Draw Media

تا درزەکە گەورەتر نەبووە

تا درزەکە گەورەتر نەبووە

2021-08-26 18:18:32


جەعفەر عەلی
«ئەوانەی رابردوو لە بیردەکەن، مەحکومن بە دووبارەکردنەوەی».
 جۆرج سانتایانا         ١٩٠٥

   رەنگە کەم نەتەوە هەبێت لە دونیای هاوچەرخدا، هێندەی کورد سیاسی ونبوو لە خەیاڵی قارەمانێتی و فانتازیای ئیرادە و داستانی پاڵەوانێتی هەبێت.
خەیاڵی سیاسییەکانی ئێمە لە شوێنێکە، نە شکست دەناسێ، نە چۆکدادان و چەمانەوە، بێئاگا لەوەی نەتەوەیەکیان رووبەڕووی هەڵوەشانی ناوەکی و شکستی ئیرادە و ملکەچی کردووەتەوە. 
    سیاسییەکانی ئێمە خاوەنی خەیاڵێکی ناواقیعی و پڕ لە غرورن، غروری پیاوەتی، غروری خێڵەکیانە، غروری ئازایەتی، غرورێک وەک تەمێکی ئەستور بەرچاوی تاریک کردوون و دەرفەتی گەڕانەوە بۆ سەر شانۆی رووداوەکانی چەند ساڵ پێشتری ژیانی خۆشیانی بیر بردوونەتەوە. ئاخر مەعقول نییە تۆ پێتوابێ لە وڵاتانی عەرەبی وەک میسر، تونس، لیبیا و عیراق ناچیت، تۆ لە ئەفغانستان و سەرۆکە راکردووەکەی و جەنەڕاڵە گەندەڵ و شکستخواردووەکەی ناچیت، لە کاتێکدا وێڕای بوونی جیاوازیش، بەڵام لە دەیان شاڕێگەوە دەچیتەوە ناو دونیا سیاسی و کۆمەڵایەتییە ناشیرینەکەی ئەوان. ئەگەر وا نەبێ دەبێ خەیاڵی بێ خەیاڵیان بەرەو ئەوەی بردبن، کە لە پاریس و نیویۆرک و لەندەن دەچن. 
   سیاسی هۆشیار، حیزبی بە ئاگا، نەتەوەی زیندوو، بۆ هەر رووداوێک کە لە دەوروبەریدا روودەدات، دەیانجار پێداچوونەوە بە خۆی، بە رەفتاری سیاسی و کارەکانی دەکات. سیاسییەک کەمێ ئاگایی و هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبێت بە رستەی ئامادەی تێپەڕ و نەغمەی شۆڕشگێڕانە وەڵامی پێشهات و گۆڕانکارییە مێژوویی و سیاسییەکان ناداتەوە، لە بری ئەوە هەڵوەستەی جددی و پێداچوونەوە دەکات، ئامادەکاری بۆ پێشهات و رووداوە تازەکان دەکات، کە ئەگەری روودانی هەرگیز مەحاڵ نییە و ئاساییە لە هەر چرکەساتێکدا رووبدات. 
   کورد لە ناوچەیەکی ئارام و دیموکراسیدا ژیان ناکات، تا بێباکانە لە بەرامبەر رووداوە سیاسییە دراماتیکییەکاندا، خوێن ساردانە لێدوان و بەیاننامە بڵاوبکاتەوە و پێیوابێ هاوکێشە و پەیوەندییە سیاسییەکان چۆنن هەروا دەمێننەوە. ئێ خۆ دوور نییە ئەشرەف غەنی و دوستەمیش چەند مانگ بەر لە کەوتنی کابول هەروایان بیرنەکردبێتەوە، چونکە ئەوانیش مەستی ژمارە بوون، ژمارەی چەکدار و وڵاتانی هاوپەیمان، بەڵام لە چاوتروکانێکدا، هەموو شتێک ژێرەوژوور بوویەوە، کاتێک ئەمریکا هەموو شتێکی لەگەڵ تاڵیباندا بڕاندەوە، ئیدی نە ژمارەی زۆری چەکدار فریای کابول کەوت، نە جەنەڕاڵی نەخشێنراو بە میدالیای رەنگاوڕەنگ. هۆکارەکەشی سادە و روونە، سیاسییەکانی ئەفغانستان لە نێو خێزان و بنەماڵە و ژوورەکانی خۆیانەوە سەیری ژیانی ئەفغانییەکانیان دەکرد، جۆرێک لە سەیرکردن هەرگیز نەیانویست بڕوا بەو راستییە بهێنن، کە جیاوازییەکان گەورە و زەبەللاحن، درزی نێوان ژیانی سیاسییە بڕیار بە دەستەکان و خەڵکی ئاسایی تا دێ بەرینتر و فراوانتر دەبێ. سیاسییەکان کاتێک خۆیان لە بینین و هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی درزە کۆمەڵایەتییەکە دەدزییەوە، هەمانکات درز بەرەو کەلێن و قڵیشێکی گەورەی ترسناک دەڕۆیشت، قڵیشێک سەرەنجام سەرۆکی بە کۆشکە رازاوەکەی و جەنەڕاڵیشی بە ئەستێرە و میدالیاکانی سەر شان و سنگییەوە هاوشانی دەست و پێوەندەکانیان، بە یەکەوە و لە گۆڕانێکی دراماتیکیدا بەرەو چارەنوسێکی مێژوویی نادیار لوشدا. 
