ئاو
2021-07-03 20:21:45
ئاری محەمەد هەرسین
ئینسان خۆی لەسەر هەر یەک لە ئۆردوگای عەلمانی و ئیلاهی ساغ کردبێتەوە، ناکرێت هەندێک لە سەرە تاکانی پێویستی بوون (وجود) بەرچاو نەگرێت. گەر ئینسان بڕوای بە خوای گەورە هەبێت و نەبێت، ژیانی بە گۆی زەویەوە بەستراوەتەوە. کەس ناتوانێت عەسکەریەکی عەنتەر بێت، فەلسەفە بنوسێتەوە، سیاسەتمەدار بێت یان دەروێشێکی خانەقا، پێویستی بە ئۆکسجین و خواردن و خەو نەبێت، کە هەرسێکیان نیعمەتن. بۆیە شوکرانەی نیعمەتەکان وەفاو ئەرکی ئەخلاقیە، یان بەرامبەر بە خوا، یانیش سروشت.
لەم وشکە ساڵیەی ئێستادا کەم ئاوی بەرۆکی هەموو ماڵەکانی گرتۆتەوە. هۆکاری سەرەکی وشکەساڵی کەمتەرخەمی ئینسانە بەرامبەر بە ژینگەی خواکرد. بە کورتی ئێمە ژینگە ی زەوی پیس دەکەین، زەویش بە ئوسلوبی خۆی تۆڵەمان لێ دەکاتەوە. ئێمەی ئینسان هەر لە چیرۆکەکانی تەورات و ئینجیل و قورئانەوە مەوجودێکی لاسارین. تاقانە درەختێک کە لێمان قەدەغە کرابو (بە پێی چیرۆکەکان) دەستمان بۆ برد، وامان زانی ئەو ئەتوارە مان یاخیبونێکی شۆڕشگێڕانەیە، کەچی قوڕی کرد بەسەرمانا و بەشەق لە بە هەشت کردینیانە دەرەوە (دیسان بە پێی چیرۆکەکان).
حکومەت بەرپرسیارە لە ئیدارەی کۆمەڵگە و بەڕێوە بردنی لە سەر بنەمای عەدالەتی کۆمەڵایەتی و، ئازادیە خواکرد و بنەڕەتیەکانی ئینسان. لەم حاڵەی ئێستادا حکومەت بەرپرسیار نیە لە وشکەساڵی، بەڵام بەرپرسیارە لە دروستکردنی بەنداو و خەزانی ئاو. حکومەت بەرپرسیارە لە دانانی تۆڕێکی ئاوداری ماڵان کە لە ڕێگەی پێوەری زیرەک سنور بۆ شێوازی بەکارهێنانی ئاو لە کۆمەڵگەدا دابنرێت.
بەڵام حکومەت ئایین نیە تا بتوانێت ئەخلاقی کۆمەڵگە ڕێک بخات. هاوڵاتیش بەرپرسیارە. ئایا لەم وشکە ساڵیەدا حەوشەو ئۆتۆمبێل شتن بەرپرسیارێتیە؟… بۆچی وا ئەکەین؟… تۆڵە لە کێ ئەکەینەوە، لە حکومەت؟… خۆ ئەم وڵاتە موڵکی حکومەت نیە و، موڵکی خۆمانە، ئینسان چۆن کانی گوندی خۆی وشک ئەکات؟… ئەو دڵۆپە ئاوەی توینیەتی ئینسانێکی پێ بشکێت زۆر پیرۆزترە لەو سەدان لیترە ئاوەی بەردەرگاو ئۆتۆمبێلی پێ ئەشۆرێت، یان حەوزێکەو مەلەوانی تیا ئەکرێت.
ئاساییە لە حکومەت توڕەبین یان بێزار بین لە لێبڕینی مووچە و دواکەوتنی. ئاساییە ڕقمان لە بەرپرسی گەندەڵ و خەڵکانی کاربەدەستی نا مەسئول بێت. بەڵام ئاسایی نیە لە حاڵەتی وشکەساڵیدا کە زۆر وڵاتی سەر گۆی زەوی گرتۆتەوە، ڕێز لە نیعمەتی ئاو نەگرین. وەک حیزب حیزبێنە پەرتەوازەو وێرانی کردوین، با هیچ نەبێت خۆمان و ئاژەڵ و ڕوەکی خاکی پیرۆزی کوردستان لە توینیا نەخنکێین، با لەپێناو سوپاسگوزاری خواو نیشتیمان دەست بە ئاوەوە بگرین.