راپۆرت: دره‌و
دوای ماوه‌یه‌كی زۆر له‌وه‌ی وا ده‌رده‌كه‌وت بنیامین ناتانیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل به‌ره‌و له‌ده‌ستدانی ده‌سه‌ڵات ده‌ڕوات، له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی ده‌نگداندا، كێبركێكه توندتر بووه؛ به‌ڵام هێشتا ركابه‌ره‌كانی ئاڕاسته‌یه‌كی روونیان نییه بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات.
سبه‌ینێ ده‌نگده‌رانی ئیسرائیل ده‌نگ بۆ لیسته حزبییه‌كان ده‌ده‌ن، به‌گوێره‌ی سیسته‌می نوێنه‌رایه‌تی رێژه‌یی؛ كورسییه‌كانی په‌رله‌مان دابه‌شبووه به‌سه‌ر كاندیدی ئه‌و لیستانه‌دا.
ئه‌مه ورده‌كاری دیارترین كاندیده‌كانی یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی ئیسرائیله؛ له‌دوای هێرشه‌كه‌ی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماسه‌وه له 7ی ئۆكتۆبه‌ری 2023دا، هێرشێك كه ئاگری شه‌ڕی له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خۆش كرد‌و ئیسرائیل جه‌نگی له‌دژی لوبنان و غه‌ززه راگه‌یاندو هێرشی ئاسمانیشی كرده‌سه‌ر ئێران.
بنیامین ناتانیاهۆ
ناتانیاهۆ لە ساڵی 2009ەوە زۆربەی کاتەکانی لە دەسەڵاتدا بەسەر بردووە، دوای ئه‌وه‌ی بۆ یەکەمجار له نەوەدەکاندا سه‌ده‌ی رابردوودا بوو سەرۆک وەزیران. لە دەرەوەی وڵات بووەتە دیارترین ڕووخساری ئیسرائیل و لە ناوخۆشدا بووەتە کەسایەتییەک كه دابه‌شبوونی دروستكردووه.
لایەنگرانی بە "پاشا بیبی" ناوی دەبەن و وەک ئەو سەرکردە بەهێزە دەیبینن کە ئیسرائیل پێویستی پێیه‌تی بۆ بەرگریکردن لە خۆی لە ناوچەیەکی پڕ له دوژمنکاریدا. بەڵام ناتانیاهۆ شه‌ڕ بۆ داهاتووی سیاسی خۆی دەکات. ئه‌و بە تۆمەتی تاوانی جەنگ لە غەززە لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەوه داواکراوە، لەناوخۆی ئیسرائیلیش بە تۆمەتی گەندەڵی دادگایی دەکرێت، ناتانیاهۆ هه‌ردوو تۆمه‌ته‌كه تاوانی جه‌نگ و گه‌نده‌ڵی ڕەتیدەکاتەوە.
ڕاپرسییەکان ده‌ریده‌خه‌ن ئاستی جه‌ماوه‌ریی پارتی (لیكۆد) له‌دوای هێرشه‌كه‌ی 7ی ئۆكتۆبه‌ری 2023وه دابەزینی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە، ئەمەش وێنەی ناتانیاهۆی شێواندووه وەک سەرکردەیەک کە توانای پاراستنی ئاسایشی ئیسرائیلی هەیە. هەروەها سیاسەتەکانی حکومەتەکەی لە بابەتی ئایین و دەوڵەتدا له‌لایه‌ن زۆرێک لە ئیسرائیلییەکانه‌وه پشتیوانی ناكرێت.
بەڵام ناتانیاهۆی تەمەن 77 ساڵ، چەندین جار توانای بێوێنه‌ی خۆی نیشانداوە بۆ مانه‌وه لەناو دڵی گۆڕەپانی سیاسی‌دا. وتویه‌تی ئەگەر سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەیەوێت دوای هەڵبژاردنەکان حکومەتێکی "نیشتیمانی فراوان" پێکبهێنێت. خۆ ئەگەر هەڵبژاردنەكه بنبەستێکی سیاسیشی لێبکەوێتەوە، دەتوانێت بۆ چەندین مانگ وەک سەرۆکی حکومەتێکی كاربه‌ڕێكه‌ر لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە.
دیارترین ركابه‌ره‌كانی ناتانیاهۆ
گادی ئایزنکۆت:
سەرۆکی پێشووی ئەرکانی سوپایه‌و کوڕێکی لە شەڕی غەززەدا له‌ده‌ستداوه، ئایزنکۆت (66 ساڵ) خۆی وەک کەسێک نیشان ده‌دات كه له ده‌ره‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه هاتووه‌و له پرسه ئه‌منییه‌كاندا تونده. پاشخانی خاكه‌ڕا و ئه‌و قوربانییانه‌ی كه خێزانه‌كه‌ی داویه‌تی، به‌ته‌واوه‌تی هاودژه له‌گه‌ڵ كاروانی دورودرێژی ناتانیاهۆ له پۆسته باڵاكان و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی گه‌نده‌ڵی كه روبه‌ڕووی ده‌كرێته‌وه. ئایزنکۆت سەرکردایەتی پارتێکی نوێ ده‌كات كه سه‌ربه ره‌وتی ناوەندییه به‌ناوی "یه‌شار" كه وشه‌یه‌كی عیبرییه‌و بە واتای پاك یاخود راست و دروست دێت.
نه‌فتالی بینیت
سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشوو (54 ساڵ) ته‌مه‌نیه‌تی، فه‌رمانده‌ی پێشووی هێزی تایبه‌تی (كۆماندۆز) بووه‌و سه‌ربه ره‌وتی راستڕه‌وه، وه‌كو یاریده‌ده‌ری ناتانیاهۆ كاریكردووه‌و سامانێكی زۆری له كه‌رتی ته‌كنه‌لۆژیادا كۆكردوه‌ته‌وه.
له‌چوارچێوه‌ی پارتێكی نوێ‌دا به‌ناوی "پێكه‌وه"؛ هاوپه‌یمانێتی كردووه له‌گه‌ڵ (یائیر لاپید) سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووتر، كه سه‌ربه ره‌وتی ناوه‌ندییه.
پەیامی پارتەکە تیشک دەخاتە سەر چارەسەرکردنی ئەو زەبر و زەنگەی بەسەر ئیسرائیل‌دا هاتووە ئه‌مه له‌گه‌ڵ گەڕاندنەوەی وڵات بۆ سەر ڕێڕەوی خۆی. سه‌رباری ئه‌وه‌ی دوو جه‌مسه‌ری ئه‌م هاوپه‌یمانێتییه له دوو ئاڕاسته‌ی سیاسی جیاواز بوون، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو بووه له شكستهێنان به ناتانیاهۆ له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2021دا.
ئەڤیگدۆر لیبەرمان
وه‌زیری به‌رگریی پێشووی ئیسرائیله‌و ته‌مه‌نی (68 ساڵ)ه، پێشتر هاوپه‌یمانێكی نزیكی ناتانیاهۆ بوو؛ به‌وپێیه‌ی زۆر له ناتانیاهۆ توندڕه‌و تر بوو، ساڵی 2018 ده‌ستی له پۆسته‌كه‌ی كێشایه‌وه‌و سه‌رۆك وه‌زیرانی تۆمه‌تبار كرد به‌وه‌ی زۆر شلی كردووه بۆ چه‌كداره فه‌له‌ستینییه‌كان له كه‌رتی غه‌ززه، به‌مه‌ش ئیتر بوو به یه‌كێك له توندترین ره‌خنه‌گره‌كانی ناتانیاهۆ.
پارته‌كه‌ی لیبه‌رمان كه ناوی (ئیسرائیل ماڵمانه)یه، به‌شێكی گه‌وره‌ی بنكه جه‌ماوه‌رییه‌كه‌ی له ئیسرائیل له‌ناو ئه‌و كۆچبه‌رانه‌دایه كه له وڵاتانی یه‌كێتیی سۆڤیه‌تی پێشووه‌وه هاتوون.
یایر گۆڵان
ئه‌م ژه‌نه‌راڵه‌ی پێشوو كه ته‌مه‌نی (64 ساڵ)ه، ئێستا سه‌رۆكایه‌تی پارتی دیموكرات ده‌كات، كه له‌سه‌ر داروپه‌ردووی هه‌ردوو پارتی (كار)ی مێژویی و پارتی (مێرتز)ی چه‌پ دروستبووه؛ ناوبراو بەهۆی ڕۆڵی لە ڕزگارکردنی خەڵک لە شوێنێک کە لە 7ی ئۆكتۆبه‌ردا لەلایەن حەماسەوە هێرشی کرایه سەر، ستایشی زۆری لێ‌کرا.
کاندیدەکانی کەمپی نەتانیاهۆ
وەزیری دارایی بیزالیل سمۆتریچ (46 ساڵ) و ئیتامار بن گڤیر (50 ساڵ) وەزیری ئاسایشی نیشتمانی روبه‌ڕووی ره‌خنه‌ی زۆری نێوده‌وڵه‌تی بوونه‌وه، به‌هۆی سیاسه‌ته راستڕه‌وه توندڕه‌وه‌كانیانه‌وه به‌رامبه‌ر به فەڵەستینییەکان.
سمۆتریچ سه‌رۆكایه‌تی هه‌وڵی فراوانكردنی خێرای كۆمه‌ڵگه جوله‌كه‌نشینه‌كانی ئیسرائیل ده‌دات له كه‌ناری خۆرئاوا، ئومێده‌واره ئه‌مه ببێته هۆی "له‌گۆڕنانی" بیرۆكه‌ی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی فه‌له‌ستین.
بن گڤیر کە لە ساڵی 2007دا بە تۆمەتی هاندانی ڕەگەزپه‌ره‌ستی لە دژی عەرەبەکان سزا درابوو، داوای سزای لەسێدارەدان بۆ چەکدارە سزادراوەکان و توندترکردنی بارودۆخی زیندانییه فەلەستینییەکان ده‌كات، هه‌روه‌ها داوا ده‌كات ئاسانکاری بكرێت بۆ دەستڕاگەیشتنی ئیسرائیلییه‌كان به چه‌ك.
سمۆتریچ و بن گڤیر هه‌ردووكیان داوای ئه‌وه ده‌كه‌ن فه‌له‌ستینییه‌كان له كه‌رتی غه‌ززه ده‌ربكرێن و ئیسرائیلییه‌كان له شوێنی ئه‌وان جێگیر بكرێن.
هاوپه‌یمان له پارته جوله‌كه توندڕه‌وه‌كان (حه‌ریدییه‌كان)
ساڵانێكه ناتانیاهۆ پشت به دوو پارتی جوله‌كه‌ی توندڕه‌و ده‌به‌ستێت كه بریتین له پارتی (یه‌هدوت هتورا) واتای پارتی ته‌وراتی یه‌كگرتووی جوله‌كه، هه‌روه‌ها پارتی (شاس)؛ ئه‌مه بۆ زامنكردنی مانه‌وه‌ی سیاسی خۆی.
ئه‌م دوو پارته داوا ده‌كه‌ن ئه‌و جوله‌كانه‌ی كه له‌ڕووی ئاینییه‌وه پابه‌ندن له خزمه‌تی سه‌ربازی زۆره‌ملێ ببه‌خشرێن، هه‌روه‌ها داوا ده‌كه‌ن ئاستی به‌شدارییان له بازاڕی كار كه‌مبكرێته‌وه‌و پشت به یارمه‌تی حكومه‌ت ببه‌ستن، ئه‌مه‌ش له سه‌رده‌می جه‌نگی ئێستادا له‌ناو زۆرێك له ئیسرائیلییه‌كان توڕه‌یی دروستكردووه.
ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه ره‌نگه رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه بگێڕن
ئه‌و پارتانه‌ی كه به‌شێوه‌یه‌كی روون پشتگیری له هیچ یه‌كێك له‌و دوو كه‌مپه (ناتانیاهۆ و ركابه‌ره‌كانی) ناكه‌ن، ره‌نگه رۆڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یان هه‌بێت.
له‌ناو ئه‌م پارتانه‌دا، لیستی یه‌كگرتووی عه‌ره‌بی و لیستی هاوبه‌ش هه‌یه، ئه‌م دوو پارته نوێنه‌رایه‌تی كه‌مینه‌ی عه‌ره‌ب ده‌كه‌ن له‌ناو ئیسرائیل‌دا، كه رێژه‌ی نزیكه‌ی 20%ی دانیشتووان پێكده‌هێنێت. له‌پاڵ ئه‌مانه‌دا پارتێكی راستڕه‌وی نوێ هه‌یه به‌ناوی پارتی "عمخا یسرائیل" واتا (گه‌له‌كه‌ت ئیسرائیله) له‌گه‌ڵ پارتێكی تر كه سه‌ربه ره‌وتی راستڕه‌وی میانڕه‌وه به ناوی "یه‌ده‌گ" كه راپرسییه‌كان ده‌ریده‌خه‌ن ده‌نگه‌كانیان له هه‌ڵبه‌زو دابه‌زدایه.