Draw Media

لەبارەی درێژكردنەوەی ولایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری

لەبارەی درێژكردنەوەی ولایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری

2021-06-26 16:23:24


عەبدولقادر ساڵح
بە گوێرەی خاڵی یەكەمی كارنامەی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بۆ رۆژی (28/6/2021)، پەرلەمان ولایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی درێژدەكاتەوەو درێژكردنەوەكەش لەرۆژی دوای تەواوبوونی خولی یەكەمیەوە دەستپێدەكات.. بەپێویستی دەزانم لەسەر ئەم خاڵەی كارنامەكەی پەرلەمانی كوردستان چەند سەرنجێكی یاسایی تۆمار بكەم:
یەكەم: سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بە فەرمانێكی تایبەتی هەرێمیی كە لە رێكەوتی 9/7/2013 دەرچووە دامەزراوەو، فەرمانەكەش لەهەمان رۆژەوە كاری پێكراوە، واتە ماوەی ولایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی لە رۆژی 9/7/2013ەوە دەستیپێكردووەو لە رۆژی 8/7/2017 كۆتایی هاتووە، چونكە بەگوێرەی ماددەی (پێنجەم)ی یاسای دیوانی چاودێری دارایی ژمارە (2)ی ساڵی 2008 ماوەی ویلایەتەكە بۆ چوار ساڵە.
دووەم: بەگوێرەی یاسا سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی ولایەتی یاسایی لە رۆژی 9/7/2017 كۆتایی هاتووەو لەسەر ئەم بنەمایەش، تەواوی ئەو بڕیارو كارە یاساییانەی ئەنجامیداوە لەڕووی تایبەتمەندێتییەوە (الاختصاص) لەكەدار بوون بە لەكەی نەبوونی تایبەتمەندێتی (عیب عدم الاختصاص) كە  بێگومان پایەی تایبەتمەندێتی لە نیزامی گشتییەو رێگەپێدراو نیە سەرپێچی بكرێت یان رێككەوتن بكرێت لەسەر پێشێلكردنی.
سێیەم: بەگوێرەی خاڵی یەكەمی راگەیەنراوەكەی پەرلەمان درێژكردنەوەی ولایەتی سەرۆكی دیوان لە رۆژی كۆتایهاتنی ماوەی ولایەتەكەیەوە دەبێت بەو مانایەی كە درێژكردنەكەوە بە ئاسەواری گەڕاوەیی (أثر رجعی) لە رێكەوتی 9/7/2017 ەوە دەبێت، كە بەبڕوای ئێمە ئەمەش بۆ مەبەستی روماڵكردنی لەكەی نەبوونی دەسەڵاتی سەرۆكی دیوانی چاودێری داراییە بۆ تەواوی ئەو كارە یاساییانەی (الاعمال القانونیە) كە لە پاش 9/7/2017 ئەنجامیداوە، لەكاتێكدا هەر كارێكی یاسایی كاتێك لەلایەن دەسەڵاتێكەوە ئەنجام دەدرێت ئەوا پێویستە لەو كاتەدا ئەو لایەنە دەسەڵاتی یاسایی ئەنجامدانی ئەو كارەی هەبووبێت، نەك دواتر بەمجۆرە چارەسەری بۆ بكرێت.
چوارەم: درێژكردنەوەی ولایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی بەو جۆرەی باسكرا هەنگاوێكی بێ پێشینەیەو ناكرێت پەرلەمانی كوردستان وەك باڵاترین دەسەڵاتی تەشریعی  ئەم جۆرە چارەسەرانە ئەنجام بدات، چونكە بەرپرسیارێتی سەرەكی دۆخەكە لەئەستۆی خودی پەرلەمانی كوردستانەو دەبوا لە ساڵی 2017 چارەسەری بكردایە لەبەرئەوەی بەپێی ماددەی (سێییەم)ی یاساكە، دیوان سەر بە پەرلەمانی كوردستانە، گەر پەرلەمان لە دۆخی یاسایی دامەزراوەیەكی بەوجۆرە بێ ئاگا بێت، ئەوا بەداخەوە كۆی كارەكانی دیكەیشی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە. 
پێنجەم: لێرەو لەوێ هەندێك لە كەسانی شارەزاو راوێژكار هەوڵیانداوە بەوجۆرە تەكییفی ماوەی نێوان (9/7/2017 ) تاكاتی درێژكردنەوەی ولایەتی سەرۆكی دیوان بكەن بەو جۆرەی  گوایە دەكەوێتە ژێر باری تێوری فەرمانبەری فیعلی (نضریە الموضف الفعلی) لەكاتێكدا ئەم تیۆرییە بۆ حاڵەتە نائاساییەكانەو مەرج‌و رێسای خۆی هەیە، نەك بۆ حاڵەتێكی ئاسایی وەك ئەوەی روویداوە، بۆیە رێگەپێدراو نیە بۆ پەردەپۆشكردنی تەواوی كارە یاساییەكانی سەرۆكی دیوان، تیۆری فەرمانبەری فیعلی بەكار بهێنرێت.   
شەشەم: بە گشتی ئەم جۆرە هەنگاوانە بەبروای ئێمە كاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر  شكۆی یاساكاری و رەچاونەكردنی نیزامی گشتی، چاوەروان ناكرێت دەسەلاتی تەشریعی بەم جۆرە دوای چوار ساڵ بیری بكەوێتەوە سەرۆكی یەكێك لە دامەزراوەكانی كە سەر بە دامەزراوەكەی خۆیەتی ، چوار ساڵە بە نایاسایی لە پۆستەكەی ماوەتەوە  و لە كاتی ئێستادا بەم جۆرە هەنگاوانە هەوڵبدات چارەسەری بكات.  

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand