستکردنی کەسێک خاوەنی دواھەمین بڕیاربێت و ھەمووان ناچاربن گوێڕایەڵی بن و ھیچ ئامراز و میکانیزمێکیش لەئارادانەبێت بتوانێت لە بڕیار و دەسەڵاتەکانی ئەم ”مەرجەع“ە بپرسێتەوە، پرۆژەی تێکەڵکردنی خومەینیی و ستالینە بەیەکتریی.
بەڵام لەناو مێژووی فیکری سیاسیی خۆیدا، یەکەمین کەسێک ئەم دیدە ئەفلاتونییەی بۆ حوکمڕانیی ڕەخنەکردبێت و بە ھەڵەی زانیبێت، ئەرستۆی قوتابی ئەفلاتونە. ئەرستۆ پێیوابوو مەحاڵە ئەو سیفەتە پۆزەتیڤانەی ئەفلاتون باسیاندەکات لە کەسێکدا کۆببنەوە، کەسانی لەو بابەتە کە لەیەککاتدا ھەم فەیلەسوف و حەکیم و مرۆڤی تەواو ئەخلاقیی و ھەم حوکمڕان بن، ھێجگار دەگمەنن. ئەوەشی کە دەبێت بە فەیلەسوف بە دەگمەن دەبێت بە حوکمڕان، یان ئەگەری ئەوەی پێدەبەخشرێت ببێت بە حوکمڕان. جگە لەوە گەر بە ڕێکەوتکەسێکی واش دەسکەوت، مەرج نییە دوای مردنی جێگرەوەیەکی وەک خۆی ھەبێت. مەرجنییە بەدوای حوکمڕانێکی حەکیم و ئەخلاقیدا حوکمڕانێکی حەکیم و ئەخلاقیی تر بدۆزرێتەوە. بۆیە ئەرستۆ لەباتی تەرکیزکردنە سەر کەسی حوکمڕان تەرکیز دەکاتە سەر ئەو میکانیزم و ئامرازانەی دەتوانن ڕێ لەوەبگرن حوکمڕان ببێتە کەسێک دەسەڵاتەکانی بە شێوەیەکی خراپ و ترسناک، بەکاربھێنێت. بۆیە ئەرستۆ پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت لەباتی گەڕان بەدوای ”کەسێکی باش“دا بۆ حوکمڕانیی، دەبێت ”دەستورێکی باش“ دروستبکرێت کە نەھێڵێت تەنانەت کەسە خراپەکانیش ببنە دەسەڵاتداری خراپەکار. دەستور و یاسا و دەزگا ھەبێت و نەھێڵێت ئەو کەسەی دەبێت بە دەسەڵاتدار، ببێت بۆ ستەمگەر و تاکڕەو و نابەرپرسیار. ئەرستۆ پێیوابوو دەستور و یاسا و پرنسیپە نووسراوەکان بە مردنی حوکمڕانەکە یان لاچوونی، دەمێننەوە و لەناو ناچن.
ئەم وانە ھەرە سەرەتایی و دێرینە لەسەر چۆنیەتی ڕێکخستنی ژیانی سیاسیی و سیستمی حوکمڕانیی، ئەمڕۆ لە دونیای ئێمەدا لە ھەموکات زیاتر ھەنوکەیی و ئێستاییترە. ھەموو ئەوانەی باس لە پێداویستی بوونی ”مەرجەع“ دەکەن، دەمانبەنەوە بۆ دوو شوێن: بۆ سەردەمی بەر لە ڕەخنەکانی ئەرستۆ. بۆ ناو کەلەپوری ستەمگەرە دینیی و نادینییەکانی سەدەی بیستەم.