Draw Media

بۆ پاراستنی هه‌ولێر سێ بژارده‌ له‌به‌ر‌ده‌م واشنتۆنه‌

بۆ پاراستنی هه‌ولێر سێ بژارده‌ له‌به‌ر‌ده‌م واشنتۆنه‌

2021-07-02 09:24:51


کارزان سه‌باح هه‌ورامی

دوای هێرشه‌که‌ی سه‌رشاری هه‌ولێر که‌ له‌ ٢٦/٦ له‌ نزیک کونسوڵخانه‌ نوێیه‌که‌ی شاری هه‌ولێر که‌وته‌ خواره‌وه،‌ ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌کرێت هێرشی ئه‌مجاره‌ بۆ سه‌ر هه‌ولێر هه‌م ئاراسته‌ی جیاواز بوو، واته‌ دووربوو له‌ ناوچه‌ گه‌رمه‌کانه‌وه،‌ هه‌م شێوه‌ی هێرشه‌که‌ که‌ درۆنی پێشکه‌وتووبوو له‌گه‌ڵ کاته‌که‌ی که‌ نزیک بوو له‌ هه‌ندێک نمایشی سه‌ربازی میلیشیاکانه‌وه‌، کاردانه‌وه‌ی ئه‌م جاره‌ حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستانیش جیاواز بوو، سه‌رۆکی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌کات که‌ سوپاسی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ ده‌کات که‌ سه‌رکۆنه‌ی هێرشه‌که‌یان کردووه‌، به‌ڵام سه‌رکۆنه‌ کردن به‌س نییه‌، پێویسته‌ وه‌ڵامی ئه‌م کاره‌ تێکده‌رانه‌ بدرێته‌وه‌، به‌وپێیه‌ بێت قۆناغی هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی  کوردستان گۆڕاوە، ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ ئارامی کوردستان و پاراستنی گیانی خه‌ڵکی کوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، که‌ به‌لای حکوومه‌ته‌وه‌ هێڵی سووره‌، دوای ئه‌م هێرشانه‌ وه‌ک وه‌ڵام دانه‌وه‌یه‌ک و ئاماده‌کاریه‌ک له‌بنکه‌ی ئاسمانی (ئێگلن)له‌ رۆژئاوای فلۆریدا وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکا-پنتاگۆن سیسته‌مێکی تاقیکرده‌وه‌ که‌ فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وان له‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌هێنێته‌ خواره‌وه،‌ به‌رنامه‌ی پارێزگاری هێزی جوڵاوی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریکاش رایگه‌یاندووه‌ که‌ سیسته‌می دژه‌ فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وانیان به‌سه‌رکه‌وتووی تاقیکردوه‌ته‌وه‌.
جوڵانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌م ئاسته‌دا خۆئاماده‌کردنه‌ بۆ قۆناغێکی نوێی رووبه‌رووبونه‌وه‌ی گروپه‌ میلیشیاکان، تادێت شه‌ری گروپه‌کان به‌رانبه‌ر به‌ئه‌مه‌ریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی قۆناغی جیاوازتر ده‌برێت، باشترین نمونه‌یان شه‌ره‌کانی دوایی حه‌ماس بوو له‌دژی ئیسرائیل، خێرا راگه‌یاندنی ئه‌م سیسته‌مه‌ پێشکه‌وتنه‌ی ئه‌مه‌ریکا له‌ کاتێکدایه‌ که‌ هێرشی فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وان (درۆن) تادێت له‌دژی ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق به‌تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی کوردستان زیاتر ده‌بێت، جاری یه‌که‌م له‌ نزیک فرۆکه‌خانه‌و ئێستاش له‌ نزیک کونسوڵخانه بۆ ئه‌مه‌ریکا په‌یامێکی جیاوازه‌، پێیان وایه‌ هه‌ره‌شه‌کانیان له‌ به‌به‌غداوه‌ گوازراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئارامترین شوێنی عێراق ئه‌ویش هه‌رێمی کوردستانه،‌ بۆ واشنتۆن ئه‌وه‌ی جێگای ترسه‌ که‌ شه‌ری ئه‌م جاره‌ بۆ ده‌رکردنیان له‌ عێراق له‌ گوشاری سیاسییه‌وه‌ ده‌رچووه‌ بۆ هێرشی سه‌ربازی، ئاستی تاکیتکی هێرشه‌کان له‌ ده‌ره‌وه‌ی پێشبینی واشنتۆن بووه‌، له‌ هێرشی رابردوو جۆرێک فرۆکه‌یان به‌کارهێناوه‌ که‌ له‌گه‌ڵ هێڵی ئاسمانی مه‌ده‌نی تێکه‌ڵ کرابوو که‌ ئاسته‌م بوو پێشی لێبیگرێت بۆ هێرشه‌که‌ی دوایش جۆرێک له‌ درۆنی زۆر پێشکه‌وتوو به‌کارهاتووه‌‌. 
جوڵه‌ی چه‌کداره‌ نایاسایی و میلیشاکان له‌ سنووری کوردستان زۆر بووه‌، دوای ١٦ی ئۆکۆتبه‌ر مه‌ترسی زۆر گه‌وره‌ له‌سه‌ر ئارامی کوردستان هه‌یه،‌ به‌جۆرێک ٦٠ گروپ و چه‌کداری میلیشیا له‌ سنووری کوردستان په‌رشوبڵاو بوون و به‌شێکیان ته‌واو نزیکن له‌ سه‌نته‌ری شاری هه‌ولێر، پێشووتر سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی پینتاگۆن DARPA رایگه‌یاندبوو که‌ سیسته‌مێکی نوێی دژه‌ فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وان ده‌خه‌نه‌کار که‌ ئامانج لێی پارێزگاریکردنه‌ له‌ دیپلۆماتکار و سه‌ربازه‌کانیان که‌ له‌ناوچه‌که‌ هاتوو چۆ ده‌که‌ن، له‌به‌یاننامه‌که‌ی واشنتۆنیش ئه‌گه‌ر تێبینی بکرێت، به‌روونی ئاماژه‌ به‌ خاڵێک دراوه‌ ده‌لێت: سه‌رکۆنه‌ی ئه‌و هێرشه‌ ده‌که‌ین و ئه‌مه‌ ئاماژه‌یه‌کی روونه‌ بۆ پێشێلکردنی سه‌روه‌ری خاکی عێراق. واته‌ ئه‌گه‌ر لێکدانه‌وه‌ بۆ ئه‌و قسه‌یه‌بکرێت ده‌رخه‌ری ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاماده‌کاریه‌کان هی ده‌ره‌وه‌ی خاکی عێراقن و ئامانجی یه‌که‌میان لێدانه‌ له‌ پێگه‌و مه‌کانی‌ ئه‌مه‌ریکا له‌ ناوچه‌که‌ به‌تایبه‌ت هه‌ولێر.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سێ بژارده‌ له‌به‌رده‌م ئه‌مه‌ریکایه‌ بۆ کۆتایی هێنان به‌و هێرشانه‌ بژارده‌کانیش ئه‌مانه‌ن:
یه‌که‌م: ئه‌مه‌ریکا له‌رێگای جێگریکردنی سیسته‌می پارێزگاری دژه‌ فرۆکه‌ی بێفرۆکه‌وان و سیسته‌می پاتریۆت له‌ کوردستان رێگه‌ له‌ هێرشه‌کان بگرێت و بتوانێت پشتیوانی له‌ دۆسته‌کانی بکات له‌ کوردستان چونکه‌ روونه‌ ئه‌و هێرشه‌ زیاتر به‌ ئامانج گرتنی پێگه‌ی ئه‌مه‌ریکایه‌ به‌س گرفته‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ خاکی کوردستان ده‌کرێته‌ ئامانج و سه‌روه‌ری کوردستان کراوه‌ته‌ ئامانج.
دووه‌م: هاندانی حکوومه‌تی عێراقه‌ و گوشارخستنه‌ سه‌ریان بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی زووه‌ سه‌رجه‌م گروپیه‌ میلیشیا و چه‌کداره‌ نایاساییه‌کان له‌ سنووری کوردستان دووربخرێنه‌وه‌ و رێککه‌وتنی هه‌ولێرو به‌غدا له‌باره‌ی ئیداره‌دانی ئه‌و ناوچانه‌ بخرێته‌ واری جێبه‌جێکردنه‌وه‌، به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ هیچ گه‌ره‌نتیه‌ک نییه‌ بۆ وه‌ستاندنی ئه‌م هێرشانه‌.
سێیه‌م: ئه‌مه‌ریکا دووباره‌ پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ی جدی هه‌یه‌ له‌ ئاستی مانه‌وه‌ و کاری دیپلۆماسی له‌ عێراق و کوردستان پێش ئه‌وه‌ی بیر له‌ ئارامی خۆی بکاته‌وه‌ له‌ عێراقدا ده‌بێت بیر له‌وه‌ بکاته‌وه‌ که‌ هه‌وڵ بدات هێزه‌ عێراقییه‌کان له‌ چوار چێوه‌ی سیسته‌مێکی به‌هێز کۆبکاته‌وه‌ و کاربکات بۆ ئه‌وه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ پرچه‌ک بکات و هاوکاری زیاتریان بکات بۆ یه‌کگرتنه‌وه‌ له‌ چوار چێوه‌ی یه‌ک هێزی یه‌کگرتوو.
ئەوەی گرنگە ئەمەریکا گرفتی خۆی لەگەڵ میلیشیاکان چارەسەر بکات و ھەولێر نەکەنە مەیدانی جەنگ ره‌نگ بێت به‌لای ئه‌مه‌ریکاوه‌ مه‌ترسی گه‌وره‌ له‌وه‌دابێت  که‌ تادێت گروپه‌ شیعه‌ چه‌کداره‌کان لق و پۆپیان لێ ده‌بێته‌وه‌، پێشووتر هه‌مان حاله‌ت له‌ناو هێزه‌ سوننه‌کان هه‌بوو گرفتی گه‌وره‌ی نه‌ک بۆ ئه‌مه‌ریکا بۆ هه‌موو جیهانیش دروست کردبوو، ئیستا له‌ناو هێزه‌ شیعه‌کان سه‌ری هه‌ڵداوه‌ ئه‌م جاره‌ مه‌ترسیه‌که‌ گه‌وره‌تره‌ چونکه‌ ئه‌م گروپانه‌ ده‌سه‌ڵاتی حکوومه‌تی عێراقیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ و له‌ماوه‌ی رابردوو نزیک بوونه‌وه‌ له‌ کوده‌تا به‌سه‌ر سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق و لادانی له‌ پۆسته‌که‌ی و ئه‌نجامدانی نمایشی سه‌ربازی له‌به‌غدا که‌ حکوومه‌تی عێراقی ته‌واو خستوه‌ته‌ به‌رده‌م پرسیاره‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ چاره‌سه‌ر نه‌کرێت دواجار نه‌ک ئه‌مه‌ریکا پێگه‌ی دیپلۆماتکاری سه‌رجه‌م جیهان له‌ عێراق و کوردستانیش ده‌که‌وێته‌ به‌رده‌م مه‌ترسییه‌وه‌، به‌شێکی دیکه‌ش ده‌که‌وێته‌ سه‌ر واشنتۆن که‌ پلانی درێژخایه‌نی بۆ پارێزگاری له‌ خۆی له‌ ناوچه‌که‌ چییه‌ به‌تایبه‌ت که‌ سه‌رجه‌م پێشبینیه‌کان وای بۆ ده‌چن ئه‌مه‌ریکا له‌ عێراق ده‌مێنێته‌وه‌‌.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand