Draw Media

مه‌ته‌ڵی موچه‌ و هۆكاری شه‌هیدبونی ئیمام حسه‌ین

مه‌ته‌ڵی موچه‌ و هۆكاری شه‌هیدبونی ئیمام حسه‌ین

2021-07-04 16:49:03


جیهانگیر سدیق گوڵپی

ئه‌ڵێن له‌ وڵاتی به‌حره‌ین و له‌ بۆنه‌یه‌كی ساڵیادی شه‌هیدبونی ئیمام حسیه‌ینی كوڕی عه‌لی (ڕ.خ)، وتاربیژ و سیاسیه‌كان كۆبونه‌وه‌ و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی چی بوترێت و چی نه‌وترێت تاكو هیچ لایه‌ك نیگه‌ران نه‌بێت و كێشه‌ی گه‌وره‌‌ دروست نه‌بێت، هه‌موان كۆك بون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌: نابێت وتاربیژه‌كان بڵێن ئه‌مه‌ویه‌كان ئیمامیان شه‌هید كردوه‌ نه‌وه‌ك سورییه‌كان نیگه‌ران بن، ‌ نابێت بڵێن سوننه‌كان شه‌هیدیان كردوه‌ نه‌وه‌ك ببێته‌ هۆی زیان گه‌یاندن به‌یه‌كگرتویی نیشتیمانی، مه‌سیحسه‌كانیش تۆمه‌تبار نه‌كه‌ن نه‌وه‌ك ببێته‌ هۆی جیاكاری ئاینی، یه‌هودیه‌كانیش تۆمه‌تبار نه‌كه‌ن نه‌وه‌ك‌ یه‌هودیه‌كانی به‌حره‌ین به‌دژایه‌تی سامیه‌كان لێكی بده‌نه‌وه‌. سه‌ره‌نجام بڕیاریاندا كه‌ له‌وتاره‌كاندا بوترێت ئیمام كاره‌با گرتویه‌تی و به‌هۆی شۆكی ته‌زوی كاره‌باكه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه ‌.

ئیدی هه‌مو ووتاره‌كان به‌وشێوه‌یه‌ پێشكه‌شكران، له‌كاتێكدا كه‌ زۆرینه‌ی خه‌ڵك سه‌ره‌تاو كۆتایی چیرۆكه‌كه‌ی ده‌زانی.

چه‌ندین ساڵه‌ زۆربه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێم خۆی به‌ته‌واوی هۆكاری دواكه‌وتن و لێبرینی موچه‌و لیك و لێچونی داهاتی هه‌رێم و به‌هه‌ده‌ردانی خه‌رجیه‌كانی حكومه‌ت ده‌زانێت و ڕێگە چارەکەیش ئەزانێ، كه‌چی لایه‌نه‌ به‌رپرس و فه‌رمیه‌كان به‌تایبه‌تیش له‌ حكومه‌ت به‌جیاوازیی ئاراسته‌ حیزبیه‌كانیانه‌وه‌ له‌پێناوی نیگه‌ران نه‌بونی یه‌كتری و ئاڵۆزتر نه‌بونی په‌یوه‌ندیه‌ سیاسیه‌كان و تێك نه‌چونی به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌فه‌قاتی ئابوریی و سیاسیاندا، به‌رده‌وام یان بێده‌نگی هه‌ڵده‌بژێرن یان ناڕاسته‌وخۆ پێمان ده‌ڵێن موچه‌و داهاتاكانتان كاره‌با گرتویه‌تی و چارەسەری نیە.

به‌شی زۆری په‌رله‌مانتارانیش یان بێده‌نگن یان به‌رده‌وام سه‌رقاڵی موزایه‌ده‌ و هه‌رای میدیایی و تۆمه‌تباركردنی لایه‌نی به‌رامبه‌رن.

به‌رده‌وامیدان به‌ ده‌ربڕینی ده‌سته‌واژه‌ و ڕسته‌ی لاستیكی و ناڕون بۆ پاساوی بابه‌ته‌كه و تۆمه‌تباركردنی یه‌كتری‌ له‌ هه‌رلایه‌كه‌وه‌ بێت نه‌ وتنی ڕاستیەکانە‌ و نه‌ هه‌نگاونانه‌ بۆ چاره‌سه‌ر.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand