لەوە زیاتر شكۆی (نەوشیروان مستەفا) مەشكێنن
2021-07-06 18:07:33
نەجات نوری
نەیار و دووژمنەكانی نەوشیروان مستەفای كۆچكردوو، تا خۆی لە ژیاندابوو هیچ كاتێك دەرەقەتی ئەوە نەدەهاتن وەڵامی بدەنەوە و لەژێر زۆر وێنەی بێ بنەمادا بتوانن تێكی بشكێنن، بەڵام زۆربەداخەوە ئێستا لە سایەی هەڵەی دۆستە نزیكەكانیدا بە بەرنامە دوژمنەكانی دوێنی هاتوون لە ئەمڕۆدا خەریكی تێكشكاندنی هەموو بەها و شتە بەنرخەكانی ئەم پیاوەن، بە بەرنامە دەیانەوێت شكۆی لەناو خەڵكدا بشكێنن چونكە دۆستەكانی ئەو تا دێ لە پاشەكشەیەكی زۆر خێرادان، هاتوون لەسایەی وەزیر و پەرلەمانتارەكانی گۆڕاندا خەریكن دوا خنجەری خۆیان لە گۆڕی نەوشیران مستەفا دەدەن و بۆ هەمیشە لەناو خەڵكدا دەیسڕنەوە.
ئێستا كاتێتی لە بەڕێز عومەری سەید عەلی و وەزیر و پەرلەمانتارەكان و بەرپرسەكانی تری گۆڕان بپرسین: لە پێناو چیدا واتان لە شكۆی نەشیروان مستەفا كرد لەناو خەڵكدا؟ ئەمە بۆ ئێوە گرنگە كە نەتانزانیوە كە ئیتر ڕۆحی ئەم پیاوە بەرگەی هەڵەكوشندە و بێ بنەماكانی ئێوە ناگرێت، ناكرێت ئێوە ئاوا بە خەباتی كەسێك بكەن كە هەموو تەمەنی بۆ ڕزگاری گەلەكەی بوو، نەك لە ژێر ناوی ئەودا ئێوەش لەگەڵ پارتی و یەكێتیدا ڕۆژانە گەمە بە ژیانی خەڵك بكەن. لە سایەی هەموو بێ بەرنامەی و هەڵەكانی ئێوەدا ئیتر خەڵك سەرزەنشتی ڕۆحی نەوشیروان مستەفا دەكەن نەك ئێوە، چونكە ئێوە هێجگار خراپتر لە دووژمنەكانی بوونە هۆكاری ئازاردانی ڕۆحی نەوشیروان مستەفا. ئێوە لە خۆتان پرسیوە نەیارەكانی ئەم پیاوە ئێستا لە ژێر ناوی ئەوەی ئێوە چوونە حكومەتێكی هێجگار خراپەوە، چۆن چۆنی هاتوون لەناو خەڵكدا تەمەنی ئەم پیاوەیان لە سایەی هەڵەكانی ئێوەدا خستۆتە ناو لێشاوێك لە ڕق و نەفرەتیەوە، چونكە گۆڕان بەشدارە لە هەموو ئەو ئازارانەی ئێستا بەسەر ڕۆح و ژیانی خەڵكدا دێت، ئێوەیەك كە بێ خەبەرن دووژمنەكانی لە ئێستادا زیرەكانە هاتوون هەموو نەهاتیەكانی ژیانی خەڵكیان بەستۆتەوە بەوەی كە گۆڕان بەشدارە لە حكومەتدا، دوژمنەكانی بەمە خەڵك هاندەدەن كە ئەوە گۆڕانەكەی نەوشیروان مستەفایە ئاوا بۆتە كارەسات بۆ ژیانی خەڵك نەك خۆیان، بەمە ئێوە لە كوێدا بێ ئاگایانە دەستان گرتووە بە كڵاوی بێ دەنگیتانەوە و هەستناكەن كە چیتان بە ڕۆحی ئەم پیاوەكردووە لەم ساڵانەدا كە هاتوونەتە شوێنی؟ لە خۆتان پرسیوە پێناو چیدا ئێوە هەست بەم گەمە تۆقێنەرانە ناكەن كە دژی ئەم پیاوە بەرپاكراوە، تەنیا لەپێناو ئەوەی كە دەستان داوەتە بێدەنگیەكی ترسناك تا لە حكومەت دەرنەكرێن، ئێوەیەك كە ئەگەر نەوشیروان مستەفا نەبوایە دڵنیام لە كۆمیتە و بارەگانی جارانتاندا دەمردن... هاوتایی ئەمەی كە كردووتانە دژ بە گیانی ئەم پیاوە، زۆر جێگەی داخە كە تا دێ لەسایە هەڵەی ئێوەدا كە نەدەبوو هیچ كاتێك ئاوا بكەن، مەودای شكاندنی شكۆی ئەم پیاوە لەناو خەڵكدا تادێ بە هاندانی نەیارەكانی گەیشتۆتە لوتكە.
نەوشیروان مستەفا تا لە ژیاندا بوو بۆ ئازارەكانی خەڵك وەڵامی هەبوو، دەهاتە دەنگ، هیوای خەڵك بوو لە شەوەزەنگی نەهاتیدا، بەرنامەی هەبوو بۆ هەموو ئەزمەكان و پێشهاتەكان، دەیزانی لە كوێدا دێتە دەنگ و ئومێد دەكاتەوە بەری خەڵكدا، بەڵام لە ئەمڕۆدا لە سایەی هەڵەی هاوڕێ و دۆستەكانیدا كە لە گردی زەرگەتە خڕبوونەتەوە، نەك وەڵامیان پێ نییە بۆ ئەو هەموو نەهاتیانەی ڕووی كردۆتە ژیانی خەڵك، نەك هیچ ناڵێن بۆ بێكاری و بێ ئاوی و بێ نانی و بێ مووچەی و گەندەڵی و تاڵانی نەوت و سەرگەردانی لاوەكان و ئەو ڕۆژە تاریكانی ڕویكردۆتە ژیانی نوسەران و ڕۆژنامەنوسان و ئەدیبان... گەیشتوونەتە بەشداریكردنێكی تۆقێنەرانە لەم نەهاتیانەدا، ئێوەیەك لە خۆتان پرسیوە كە ئەوەتی چوونەتە ناو ئەم دەسەڵاتەوە كام گۆڕانكاری و كام ئاوەدانی و كام هەلی كار و كام دەستور و كام چاكسازیتان پێ كراوە؟ ئایا بێدەنگی و كاری ئاوا هەڵەی گەورە و پیشەی نەوشیروان مستەفابووە؟ نەوشیروان مستەفا ئەمەی لە ئێوە دەویست كە بێن درێژە بە تەمەنی خۆیان بدەن لە سایەی دەسەڵاتێكدا كە بۆتە ماڵوێرانی بۆ ژیانی هەموو چین و توێژەكان لە ئێستا؟ ئایا ئەمە بەرنامەكانی ئەوبوو؟ دەزانم ئەمە بۆ ئێوە گرنگ نییە، دەبێت پێتان بڵێم ئێوە لەناو خەڵكدا دوا بزمار لە تابووتی تەمەنتان دراوە. بەڵام داخەكە لەوەدایە كە ئێوە خراپ بوونەتە هۆكاری شكاندنی شكۆی پیاوێك كە هیچ كاتێك نەیدەزانی ئاوا پێدەكەن، هەڵەكەیش بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ خودی ئەم پیاوە تا لە ژیاندابوو، دووجار كە تازە گۆڕان دروستببوو جارێك لە ژوورەكەی مام ڕۆستەم و جارێكیش لە ژوورەكەی بەڕێز عومەری سەید عەلی، دوای گفتوگۆیەكی توند، پێم وت: كاكە مەیەڵە ئەم سەركردایەتی و مەكتەب سیاسیانەی یەكێتی بێنە ناو گۆڕانەوە، ئەمانە بۆ گۆڕانكاری نایەن، بۆ هەڵهاتن لە توڕەی خەڵك دێنە لات نەك بۆ شتێكی تر... پێم وت: ئەمانە دەبنە بەڵا لە ئایندەدا بۆ گۆڕان... هەڵەكەشی ئێستا گەیشتە جێ، ببینن بانگەوازی دۆستەكانی بۆ گۆڕانكاری لە كوێدا شكستی خواردووە و چۆن چۆنی بەشدارن لەم ئازارانەی كە ڕووی كردۆتە ژیانی خەڵك. ببینن كە تادێ ژیانی خەڵك لە مەرگەسات نزیك دەبێتەوە، كەچی گۆڕان پشتی كردە ئیرادە و خەونەكانی نەوشیروان مستەفاو لە بێدەنگیدا نوقووم بووە، بۆ خواستی چەند وەزیرێك و پەرلەمانتارەكانی و چەند پۆستێك تر بەشدارە لەو گەمە تۆقێنەرانەی كە دژ بە ژیانی هاوڵاتیانە. لەگەڵ ئەمەدا كە كەس هۆكار نییە جگە لە هاوڕێ و دۆستەكانی لە گردی زەرگەتە، شكۆی نەوشیروان مستەفا لە ناو خەڵكدا تادێ بە بەرنامە دووژمنەكانی دوێنی لە ئەمڕۆدا بەرەو داخزانێكی مەترسیداری دەبن، بەبێ ئەوەی كەس هەبێت لەم گەمە تۆقێنەرە بۆ بەرگرتن لەمە لە ناو گۆڕاندا لە پێناو پۆست و پارەدا بێتە دەنگ. بۆیە دەڵێم تكایە هاوڕێ بەوەفاكانی ئێوە بێدەنە دەنگ و ئیتر مەیەڵن ئاوا بە ژیان و شكۆی ئەو پیاوە بكرێت كە كەس بەقەدەر ئەو خەمی ژیانی خەڵكی نەبوو.