Draw Media

دوو پەندو دوو وانە

دوو پەندو دوو وانە

2021-08-08 09:37:08


عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف

یەکەم: کە مەلا بەختیار بەتۆمەتی تێکدانی شۆڕشی نوێ و ئینشیقاقی هێزی پێشمەرگە و بنکۆڵکردنی رێکخستنەکانی کۆمەڵە زیندانی دەکرێت و بە کۆی دەنگی پلنیۆم بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەردەچێت، مامجەلال مەلەفی دادگاییکردنەکەی و خودی تۆمەتبارەکە و تەنانەت زیندانەکەیشی بۆ لای خۆی و نزیک ماڵ و بارەگاکەی لە یاخسەمەر ئەگوێزێتەوە، بریاری گولەبارانکردنەکەیشی ئەگۆڕێ، گەر بەڵێن شکاندن و هەوڵی راکردنەکەیشی نەبوایە گومانی تێدا نەبو هەر زو ئازادیشی ئەکرد ..!

ئێستا کوڕانی مامجەلال تەواو پێچەوانەی رەفتاری باوک، رۆحی لێبوردەیی کاری سیاسی و حیزبیان نیە، تەنیا بڕیاری پێشوەختەی خۆیان جێبەجێ ئەکەن..!

دووەم: سەرەتای ساڵی نەوەدو پێنج و کە مەکتەبی سیاسی بە کۆی دەنگ ئیمزایان لەسەر رۆیشتنی مامجەلال و داوای جێهێشتنی کوردستانیان لێکرد، ئەو نە ڕەتی کردەوەو نەهێزی لە دژی (م س) کۆکردەوە، تەنیا کاردانەوەی وتبوی (هەتا هەموتان وەک ئەو ئیمزایانە بۆ رۆیشتن، ئیمزای گەڕانەوەم نەکەن ناگەڕێمەوە).

جانتاکەی پێچایەوەو رۆیشتە لەندەن، کاتێکیش لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا گەڕایەوە، خۆی وەک سکرتێرو بۆ یەکەمجار هاوسەفەرەکەی وەک جێگری سکرتێر ناساند (ئەوکات پۆستی جێگری سکرتێری گشتی لە پەیڕەوی یەکێتیدا هیچ باسێکی نەبو)، دوای هەندێ مشتومڕی ناوخۆیی قەبوڵکرایەوەو تاکۆتایی تەمەنی سیاسی خۆیشی لەکاردانەوەی ئەو ئیمزایانەدا، بیری لە سزادانی ئەوانە نەکردەوە کە قاویاندا، بەپێچەوانەوە متمانەیەکی لادروستکردن و فێریکردن کە سەرکردایەتیکردن ئەبێ بەو شێوەیە بێت..!

ئێستا کوڕانی مامجەلال بێ لێکۆڵینەوەو گەڕانەوە بۆ دادگا، بێ رێکاری پەیڕەوی یەکێتی، بێ هیچ عورفێکی کاری رێکخراوەیی و بێ گوێدانە بەرژەوەندی خەڵک و یەکێتی... تەنیا بەگومان سزایان بۆ دەسەڵاتی یەکەم و هەندێ لە ئەندامەکانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و دەیان کادرو دەیان نوێنەری یەکێتی لە حکومەت دەرکردوە یان ئامادە کردوە..!

من نازانم لاهور چیکردوە، هەرچیەکی کردبێ ! جگە لە (عومەری شێخ موس، فواد مەعسوم، جەمیل هەورامی، عەلی شامار و فەرید ئەسەسەرد) لەدوای هەشتی تەموزەوە هیچ دەنگێکیتری مامجەلیانەم لەناو یەکێتیدا، نەبیستوە ! کەسێک نیە نکۆڵی لە مامجەلال ناسی ئەو زاتانە بکات، بەڵام پێدەچێت لەناو یەکێتی نوێدا، جگە لەو ناوانە یەکێتی کۆنی تیا نەمابێت.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand