چاوەڕوانیەکانی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی عێڕاق
2021-08-12 14:57:23
ئاسۆ حاجی
ئەمەریکا ئومێدێکی گەورەی بە هەڵبژاردنی داهاتووی پەڕلەمانی عێڕاق هەیە، بەوەی دەرئەنجامەکەی بە دانانی سەرۆک وەزیرانێکی دۆستی ئەمریکا کۆتایی بێت، لە هەژدە ساڵی رابردوو ئەمریکا گرەوی لە سەر دانانی سەرۆک وەزیرانێکی کردۆتەوە کە عێڕاق لە ئەمریکا نزیک و لە ئێران دوور بکاتەوە، بەڵام لەگەڵ هەمووانیان بە یەک دەرئەنجام گەیشتووە کە ئێران زیاتر بەهێز بووە و ئەمریکاش زیاتر بێهێز و لاتەریک و بێزەوەرتر بووە.
بۆچی هەمیشە ئەمریکا لە هاوکێشەی عێڕاق بە یەک دەرئەنجام گەیشتووە؟ ئەو پرسیارە هەقە ئەمریکا و ئەوانەی نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە دەکەن لە عێڕاق بە دوای وەڵامێکی لۆژیکی بگەڕێن، تا لە رێگەیەوە ئیدارەی نوێی وڵاتەکەیان لەو دۆخە خراپ و لەو نیگەرانیە قووڵە دەربهێنن کە تێی کەوتوون، لەو ترسەی کە لە دوای هەڵبژاردن کەسێکی سەر بە ئێران ببێتە سەرۆک وەزیران و هێزە پڕۆ ئێرانیەکان دیسان زۆرینەی پەڕلەمان پێکبهێنەوە و ئەوجارەیان پەڕلەمان و حکومەت بە یەکەوە داوا لە ئەمریکا بکەن وڵاتەکەیان جیبهێڵێ.
سیاسەتی هەلە و ستراتیژیەتی پڕ لە کێماسی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکای بەو رۆژە گەیاندووە، کە لە پاشەکشێی بەردەوام دایە لەو ناوچە گرنگەی جیهان، ئێران ئەو بۆشایانە پڕ دەکاتەوە کە ئەمریکا بەهۆی شکستهێنانی ستراتیژەتەکەی دروستیان دەکات، لە یەمەنەوە تا لوبنان کە بە ولاتانی کەنداو و عێڕاق و سوریا تێدەپەڕێ نموونەی زیندوو و قسە هەڵنەگرن لە سەر شکستی ئەمریکا.
ئەمریکا لە ساڵی 2005 وە تا ئەمڕۆ لە رێگای باوەڕبوونی بە بەهێزکردنەوەی بەغدا وەک تاکە ناوەندی بڕیار، توشی ئەو هەڵە و شکستە هاتووە، چونکە لە کاتی هەبوون و بەهێزبوونی یەک ناوەندی بڕیار، پرسی زۆرینە و کەمینە دێتە گۆڕێ، کە لە عێڕاقدا شیعە زۆرینەن و کورد و سوونەش کەمینە، ئەوەشە وای کردووە لە پەڕلەمان زۆرینەی بڕیارەکان لە بەرژەوەندی ستراتیژی ئێران و لە دژی بەرژەوەندیەکانی ئەمەریکان بێت، بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگی شیعەکان نموونەی هەر دیارە، دەبێ ئەمریکا ئەوە بزانێ و لێی دڵنیا بێت کە دەرئەنجامی هەر هەڵبژاردنێک لە عێڕاق هەر بەو دەرئەنجامە دەگات، کە لە بەرژەوەندی شیعەیە و زۆرینەی شیعەش لە رێگای عەقیدەوە بە ئێران گرێدراون، کە ئەوەیان گرێدانێکی پیرۆز و هەمیشەییە، لە بەرامبەردا رەنگە کەمینەیەکی شیعە خۆیان لەگەڵ بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا بگونجێنن، چونکە وەک تاکتیک پێویستیان بەو خۆگەنجاندنە هەیە، وەک ئەوەی نوری مالیکی لە ساڵی 2006 کردی لەوەی ئەمریکا وەک دۆستی نزیک و باوەڕپێکراوی خۆیان بە دونیایان ناساند، دواتریش دلسۆزترین کەسی سوپای پاسداران دەرچوو، رەنگە لە گەڵ موقتەدا سەدریش هەر بەو ئەنجامە بگەن..
تاکە رێگا و چارەسەر لە بەردەم ئەمریکا ئەگەر درەنگ نەبێت، ئەوەیە دووربکەوێتەوە لەو روانگە کۆن و نەریتیەی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگەشتی و عێراق بەتایبەتی دەکات، کە هەمان روانگە و باوەڕی بەریتانیەکانە کە بۆ سەت ساڵی پێش ئێستا دەگەڕێتەوە کاتێک لە پەیماننامەی سایکسپیکۆ لەگەڵ فەڕەنسیەکان سنووری وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کێشاوە، ئەمریکا تا خۆی لەو وابەستبوونە مێژوویی و تەقلیدیە دەرباز نەکات و باوەڕی تەواو بەوە نەهێنێ کە عێڕاق پێویستە وەک وڵاتێکی فرەناوەند سەرلەونوێ بنیاتبندرێتەوە هەرگیز ستراتیژیەتەکەی سەرکەوتوو نابێت.
بە قەدەر ئەوەش گرنگە ئەمەریکا پێویستە بەها و پێگەی هاوڕێ و هاوپەیمانەکانی خۆی بزانێ، تەنها وەک کارتی فشار و پارێزەرانی بەرژەوەندیەکانی خۆی مامەڵەیان لەگەڵ نەکات، بۆ نموونە لە ساڵانی رابردوو ئەوە کڕۆک و شێوازی مامەڵەی ئەمریکا بووە لەگەڵ هەرێمی کوردستان، کە بۆتە مایەی ئەوەی لە سەر ئاستی میللی ئەمریکا باوەڕی لە دەست داوە و خەڵکی کوردستان متمانەیان بە ئەمریکا نەماوە وەک دۆست، ئەوەش لە رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەری 2017 درزی تێکەوت و ئێستا فراوان بووە و بۆتە بۆشاییەک، رەنگە وەک هەموو ئەو بۆشایانەی ئەمریکا دروستی کردووە ئێران پڕی بکاتەوە. هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە تەک ئاڵای ئێران لە تاران ئەمریکا لە خەڵکی دیکە باشتر دەزانێ کە هەلەی پڕۆتۆکۆل نەبووە، بە دڵنیایەوە کۆنسلخانەکەشی لە هەولێر ئەو هەواڵە دەخوێنیتەوە کە سەرۆکی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دێتە هەولێر بۆ ئەوەی هەماهەنگی گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بکەن بۆ ناوچە کێشە لەسەرەکان.