Draw Media

ئەرکە یاساییەکانی هەرێم و ناوەند لە یاسای بوودجەدا

ئەرکە یاساییەکانی هەرێم و ناوەند لە یاسای بوودجەدا

2021-06-16 14:40:21


رێبوار محەمەد
 

هەرێم و ناوەند دوای زنجیرە دانوستانێکی ماوە درێژ دواجار گەیشتن بە جۆرە تێگەشتنێک و ئەمەش خرایە نێو چواچێوەیەکی یاساییەوە، بەمەش شتێک نەماوەتەوە پێی بوترێ  رێکەوتنی هەرێم و ناوەند یاخود جێبەجێ کردنی رێکەوتن، بەڵکو ئەوەی ئێستا بەرکارە یاسای بودجەی گشتی عێراقە بۆ ساڵی ٢٠٢١ ، کە دەبێ هەردوولا ( هەرێم و ناوەند ) ئەو ئەرکە یاساییە داراییانە جێبەجێ بکەن کە بە پێی یاسای ناوبرا و خراوەتە ئەستۆیان .
ئەرکە یاساییەکانی هەردوولا ( هەرێم و ناوەند ) لە یاسای ناوبراودا دیاری کراوە و باسی چۆنیەتی جێبەجێ کردنیشی کراوە، و بەشێوازێک رێکخراوە کە دەبێت یەکمجار حکومەتی هەرێم ئەرکە یاساییەکانی خۆی جێبەجێ بکات، خۆ ئەگەر هاتوو هەرێم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ نەکرد ئەوا بۆی نیە داوای بەشە بووجە لە ناوەند بکات ، هەربۆیە ئێمە پێمان وایە ، (بەپێچەوانی بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراقەوە)، ئەگەر  حکومەتی هەرێم پێش جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سکاڵا لەسەر ناوەند تۆمار بکات بەزیانی خۆی دەشکێتەوە .
لێرەدا کورتەی ئەرکە یاساییە داراییەکانی هەرێم و ناوەند لە چەن خالێکدا دەخەینە روو بەو شێوازەی لە یاسای بووجەدا هاتووە : 

یەکەم / حکومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە بەرهەمهێنانی رۆژانەی ( ٤٦٠ ) هەزار بەرمیل نەوتی خاو ، وە پاش دەرکردنی بری پێویست بۆ انتاج و نقل و تشغیل و بری پێویستی بەکار‌هێنانی ناوخۆیی ، دەبێت ئەو بڕەی  دەیدات بە ناوەند لە بڕی نرخی ( ٢٥٠) هەزار بەرمیلی رۆژانە بەنرخی سۆمۆ کەمتر نەبێت ، ئەمەش  بەهەماهەنگی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی هەرێم جێبەجێ دەکرێ ئەمەش بەپێی مادەی ( ١١/ پانیا / ٢) لەیاسای بووجە، ئەم خاڵەش لە رابردوودا پرسی سەروەری فرۆشنی نەوتی هەرێمی ووروژاند و ئەمەش بۆچوونی تر هەڵدەگرێ و ئێرە شوێنی باسکردنی نیە .

دووەم / حکومەتی هەرێم پابەندە  بە تسلیم کردنی داهاتە نا نەوتیەکان بە خەزێنەی گشتی عێراق، ئەم حوکمەش بە رەهایی هاتووە و هەموو داهاتە نا نەوتیەکان دەگرێتەوە پشت بەست بە بنەمای ( المگلق یجری علی اگلاقە ) ، بەڵام جێبەجێ کردنی ئەم التزامە کاتێک بەدیدێت و پەسەند دەکرێت کە دیوانی چاودێری دارای عێراق هەستێ بە ووردبینی کردنی سەرجەم ئەو بەیاناتانەی کە پەیوەندیدارن بە داهاتە نا نەوتیەکانەوە ، ئەمەش بە هەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارای هەرێم، لە ئێستادا ئەم پرۆسەیە هەنگاوەکانی دەستی پێکردووە .

سێیەم/ حکومەتی هەرێم قەرزاری بانکی بازرگانی عێراقیە ( بانکێکی هاوبەشە لە نێوان کەرتی گشتی و تایبەت ) دا ، ئەم قەرزە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە لە پشکی هەرێم دەبردرێت بەشێوەیەکی مانگانە ، بەشێوازێک کە دەبێت لە ماوەی حەوت ساڵدا بدرێتەوە ، واتە لە ( ٢٠٢١ – ٢٠٢٧ ) دەخایەنێت ، ئەمرۆش یەکەمین هەنگاونرا بۆ دانەوەی ئەو قەرزە .

چوارەم/ لە پاش جێبەجێ کردنی سەرجەم ئەو ئەرکە یاساییانەی حکومەتی هەرێم کە ئاماژەی پێ درا ، حکومەتی ناوەند هەڵدەستێ بەناردنی پشکی هەرێم لە بووجەی عێراق دوای لێدەرکردنی سەرجەم خەرجیەسیادییەکان ، ئەم خاڵەش لە بێمتمانەیی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی هەرێمەوە سەرچاوەی گرتووە ، واتە دەبێت حکومەتی هەرێم لە پێشدا نیەتپاکی خۆی بسەلمێنێت و ئەرکەکانی جێبەجێ بکات ، بەمانایەکی تر  التزامی حکومەتی ناوەند دروست نابێت تاکو حکومەتی هەرێم التزاماتەکانی جێبەجێ دەکات. 

پێنجەم / حکومەتی هەرێم پابەندە بە پێدانی زانیاری تەواو لەسەر میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم بە ناوەند لە هەردوو بەشی شارستانی و سەربازییی لە ماوەیەکدا کە لە ( ٣٠ / ٦ / ٢٠٢١ ) تێپەرنەکات .

شەشەم / حکومەتی هەرێم پابەندە بە خەرجکردنی شایستەداراییەکانی مووچەخۆران لەو پارەیەی لە حکومەتی ناوەندەوە دەنێردرێت ، پێش هەر خەرجکردنێکی تر . 
لە دوای خستنەرووی ئەرکە داراییەکانی هەرێم و ناوەند بەپێی یاسای بووجە کە باس کرا،  دەتوانین بگەینە ئە ودەرئەنجامەی کە ناردنی پارە لەلایەن ناوەندەوە بۆ هەرێم لەم کاتەدا ئەگەرێکی زۆر قورسە، و حکومەتی ناوەند دەخاتە بەردەم  لێپرسینەوەی  پەرلەمانی ، چونکە وەک باسکرا  حکومەتی ناوەند کاتێک التزامی ناردنی پارەی لەسەر دروست دەبێ کە حکومەتی هەرێم سەرجەم ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات ، بەڵام لە ئێستادا هەرێم زۆرێک لە ئەرکەکانی جێبەجێ نەکردووە.  

*مامۆستای زانکۆ 
 
 

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand