شەڕو ململانێی بەرژەوەندیەکان ....
2021-08-13 18:43:03
سەعد ھەمەوەندی
دیارە چەند رۆژێکە لەزۆنی سەوز ئاڵۆزیەک ھەیە لەنێوان دوو بەرپرسی یەکەمی حیزبی دەسەڵاتداری ئەوێ ، گوایە یەکێکیان ئەوەی دی بەوە تاوانبار دەکات، کە خیانەتی لە وڵات کردووە و شارێکی بە رۆژی رووناک فرۆشتووە ، ھەروەھا پێی وایە کۆنترۆڵی دەروازەکان و فرۆکەخانەی ئەوێی کردووەو کاری قاچاخچیەتیی بۆ بەرژەوەندی خۆی دەکات ، ھەر ئەوەندە نا بەڵکو پێی وایە ژەھری دەرخواردی خۆی و دایکی داوەو تۆماری فیدێویی چەندین بەرپرسی لایە کە کاری سێکسی لەگەڵ ئافرەت و ھەندێ جاریش نێربازی دەکەن ، بەکاریان دەھێنێت بۆ ئەوەی بکەونە ژێر رکێفی ئەو ، بێجگە لە کۆمەڵێک تۆمەتی تر کە پەیوەندی بە تەشهیر کردن و نووسینی بابەتی ڕۆژنامەوانی ھەیە .
ئەوەی سەرەوە دەنگ و باسی ئەو چەند رۆژەی میدیاو بەرپرسان و کەسانی ئاسایی ئەم وڵاتەن ، منیش وەکو تاکێکی ئەم نیشتیمانە بەدیار جگەرەکەمەوە بۆی دانیشتم و بیرێکی قووڵم لێ کردەوە:
ئاخۆ دەبێت ئەم زاتە گەورەیە ویژدانی جوڵابێتەوەو ھەستی بە نەھامەتی ئەم شارە جوانەی (سلێمانی) کردبێت یان ھەستی بەوە کردووە خەریکە لەناو دەچێت و بەرژەوەندیەکان لەدەست دەدات ..؟
ئەگەر ھەستی جوڵابێت ، ئەی ئەو نەبوو بە شانازیەوە لەیەکێک لەکەناڵەکانی عەرەبی گووتی من بەتەنیا خیانەتم نەکردووە و واژۆی سی و حەوت ئەندامی سەرکردایەتیم لەگەڵە ! .
باشە خۆ قاچاخچیەتی و قۆرخکردنی ھەموو شتێک چەند رۆژێکی کەم یا هەفتەیەک و مانگێک نیە ، ئەوە چەندین ساڵە دەکرێت و خەڵک ھاوار دەکات ، بۆ چاکت نەکرد !.
تۆماری ڤیدێۆی سێکسی یەک و دوان نیە ، ئەوە نەریتێکە لەکۆنەوە ئێوە بەکاری دەھێنن لەگەڵ دوژمنان و ناکۆکەکانتان ! ، لەپاش وەفاتی مام ، ژەھر دەرخوارد کردن و کوشتنی رکابەرەکان و دوورخستنەوەی سەرکردایەتی کۆن بەزەقی دیاربوو ، تۆمەت خستنە پاڵ دڵسۆزەکان و کار کردن بۆ ئەجێندای دەرەکی و دژایەتی کردنی ماڵی بارزان بەھەزەرەھا نووسینی ئێوە بوو، لە سایت و پەیجە فەڕمی و سێبەرەکانتان ، بۆ ساتێکیش ھەڵوەستەت نەکرد...!
ئەوەی لەسلێمانی دەگوزەرێت شەڕو ململانێی بەرژەوەندییەکانە ، ھیچ پەیوەندیەکی بەھێزی شەڕو خێردا نیە...!