نەوشیروان مستەفا چیکرد؟
2021-07-06 12:56:12
ئارام سەعید
زۆربەی خەڵک متمانەیان بە حزبی سیاسی نەماوە، رەنگە حزب یەکێک بێت لەو دامەزراوانەی کەمترین متمانەی هەبێت لە کۆمەڵگادا، کەئەمەش پەیوەندی بەوە هەیە کە حزبەکان لە نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و وەڵامدانەوەی کێشەکانی هاوڵاتیان سەرکەوتونەبون، گەندەڵیی کارێکی کردوە هەندێک تویژی کۆمەڵگە تەواو پشتگوێ بخرێن، پارتی سیاسی دوو رۆلی سەرەکی هەیە یەکەم وەڵامدەربێت و دووەم سەرکردە بێت لە کێشەکاندا و چارەسەری هەبێت. ،بەڵام ئەوان سەرقاڵی پارێزگارین لە تیم و ئەندامانی حزبەکەیان لەجیاتی بیرکردنەوە لە کێشەکانی هاوڵاتیان و گوێگرتن لێیان.
ئەم بێزاری و خەمساردیەی هەبوو بەرامبەر حزب خولیایەکی گەورەی کاک نەوشیروان بوو، هەربۆیە لەسەرەتای دروستبونی بزوتنەوەی گۆڕانەوە یەکێک لەقۆناغە قورسەکانی دانانی پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەکە بوو، پاش دەستنیشانکردنی رەنگ و ئاڵاو دروشمەکان پەیڕەو بووە خولیایەکی گەورەی کاک نەوشیروان، هەرچەندە خودی خۆی شارەزایی گەورەی لە پێکهاتەی حزب و پەیرەودا هەبوو بەڵام نیگەرانیەکی گەورەی هەبوو کە چۆن پەیڕەوێک دابنی دوو سیفەتی گەورەی تێدابێت، یەکێکیان بزوتنەوەکە قۆرخ نەکرێت لەلایەن چەند سەرکردەیەکەوەو دووەم بودجەیەکی زەبەلاحی پێویست نەبێت بۆبەڕێوەبردن تا بتوانێت بەردەوام بێت ئەگەر بودجەشی کەم بوو.
ئەوەنیگەرانیەکە لەهەموو حزبیکی تازەدا هەیە چی بکەن لەوانی تر نەچن؟ لەهەموو لایەکەوە پێشنیار و بۆچونیی پێ ئەگەیشت بەڵام زۆربەی خاوەن پێشنیارەکان لەوە نەگەیشتبوون کەئەو چی دەوێت، چۆن دەیەویت سەرەرای هەیکەلی حزب تەنانەت وشەکانی ناو پەیڕەویش تازە بن و پێکهاتەی نەچیتەوە سەر لق و مەڵبەند، وەک چۆن وشەکانی مەکۆ و رایەڵە و بازنەو ..هتد داهێنا. زۆرن ئەو پەیرەوانەی دیراسەی کردن و زیاتر بۆ بەرنامەی ئەو پارتە سیاسیانە دەگەڕا کە حزبی دەنگدەرن نەک دابینکردنی موچەی کادر و ئەندامانی زۆر، دەیویست بەشێوەیەک بێت بەژمارەیەکی کەمی کادری موچەخۆر و ژمارەیەکی زۆری خۆبەخش بەڕێوەبچیت، ئەوە خولیای بوو کەبەو شیوەیەو جیاواز لە پارتی و یەکێتی بێت،هەڵبەت گوشاریکی زۆریشی لەسەر بوو لەلایەن بەشێک لەکادرە کۆنەکانەوە کە رێکخستنێکی تەقلیدی بێت. دواتریش خانەی راپەراندنیان بۆ راگرتنی ئەو هاوسەنگیە پێکهێنا ، راوێژی بەهەموو کەس دەکرد یار و نەیاری بۆچونەکانی خۆی، چونکە هەندێک لەو سەرکردانەی پێشتر مەکتەبی سیاسی بوون پێیان زەحمەت بوو لەپاڵ گەنجێک دانیشن و هەمان دەسەڵات و مافی ئەوانیان هەبێت.
ئەم مۆدێلەی خولیای کاک نەوشیروان بوو هەموو قۆناغەکانی بڕی و بەهیوابوو بەرەوگۆڕانکاری گەورە هەنگاو بنێت، لەرووی هەیکەلەوە سەرکەوتوو بوو کە مۆدێلێکی تازەی پێکهێنا، لەهەڵبژاردندا پێگەی جەماوەری بەهێزبوو، بەڵام سەرەرای ئەم گۆڕانکاریە گەورەیە نەیتوانی بەخەباتی مەدەنی گۆڕانکاری دروست بکات، لە پارلەمان ستراتیژی گۆڕانی خستە کار بۆگوشارکردن، بەڵام پارلەمان داخرا! کۆمەڵی نیودەوڵەتی و لەناوخۆی هەرێمیش کاردانەوەیەکی دەنگیی نەبێت هیچ رووینەدا.
دواتر قۆناغی حکومەتی بنکەفراوان بوو، بەڵام دیسان گۆڕران بەر دیواری ئەستوری پارتی و یەکێتی کەوت کەئەوان رێگە نادەن بەدەستکاریکردنی ئەو مۆدێلەی دروستیاننکردوە. بەڵام ئایا خوێندنەوەی کاک نەوشیروان بۆ دۆخەکە لاوازبوو؟ یان جگە لەدەسەڵات وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵی نێودەولەتیش پشتگیری ئەو رەوتە تازەیەیان نەکرد؟ یان ئۆپۆزیسیۆن خۆیان پەرتەوازەبون و ستراتیژێکی روونیان نەبوو بۆ بەرەنگاری؟
لەکۆتاییدا هەرهێزیک یان هاوپەیمانیەک لەدوای گۆڕان و هاوپەیمانی ئۆپۆزیسیۆنی رابردوو دروست بێت و بیەویت ببێتە هێزێکی کاریگەر ئەوا رووبەروی ئەرکێکی قورس دەبێتەوە، ئەرکی یەکەمی دۆزینەوەی ئەو رێگاچارەیە کەهەمان هانگاوی رابردو هەڵنەگریتەوە، گرنگە خوێندنەوەیەکی قوڵیی هەبێت بۆ دۆخی ئێستا و خەباتی رابردووی هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن و مامەڵەی دەسەڵات. هەروەها وەڵامی ئەوە باتەوە بۆخەباتی پارلەمانی نەگەیشتە ئەنجام؟ چی وایکرد؟ بۆ بەشداریکردن لەحکومەت ئەنجامی باشی لێدەرناکەوێت؟ ئەگەر خوێندنەوەی نەبێت بۆمێژووی سی ساڵی رابردوی هەرێمی کوردستان و بیەویت بەهەمان شێوە خەبات بکات ئەوا چارەنوسی هەروەک بزوتنەوەی گۆڕان و ئەو هێزانەی تری ئۆپۆزیسیۆنی لێدێت کەلەناو بازنەی پۆستەکانی حکومەت دەسوڕینەوە بەلاوازیی.