هیوای بێهیواکان

Draw Media

2021-06-17 11:44:17



پەیكار عوسمان 

ئەگەر "ئەرك" دڵی مرۆڤبوونبێ، "ماف" دڵی مرۆڤایەتییە. "مرۆڤبوون" بە مانای بوونە تاکانەکەی ئینسان و "مرۆڤایەتی" بە مانای بوونە گشتییەکەی ئینسان.
"مرۆڤ" چیرۆکە گەورەکەی خۆیەتی و ئەو چیرۆکێکی لە خۆی گەورەتری نیە. ئەفسانەو ئایین و زانست و ئایدۆلۆژیاکان، چیرۆکی زەبەلاحی مرۆڤن، بەڵام دواجار مرۆڤ بە هەموو چیرۆکەکانی تریشەوە، هەر ئەبێ ببێت بە خۆی، یەعنی بە مرۆڤ و ڕێگایەکی تری نیە.
مرۆڤ لەوێوە ئەبێت بە مرۆڤ، کە دوو بوونی هەبێت. بوونێکی تاکانەو بوونێکی گشتانە.
بوونە تاکانەکەی مرۆڤ، خۆتەکاندنە لە هەر شتێکی پێشوەختەی دەرەوەی خۆی، کە ئینسانی پێ ئەچێتە دۆخی مێگەل و ناچاریی. یەعنی وەرگرتنەوەی عەقڵی خۆت، لە عەقڵی جەمع و وەرگرتنەوەی ئیرادەی خۆت، لە ئیرادەی جەمع و جیاکردنەوەی بوونی خۆت لە بوونی جەمع. 
لێرەدا ئیتر تۆ هۆشیاریت بەوەی کە لەدەرەوەی بوونە کۆییەکان، بوونێکی سەربەخۆت هەیەو چیتر ئەوە سیاسی و مەلاو کۆمەڵگاو حیزب و دەوڵەت نین کە ئاڕاستەت ئەکەن، بەڵکو بوونی خۆت، بەرپرسیارێتی ئەخاتە سەر شانت و تۆ هەر بەوەی کە مرۆڤیت، ئیتر بە ئەرکی خۆتی ئەزانیت، کە شتانێك بکەیت و نەکەیت. یەعنی  مرۆڤ، مرۆڤە بەوەی کە تێیدایە، نەك بەوەی کە تێ ی ئەکرێ. مرۆڤ مرۆڤە "بە خۆی"، نەك بە ئیملائاتەکانی کۆمەڵگاو فەزای دەرەوە.
بوونە گشتانەکەش ئەوەیە کە، کاتێك مرۆڤ خۆی لە تاکێتیدا ناسی، ئیتر خۆی لە گشتێتیشدا ئەناسێ و هۆشیار ئەبێ بەوەی کە مرۆڤ، هەر تەنیا تاقانەیەکی ئازاد نیە، بەڵکو ئەو یەکسانیشە بە تاقانەکانی تر. ئا ئەم یەکسانییەش مافی یەکەم و دایکی هەموو مافەکانی ترەو ئا لێرەشەوە ئەچینە قۆناغی گشتی و "مرۆڤایەتی"!
یەعنی ڕێگای ماف و مرۆڤایەتی، بە مرۆڤبووندا تێئەپەڕێ و مرۆڤبوونیش قۆناغی ئەرکە. تۆ ئەو کاتەشی کە ئەچیتە ناو سیاسەت و فەزای گشتی، هەر لەوێوەیە کە وەکو مرۆڤێك بە ئەرکی ئەخلاقی خۆتی ئەزانیت، کە بۆ حەق و عەدالەت تێبکۆشیت. لە ئەنجامی ئەم ئەرکە فەزیلەتمەندانەیەی تاکیشەوە، ئەچینە قۆناغی مرۆڤایەتی و ماف!
مەسەلەن بۆچی کوردو فەلەستینی و جەزائیریی.. خەبات و قوربانییەکی زۆریش ئەدەن و دواتریش ناگەنە قۆناغی ماف، وەكئەوەی کە ئەوروپییەکان گەیشتن؟ چونکە جەزائیر لە خەباتێکی "مێگەلانەدا" ملیۆنێك شەهید ئەدا، بۆیە ناکەوێتە ناو ماف و عەدالەت و ئەچێتەوە ناو ستەم. بەڵام ئەوروپییەکان لە خەباتێکی "ڕۆشنگەرانەدا" قوربانییەکانی خۆیان دا، بۆیە هەنگاوی گەورەیان نا لە بواری ماف و عەدالەتدا.
یەعنی ئەوە زیندوێتی و فەزیلەتمەندی تاكە، کە بنەمای دەوڵەت و کۆمەڵگایەکی نمونەیی و زیندووەو ئەمەش خەیاڵ و یۆتۆپیا نیە. بەڵکو بە خەیاڵزانینی ئەوە، بیانووە بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی تاك و درێژەپێدانی قۆناغی مێگەلیی "بێ مافیی"!
لەناو مافەکاندا، مافی نەخۆش، یەکێکە لە هەستیارترین و ناسکترین مافەکان. چونکە لێرەدا جگە لەوەی مرۆڤێكمان هەیە کە شایستەی هەموو مافەکانی مرۆڤە. دۆخێکی تایبەتیشی هەیە، کە لە سەرو مافەوە، نازیشی ئەداتێ! جا ئەم بەزمەی خەستەخانەی هیوا، بەسەرهاتێکی بیرهێنامەوە. ئەڵێن ڕۆژێك عەبدولکەریم قاسم، ئەچێتە نانەواخانەیەك، ئەبینێ ڕەسمێکی گەورەی خۆی هەڵواسراوەو نانەکانیش زۆر بچوکن. ئیتر بە کابرای نانەوا ئەڵێ، ڕەسمەکەی من بچوك بکەرەوەو تۆزێ نانەکەت گەورەبکە. جا هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، بە "یەکێتییە نوێکە" بڵێن، شەڕە پەیج و جنێوەکانی لەگەڵ پارتی کەمبکاتەوەو تۆزێ خزمەتەکانی ناوچەکەی خۆی زیاد بکات.
کاتێك کە هەموومان شاهیدی ستەم و فەسادی پارتین، ئەبوو ئیتر سیاسەت بریتی بێت لە کردنی ئەو چاکانەی کە پارتی نایکات و لە نەکردنی ئەو خراپانەی کە پارتی ئەیکات. نەكئەوەی سیاسەت بریتی بێت لە جنێودان بە پارتی و لە پشتی ئەمەشەوە کردن و نەکردنی هەمان ئەوەی کە پارتی ئەیکاو نایکا!
کاتێ مۆدێلی یەکەمی ئێمە پارتییەو شتەکەش هەر لەوێوە  خراپبووە، ئیتر سیاسەتی ئێمە لە جیاوازبوون لە پارتییەوە چاكئەبێتەوە، نەك لە دژایەتی پارتییەوە. ئەسڵەن کە لە پارتی جیاوازبوویت، هەر ئەوە خۆی، لێدانە لە پارتی و ئیتر پێویستت بە شەڕکردن نیە لەگەڵیدا. پارتی عەنتەری نێوان کۆپییەکانی خۆیەتی. ئەگەر ئەتەوێ هەم خزمەتێکی گشتی بکەیت و هەمیش پاشەکشێ بە پارتی بکەیت، شەڕەکانت لەگەڵ پارتی زیاد مەکە، لێکچوونەکانت لەگەڵی کەمکەرەوە.
کاتێ لەبەردەم دەسەڵاتێکدایت کە ئەرکی خۆی نازانێت، ئیتر چارەسەر هاتوهاوارو چەلەحانێ ی زیاتر نیە، چارەسەر ئەوەیە کە ئیتر تۆ ئەرکی خۆت بزانیت. تا ئینسانەکان شان نەدەنە بەردەم ئەرکی خۆیان، کۆمەڵگا ناگاتە مافەکانی خۆی. بۆیە نابێ چیتر دانیشین بە دیار دەسەڵاتی گەندەڵ و موعارەزەی قسەوەو هەر خەریکی گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو شتانەبین، کە حکومەت نایکات. بەڵکو ئەبێ ئیتر ئینسانەکان بچنە ناو ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆیان و هەرکەس خۆی، ئەوەبکات کە پێویستە بیکات. 
بارەکەش لێرەوە ڕاست ئەبێتەوە، نەك لەوێوە کە هەریەك بە مشتێ قسە، ئەرکەکە هەڵئەداتە سەر شانی ئەویترو ئیتر کەس هیچ نەکات. بەرگریکردن لە نەخۆش، پێشئەوەی کردەیەکی دەزگایی بێت و پێویستی بە دەسەڵات و موعارەزەبێت، کردەیەکی ئەخلاقییەو پێویستی بە مرۆڤە. مرۆڤیش مەبەستم کەسێکە کە فەزیلەتمەندەو حەقی مرۆڤبوونی خۆی ئەداو ئەرك و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ ئەکات، نەك جەماعەتی "سواڵ و تیجارەتی بەخشین" کە ئەوەش هەر جۆرێکی تری فەسادە.
بە حیزب و حکومەت و کۆمپانیاو مافیاکان بڵێن، شتانێك هەیە کە ناکرێ ببێتە گیرفان بۆ پارەکانی ئێوە. مەسەلەکەش کەرتی گشتی و تایبەت نیە، مەسەلەکە کەرتی چەتەیی و چاوچنۆکییە، کە تەنانەت تەماعی لە سەرەتانیشدا هەیە! ئاخر ئەو جۆرە کەسانە لە نێوان ژیان و مالئاواییدان و ئەو نێوانەش شوێنی دڵڕاگرتن و گرنگیپێدانە نەك شوێنی تیجارەت و قازانج. ئاخر ئەوان لە لیواری مەرگدان و ئەو لێوارەش، شوێنی خێراکردنی ژیان و خاوکردنەوەی مردنە، نەك بە پێچەوانەوە.
ئاگاداربە ئێستا، جگە لە ململانێکانی پێشوو، ململانێیەکی تریشمان هەیە، لەنێوان بەرەی قەیوان و بەرەی دژەقەیوان، کە هەریەکەیان کۆمەڵێك حیزب و بنەماڵەو باڵ و پەیج و ڕاگەیاندن و دەزگای لە پشتەوەیە. کە ئەمەش لە هەردو لاوە هەر ململانێ ی چەتەکانەو پێویست ناکا بکەوینە ناوی. مرۆڤی هۆشیار، کێشەکەی لەگەڵ کۆی چەتەگەرییدایە، نەك لەگەڵ بەشێكی. بەرگریکردن لە نەخۆشخانەی هیواش، ئەبێ لە ئەرك و بەرپرسیارێتی مرۆڤانەی خۆمانەوەبێ بەرامبەر بە مافە گشتییەکان و شتێکی گەورەتربێ لە ململانێی ناوخۆی چەتەکان و شەڕی قەیوان و ناقەیوان.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand