کۆتایی ھیوا ..کۆتایی ئەخلاق و دڵسۆزی؟

Draw Media

2021-06-19 11:34:01



ئەبوبەكر عەلى

 

ماوەیەکە نەخۆشخانەی ھیوا، لە شوێنێکەوە بۆ گێرانەوەی ھیوا بۆ ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجە ھەوڵی بێھواکردنیان دەدا، بۆتە سەرچاوەی نیگەرانی بۆ   ئەو نەخۆشانەو کەس و کاریان، بە تایبەتیش ئەو بەشە لەوان،  سەر بە توێژە نەدارو کەم دەستەکەی کۆمەڵگەن، لەدوای خودا ئومێدیان بەو خزمەتانەیە،  لەم نەخۆشخانە پێشکەشیان دەکرێت، کە لەسەر ئاستی عێراق باشترینەو جێگەی شانازی سلێمانی و ھەموو ھەرێمی کوردستانە.

 لە ڕاستیشدا ئەو ھەواڵە ناخۆشانەی دەربارەی جۆری مامەڵەکردن لەگەڵ پزیشك و کارمەندان و پارەدارکردن بۆ کرینی دەرمان لە کۆمپانیاکان دە گەن، لە قوڵاییدا  ھاووێنەی نەخۆش و کەس و کارەکانیان، ئێمەمانان و ھەموو پەرۆشانی ئەخلاق و مرۆڤایەتی و شانازییەکان و خەڵکە دڵسۆزەکەی بریندارکردووە، بە تایبەتیش کاتێك ھەندێك لە ئاماژەو بەدواداچوونەکان پێمان دەڵێن، لەپاڵ کەمتەرخەمی حکومەت، ئەگەری تەماح و  بەرژەوەندی تاکەکەسی و گروپیی، کۆمەڵێ خەڵك و دامەزراوە، لە پشت ئەم  دۆخەوەن؟

محەمەد ڕەئوفی ڕۆژنامەنوس جوانی بۆچوو کە وتی(یەکێ لە کۆڵەکەکانی ھیوا، دڵسۆزیی پزیشك  و کارمەندانی بوو). ماوەیەکیشە بە شێوەی جۆراوجۆر، لەم پایە دەدرێت!! ھەندێ دامەزراوەی تەندروستی ئەھلی کەوتونەتە بردنی کادیرە پزیشکییەکانی ئەم نەخۆشخانە!!  
 ئەمەش لەگەڵ درێژەکێشانیدا، لەپاڵ چارەسەر نەکردنی ڕیشەیی کێشەکان وپشتیوانی زیاتری ماددی ومەعنەوی ئەم پزیشك و کادرە دڵسۆزانە، قۆناغ بەقۆناغ کۆتایی بەو خزمەتگوزاریەی لە ئێستادا پێشکەش بە نەخۆش دە کرێت، دەھێندرێت؟! یاخود لانی کەم بەشێکی نامێنێت؟! چونکە پارەو دەستکەوتی زۆر وا لە نەخۆشی شێرپەنچەدا، تەنھا سلێمانی ڕۆژی حەوت کەس دەچنە ڕیزی توشبوانی شێرپەنجەو لە ئاستی ھەرێمیشدا نزیکەی (٢٠) کەس. ھەندێ ڕۆژیش  ھیوا پێنجسەد سەردانیکەری ھەیە.  پشتڕاستبونەوەی ئەم ئەگەرو خوێندنەوەش لە داھاتودا کارەساتە، چونکە ھەوڵدان بۆ ھەرەسپێھێنانی ھیوا، لە سەردەمی بێھیوایدا، ئۆباڵێکی یەکجار قورسی، ئەخلاقی و ئینسانیش دەخاتە ئەستۆی، ھەموو ئەو بەرپرس و کاربەدەستە حیزبی و حکومی و بازرگانانەوە، کەلە پشت  تاوانێکی لەم جۆرەوە  بووەستن.  لەوسۆنگەوە کە ھەموو شتێك قابیلی کڕین و فرۆشتن وبازرگانی پێوەکردن نیە، مرۆڤ ھەستی ھاودەردی لەگەڵ ھاوجۆری خۆی لەدەستدا، بەشێکی زۆر لە ئینسانیەتی لەدەست دەدات، (کانت)ی گەورە فەیلەسوفیش فێرمان دەکات، ھەر دۆخێك مرۆڤ تیایدا کرا بە ئامراز دۆخێکی نائەخلاقیە، لەبەرئەوەی دەبێت مرۆڤ ھەمیشە وەك ئامانج بمێنێتەوە. 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand