Draw Media

بۆچی زۆرینە لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی تێكەوتن

بۆچی زۆرینە لە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی تێكەوتن

2021-08-06 17:48:07


فەرمان رەشاد
لەدوای 8ی تەمووزەوە ئەو بەرەیەی پێی دەگوترێت ئۆپۆزسیۆنی نارێكخراو یان نوخبەی سەربەخۆ لە رۆژنامەنووس و رەخنەگران بە ئاشكرا بەسەر ئاراستەی هەردوو هاوسەرۆكی نەیار دابەش بوون و كورتیان هێنا، ئەویش بە پشت بەستن بە ئارگۆمێنتی جیاواز بەشێك لە ژێر ناوی بەرگری لە پەراوێزی ئازادی سلێمانی و تێوەنەگلاندنی یەكێتی لە شەڕی ئیقلیمی، بەشێكیش بەناوی نەهێشتنی قاچاخچیەتی و سەرانەوەرگرتن و كۆتایی هێنان بە بەكارهێنانی خراپی دەزگا ئەمنیەكان، لەوە بۆت دەردەكەوێت ئێمە خاوەنی چ نوخبەیەكی دۆڕاو و ساویلكەین، خەڵكیش ناحەقی نابێت (ئەگەر راستیش نەبێت) تۆمەتباریان بكات بەوەی پارە لە بەرە جیاجیاكانی ئەو شەڕە وەردەگرن.
ئەو دابەش بونە نالۆژیكیە ئەگەر یەك تەفسیر هەڵبگرێت بریتیە لە نەبونی دنیابینی بۆ واقیعی ئێستای حكومرانی و حیزبەكانی دەسەڵات، تۆ كاتێك تێگەیشتنێكی روونت نەبێت بۆ سروشتی ململانێی ناو كۆشكەكانی دەسەڵات، بەدڵنیایی بە بچوكترین جوڵە دەكەویە ژێر كاریگەری، ئەویش بەلۆژیكی (لەخۆشەویستی نیە بۆ عەلی، بەڵكو لە رقە لە معاویە)، كە ئەوەش وەك دەڵێن گرەو كردنە لەسەر ئەسپی تۆپیو،  عەبدوڵا پەشێو لە شیعری دێوەرە و كەر جوان وەسفی ئەو دۆخە دەكات كە كێیە دەبێ خەمی بێت و بارەكە لەخۆی باربكات.
هەردوو تەرەفی ململانێ هەمان تێروانینیان بۆ حكومرانی هەیە، هەموو ئەو قسانەی لەسەریەكتر دەكەن بەزیادەوە راستە، هەركام لایەش براوە بێت بۆ خەلك هەر هەمان  ئەنجامە، چونكە باوەریان بەهەمان فۆرمی حكومرانی هەیە، ناكرێ چاوەرێی ئەنجامی جیاوازیان لێبكەیت كەواتە تۆ بەرگری لە چی دەكەیت و دژایەتی كێ دەكەیت؟ 
ئەركی ئەو خەڵكەی خۆی پێ نوخبەیە یان سەربەخۆ و رەخنەگرە، لەو دۆخە ئەوەبوو دەبوو پەیامێكی ناخۆش و پەیامێكی خۆش بدەنە خەڵك، پەیامە ناخۆشەكە ئەوەیە ئەو فۆرمە حكومرانیە چەند مەترسیدارە، كە چەك لای دەسترۆیشتوەكانی حیزبە ئێمە هەمیشە لە لێواری پێكدادان و شەڕی ناوخۆین، دەبێت بلێت نە ئەوەی شكاوە بەهۆی گەندەڵی بوە، نە ئەوەشی براوەیە بەهۆی راستگۆیی بوە، ئەوە شەڕی بەرژەوەندییە.
پەیامە خۆشەكەش دەبوو بەخەڵك بلێن ببینن ئەو ئیمپراتۆریانەی لەسەر باتڵ و بە پارەی قاچاخ و حەرام بنیات دەنرێن چەند فشۆڵن و  دەكرێ لە چاو تروكانێك بڕوخێن، ئەوە ئەگەر بۆ یەكێك لە پایەكانی ئەو حكومرانیە سەقەتە ئەمرۆ راستبو، بۆ ئەوانی تریش هەر  راستە، هەموویان دەكرێت لە شەو و رۆژێك ئەو لەشكری چەكدار و دارودەستە و میدیایەی لە پشتیان بونە، بەهۆی پارە و دەسەڵات و ترس،   بەدەوریان نەمێنن و تەبەڕایان لێبكەن وەك هەڵم بەهەوا بچن، دەبێت خەڵك تێبگەیەنرێت هیچ یەكێك لەوانەی لە لوتكەی دەسەڵاتن، خاوەنی رەگێكی تۆكمە نین نەتوانرێت بشكێندرێن، ئەوەی هەیە هەمووی نمایشی دەسەڵاتە نەک خودی دەسەڵاتێکی تۆکمە کە بەرگەی دۆخی سەخت بگرێت، دەبێ بزانین كاتێك تۆ لەسەر باتڵ حكومرانی بنیات دەنێی روخاندنی ئەوەندە ئەستەم نیە.
دواجار دەبوو پەیامێكیش بدەنە تەرەفە جیاجیاكانی ناو بنەماڵە حكومرانەكان، ئەویش ئەوەیە ئێوەش هەمووتان لەبەردەم ئەو چارەنووسەن، ئەگەر ئێوە بیر لەوە نەكەنەوە حكومرانیەكی دروست بینا بكەن، هێز و شەرعیەت لە خەڵك وەرنەگرن و لەسەر بنچینەی پارە بەشینەوە و ترس بەردەوام بن، چەند درێژە بكێشێت رۆژێك دۆخێكی لەو شێوەیە بەهەمان شێوە ئێوەش راپێچ دەكات، ئەوەشی دەرس لەمێژوو وەرنەگرێت دەبێت باجەكەی بدات.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand