هاوكێشه ئاڵۆزه‌كان و ئێمه
2021-08-10 10:12:51
ئه‌بو كاروان
ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له هه‌ژاندایه، ئه‌مه‌ریكا له ئه‌فغانستان بڕیاری كشانه‌وه‌ى دا، هه‌ر به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕیش بڕیاره‌كه‌ى جێبه‌جێ كرد، وڵاتێكی كاولی بۆ هێزێكی كۆنه‌په‌رستى تێرۆرستى به‌جێهێشت، كه خۆی له بنه‌ڕه‌تدا ئه‌و هێزه‌ى دروست كردبوو، ئه‌مه شتێكی نوێ نییه له سیاسه‌تى داماڵراو له‌ئه‌خلاق و به‌های ئه‌مه‌ریكا، كه دۆسته‌كانى خۆی زوو ده‌فرۆشێت و به‌جێده‌هێڵێت، ئه‌م ناوچه‌یه به عێراق و ئێران و هه‌رێمی كوردستانى خۆشمان به تونێلێكی نادیار تێپه‌ڕ ده‌بن، ئاسۆ ڕوون نییه، قه‌یران له‌سه‌ر قه‌یران، ململانێی و گه‌نده‌ڵی و ویست بۆ هه‌ژموونى زیاتر، پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ، ململانێ له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ت و سامانى خه‌ڵكی، شه‌ڕ و كوشتار، فیگه‌ری دیاری سه‌ر تابلۆی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌یه. له نێو ئه‌م هه‌موو ئاگره‌دا، له‌م ساتى وه‌چه‌رخاندا هێزه‌كانى ده‌سه‌ڵات، له‌بری ته‌كبیرو گفتووگۆی جدى و هه‌نگاوی چۆنایه‌تى به‌ره‌و گۆڕانكاری له حكومڕانی و دابین ژیانێكی شه‌رفمه‌ندانه بۆ هاوڵاتیان، كه‌چی تادێت ململانێكانیان له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات زیاتر ده‌كه‌ن، ئامراز‌و میكانیزمی جۆربه‌جۆر ده‌دۆزنه‌وه بۆ گیرفان بڕینی هاوڵاتیان له‌ژێر ناوى بازاڕی ئازاد‌و كه‌رتى تایبه‌ت. له‌ڕاستیدا ئه‌م هه‌ڕاج و تاڵانیه‌ى له فرۆشتنى كه‌رته‌كانى حكومى و گشتى له‌م هه‌رێمه‌دا ده‌كرێت، له هیچ شوێنێكی ئه‌م سه‌رزه‌مینه هه‌ر بوونی نییه، بۆ نموونه له وڵاته هه‌ره سه‌رمایه‌دارییه‌كاندا نییه، قۆناغه‌كانى سه‌ره‌تایی و بنه‌ڕه‌تى بدرێته كه‌رتى تایبه‌ت، كه‌چی له هه‌رێمی كوردستان تا دێت ژماره‌ى قوتابخانه‌ی ئه‌هلی زیاد ده‌بێت، به‌كرێیه‌كی زۆری خوێندن، ئه‌و مامۆستا‌و فه‌رمانبه‌رانه‌ى له‌و ناوه‌ندانه ده‌خرێنه به‌ركار كه‌متر كاتى كاركردنیان بریتیه له (٨) كاتژمێر كار‌و موچه‌یه‌كی كه‌م، هه‌روه‌ها به‌ده‌گمه‌ن هه‌یه له سیسته‌مێكی ته‌ندروستى وڵاتانى دونیا بۆ نه‌خۆشیه سه‌ره‌تاییه‌كان و برینپێچ و مناڵبوون و چاودێری دایك و كۆرپه‌له هاوڵاتى ناچار بێت ڕوو له كه‌رتى تایبه‌ت بكات، كه‌چی له هه‌رێمی كوردستان تادێت نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت زیاتر ده‌بێت، هه‌ر ماڵێك نه‌خۆشێكی هه‌بێ، ئه‌وا ئه‌سته‌مه بتوانێت ژیانێكی هه‌ره ئاسایی بگوزه‌رێنێت، بۆ كه‌رته‌كانى كاره‌باو هاتوچۆ و ئۆتۆمبێل و باج هه‌روایه. ئه‌مه جگه له نه‌بوونى ده‌رفه‌تى كار‌و كێشه‌ى نیشته‌جێبوون و بازاڕی قۆرخكراو پاشه‌كه‌وت و لێبڕینی موچه ژیانی هاوڵاتیان ته‌واو هه‌راسان كردووه. له‌م دۆخه ناهه‌مواره‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وشێكی دروستكردووه، ئه‌سته‌مه هاوڵاتى به‌رگه‌ى ناهه‌موواری و دۆخێكی تر ناله‌بار بگرێت. مه‌ترسیه‌كان زۆرن، ته‌ماح و چاوتێبڕین له سامانى سروشتى و خاكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ڕه‌شه‌ى داگیركاری ده‌وڵه‌تانى دراوسێ شتێكى شاراوه نییه، وه‌زیری ناوخۆی توركیا: له‌به‌ر چاوی هه‌موو دونیا ویستى به داگیركاری و به‌پێ هاتووچۆكردنیان بۆ وڵاته‌كه‌مان ناشارێته‌وه، دەوڵەتانی دەوروبەر به ڕۆژی ڕووناك هه‌ڕه‌شه ده‌كات و ده‌ستی تێرۆر ده‌گه‌یه‌نێته تێكۆشه‌رانى تری نیشتیمانە لەتکراوەکەمان، هه‌موو ئه‌م په‌یامانه ناگه‌نه گوێی ده‌سه‌ڵاتداران، ویست بۆ به‌رژه‌وه‌ندى ته‌سك و قازانجی حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی و ته‌نانه‌ت شه‌خسى خۆیان مه‌ستى كردوون، ئێستا وای لێهاتووه كێشه‌و ناكۆكی نێو بنه‌ماڵه‌ى ده‌سه‌ڵاتدار بۆته بارێكی تر بۆ سه‌ر شانی هاوڵاتى و سه‌رچاوه‌ى قه‌له‌قى و نائارامیان، ترسیان له هه‌ڵگیرسانى شه‌ڕ. ئه‌مه جگه له‌وه‌ى ناكۆكییه‌كانی نێوانیشان تادێت گه‌وره‌تر ده‌كه‌ن، شه‌ڕی نێوان پارتى و په‌كه‌كه زەمینەی بۆ خۆشدەکرێ، به‌گوتار باسی حه‌رامكردنى شه‌ڕی كورد به‌كورد ده‌كه‌ن، كه‌چی هه‌رجاره‌ى له سنور‌و ده‌ڤه‌رێك شه‌ڕ داده‌مه‌زرێنن و شه‌هید و بریندار‌و ته‌نانه‌ت دیلیش له هه‌ردوولا ده‌بێت. پرسیار ئه‌وه‌یه له نێو ئه‌م هه‌موو ھەڕەشەو مه‌ترسیانه‌ى ده‌وربه‌رو وێرانى سیاسه‌ت و ئیداره‌دانى ناوخۆیی و گه‌نده‌ڵی، ئه‌م دەسەڵاتە تا چه‌ند ده‌توانێت درێژه به ته‌مه‌نى خۆی بدات؟ تا چه‌ند تواناى به‌رگه‌گرتنى هه‌یه؟ له كاتێكدا تاوه‌كو ئێستا هێزه‌كانى پێشمه‌رگه نه‌ك یه‌ك نه‌خراون به‌ڵكو زۆرینه‌ى جاره‌كانیش له‌بری حزبیش فه‌رمان له‌م به‌رپرس و ئه‌و به‌رپرس وه‌رده‌گرن، بگره بەشێوەیەک ئاماده‌كراون تاوه‌كو له كێشه ناوخۆییه‌كاندا به‌كاربهێنرێن. ئه‌زموونى لانى كه‌می ئه‌م چه‌ند ساڵه ئەوەی بۆ سه‌لماندووین هه‌ر هێزێك به مێتۆدێكی نیشتیمانى تۆكمه دیسپلین و په‌روه‌رده نه‌كرێت، زه‌حمه‌ته بتوانێت له كێشه نێوخۆییه‌كانی نێوان حیزبه‌كان و سه‌ركرده‌ی حیزبه‌كان تێوه نه‌گلێ. بۆیه پێویسته هێزه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ده‌سه‌ڵات و بزووتنه‌وه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و ڕێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و ڕۆژنامه‌نووسان و ڕۆشنبیران و خه‌مخۆره ڕاسته‌قینه‌كانى ئه‌م نیشتیمانه به‌ره‌یه‌كی به‌رفراوان به‌ستراتیژێكی نیشتیمانى دروست بكه‌ن، ببنه فشار‌و به‌دیلێكی ڕاسته‌قینه بۆ ئه‌م ده‌سه‌ڵاته تاوه‌كو ئه‌م قه‌واره‌یه كه به خوێن و قوربانی گرانبه‌هاى كۆمه‌ڵانی خه‌ڵك هاتووته به‌رهه‌م به‌رەو هه‌ڵدێرتر نه‌چێت، وه‌ك نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان خاتوو جێنین بلاسخارت پێی وتین: گه‌رەنتی نییه، ئه‌م قه‌واره‌یه تا هه‌تایه وه‌ك ئێستا بمێنێت. مه‌ترسیه‌كان گه‌وره‌ن، پشتبه‌ستن به‌م وڵات و به‌و ده‌وڵه‌ت ئاكامه‌كانى پشت شكانه، كه‌وتنه، مێژوو پڕە له‌م جۆره نموونانه، پڕه له‌وانه، ستراتیژ ئه‌وه‌یه پشت به‌گه‌لی خۆت و توناى خۆت ببه‌ستى، ئه‌و گه‌له‌ى گه‌نجه‌كانى زۆرینه به‌دواى كۆچ بۆ رێگاى پڕ له سه‌ختى و مه‌ترسی تاراوگه ده‌گه‌رێن!