کاتێک سیاسییەکان ناتوانن دەوڵەت بۆ هاوڵاتیانیان دابمەزرێنن، کاتێک مرۆڤی ئەفغانی لە ژێر سایەی دەسەڵاتی غەنیدا لەوپەڕی هەژاریدا دەژی و هەست بە دڵنیایی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناکات، کاتێک ماف و ژیان و کەرامەتی رێزلێگیراو و پارێزراو نابێت، لەوەش خراپتر دەوڵەت لە بری بەخشینی ئارامی و ژیان بە هەمووان، دەبێتە ئامرازی بەشینەوەی ستەمی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە دەست نوخبەیەکی بیرۆکرات و گەندەڵ، ئیدی دووبارەبوونەوەی رووداوە سیاسییەکانی ئەفغانستان لە فۆرمی جیاوازتردا لە هەر جێگەیەکی دیکەی ئەم رۆژهەڵاتەدا، کە دەموچاوی سیاسییان لە سەروسیمای کابولییەکان دەچێت، ئەگەرێکی دوور لە چاوەڕوانی نابێت. 
   سیاسی هۆشیار ئەوەیە نە تەنها لە ئەزموونی وڵات و نەتەوەکەی خۆی، بەڵکو سوود لە ئەزموون و رووداوەکانی دەرەوەی خۆیشی وەردەگرێت و بە بەیاننامەی حەماسی و کرچ و کاڵ وەڵامی رووداوەکان ناداتەوە. ئەوانەی کە غروری شۆڕشگێڕانە و هۆشیاری سیاسی و کۆمەڵایەتیان دەرفەتی ئەوەیان پێنادات رووداوەکان بکەنە ئەزموونی ژیانیان، دەبێ دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی لە شێوەی ئەفغانستان لە وڵاتەکانیان وەک خەیاڵێکی ناواقیعی نەبینن، چونکە روونە درز چارەسەری بۆ نەدۆزیتەوە دەبێتە شەبەقێکی گەورە و توانای قوتدانی غروری سەرۆک و جەنەڕاڵیشی بە یەکەوە دەبێت.
   نە ئەفغان دوای بیست ساڵ لە هاوکاری و پشتیوانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، نە کورد دوای سی ساڵ لەو هاوکاری و پشتیوانییەی رۆژئاوا، نەیانتوانی ببن بە مۆدێلێکی دیموکراسی و دەسەڵاتێکی نیشتیمانی دادپەروەر، نەیانتوانی کۆی هاوڵاتیان بە جیاوازییە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئیتنیکییەکانەوە، لە ژێر سێبەری دەوڵەت و دەزگاکانی حوکمڕانیدا یەکبخەن و دەوڵەت بکەن بە داکۆکیکار و پارێزەری هەمووان. کۆی ئەو کۆمەک و پشتیوانییە دەرەکییە تا ئێستا لە بونیادنانی نەتەوە و تێپەڕاندنی یەکە بچووک و لۆکاڵییەکان لەناوەوەدا، ئەنجامێکی سیاسی جێگە متمانەی نە لە ئاستی دەرەکی و نە لە ئاستی ناوەکیدا، بە دەست نەهێناوە. 
   دوای بڕیاری کشانەوە لە ئەفغانستان قسەکانی بایدن رێک و راست پێیگووتین، ئێمە لە بونیادنانی دەوڵەت بۆ هەمووان، لە بونیادنانی نەتەوە لە ئەفغانستان سەرکەوتوو نەبووین، ئامادەش نین دەوڵەت و نەتەوە لەسەر خوێن و سامانی ئەمریکا و ئەمریکییەکان بۆ کەس دروست بکەین، پەیامێک دەبێ بەغدا و هەولێر، وردتر و عاقڵانەتر مامەڵەی سیاسی لەگەڵدا بکەن، چونکە شکستی ئەمریکا لە پێکهێنانی دەوڵەت و دامەزراوەی نیشتیمانی لە کابول، هەمان شکستە کە لە بەغدا و هەولێر دووچاری بووەتەوە. ئەو مۆدێلی دەسەڵاتە سیاسی، ئیداری، ئابووری و سەربازییەی لە بەغدا و کوردستاندا بوونی هەیە ناکۆکە بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی و ئازادی و مافی هاوڵاتیبوون، مۆدێلەکەی کابولیش هەر ئەوە بوو، بۆیە کارێکی عەقڵانی و بەرپرسیارانە نییە، دووبارەبوونەوەی رووداوەکان لە ژێر تەپوتۆزی دروشمی شۆڕشگێڕانە و بەیاننامەی حەماسیدا، وەک مەحاڵ پێشانبدرێن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand