هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین لە زاری بازرگانێکەوە
2021-06-05 21:23:25
(درەو):
یەکێک لەو کەسانەی کە بەنزین لە ئێرانەوە هاوردە دەکات، بەمەرجی ئەوەی ناوەکەی بڵاونەکەینەوە، لەبارەی پرۆسەی هاوردەکردنی بەنزین و فرۆشتن و گرانبوونی نرخی بە نزینەوە قسەی بۆ (درەو) کرد، ئەو دەڵێ بەو قازانجەی کە ئەوان دەیخەنە سەر نرخ، هێشتا دەکرێت لیترێک بە(600) دینار بفرۆشرێت و بەرزنەکرێتەوە، بەڵا قوربان فەوزایە، بەرەڵاییە، كەس لێپرسینەوە ناكات، بەدڵنیاییشەوە دەیڵێم یەك بەنزینی ساغ لەسلێمانیدا نیە.
دەقی گفتوگۆکە:
درەو: ئێوە بە چ نرخێک بەنزین هاوردە دەکەن ؟
بازرگانەکە: ئێستا لە ئێران تەنێك بەنزین بە (440) دۆلار دەکڕین، پێشتر تەنێکمان بە (230 بۆ 270) دۆلار دەكڕی، واتا ئێستا تەنێك بەنزین زیاتر لە (170) دۆلاری چووەتە سەر، بەڵام ئەمە هۆكار نیە بۆ ئەوەی نرخی بەنزین بەمشێوەیە بەرزبێتەوە، چونکە دوێنێ حسابمان كرد بەو قازانجەشەوە کە ئێستا دەیکەین، بەنزینەکە بەبێ تێکەڵکردنی (نەفتا) بدرێت بە بەنزینخانەکان واتە بەنزینێکی پاک بێت، هێشتا دەکرێت لیتری بەنزین بە (600) دینار بفرۆشرێت نەك بەرزبکرێتەوە بۆ (700) دینار.
درەو: ئەی کەواتە هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین چیە؟
بازرگانەکە: وەڵا قوربان فەوزایە، بەرەڵاییە، كەس لێپرسینەوە ناكات، بۆ نمونە پێشتر لە باشماخ تەنیا (25) دۆلار گومرگمان دەدات، بەڵام ئێستا (75) دۆلارمان لێوەردەگرن، ئێستا كوالێتی كۆنترۆڵێكیان داناوە بۆ ئەوەی بەنزینی كەس دەرنەچێت، هەموومان بە وەرقەی كۆمپانیایەكی حزبی (ئیدارەی گشتی یەكێتی) بەنزین دەهێنین، رێژەی 95%ی بەنزینی كوردستان لە باشماخ و پەروێزخانەوە دێت، هیچی لە هەولێرەوە نایەت. هۆكارێكی تر نەبوونی چاودێرییە لەسەر گۆڕەپان و بەنزینخانەكان، حكومەتی عێراقی (25) دینار قازانجی بۆ بەنزینخانە دیاریكردووە، بەڵام لێرە بەگۆڕەپان و بەنزینخانەكانەوە (150) دینار قازانج دەخەنە سەر بەهای لێترێك بەنزین، زۆربەشی (نەفتا)ی تێدەكەن، یەك بەنزینی ساغ لە سلێمانیدا نیە (نەفتا)ی تێ نەكەن، ئەو (نەفتا)یە ئۆكتانی بەنزین خراپ دەكات، (نەفتا) بۆخۆی ئۆكتانی (54)ە، لە وڵاتی ئێمە ئامێری ستانداردمان نیە بۆ پشكنینی بەنزین، ئەو بەنزینەی ئێمە ئێستا تەنێکی بە (470) دۆلار لە ئێران دەكڕین ئۆكتانەكەی (87)ی راستەقینەیە، تێكەڵكردنی ئەو (نەفتا)یە بۆ هەرزانكردن و بۆ خێركردنە، بۆ نمونە تەنێك (نەفتا) بە (320) دۆلارە، بەڵام بەنزین بە (470) دۆلار لە ئێران دەكڕین.
درەو: ئێستا بەرزبونەوەی نرخی بەنزین بەدەستی كێیە؟
بازرگانەکە: خاوەنی بەنزینخانەكانی گروپێكی (واتساپ)یان هەیە، ئەوان خۆیان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان بڕیار دەدەن بەنزین بەچەند بێت و بەچەند نەبێت، چاودێری و لێپرسینەوە نیە، حكومەتی عێراق لیترێك بەنزین بە (425) دینار دەدات بە بەنزینخانەکان و پێویستە بەنزینخانەكان بیدەن بە (450) دینار.
درەو: ئێستا رۆژانە چەند بەنزین هاوردە دەکرێت ؟
بازرگانەکە: بەنزینی ناوخۆمان نیە، پاڵاوگەی (بازیان) لەگەڵ حكومەتی عێراق گرێبەستی هەیەو تەنیا بۆ ئەو بەنزین بەرهەم دێنێت، ئێستا سلێمانی رۆژانە پێویستی بە (2 ملیۆن و 500 هەزار) لیتر بەنزین هەیە، كە رۆژانە دەکاتە (هەزارو 800) تەن، هەمووی لە ئێرانەوە دێت، چونکە ئێستا لە (دوبەی)یەوە بەنزین نایەت، بەهۆی ئەوەی هەم رێگەکەی دوورە هەم نرخەکەی گرانە، پێشتر لە (توركمانستان)ەوە بەنزین دەهات، بەڵام ئێستا كێشەی هەیە، حكومەتی عێراقیش بەشی خۆی ناكات و رۆژانە (8 هەزار) تەن بەنزین هاوردە دەكات.
درەو: نرخی بەنزین هەر لە سلێمانی بەرزبوەتەوە یان لە هەولێریش بەهەمان شێوەیە ؟
بازرگانەکە: نرخی بەنزین لە هەولێریش بەرزبووەتەوە، پاڵاوگەی (كار) ئێستا تەنی بە (570) دۆلار دەدات بە بەنزینخانەكان، واتا لیتری بە (620) دینار دەیدەن بە بەنزینخانەكان، بەنزینخانەكان بۆیان هەیە بە (640) بیفرۆشن، بەڵام لەسلێمانی ئەوەش نەكراوە. پارێزگار بۆخۆی ئاگاداری تەواوی بابەتەكەیە، ئەنجومەنی پارێزگاو قایمقامیەت ئاگادارن، گروپی بەنزینخانەكانە پێكەوە بڕیار دەدەن لەسەر گرانكردنی نرخی بەنزین، ئەوانەی لەو گروپەن هەریەكەیان دەیان بەنزینخانەی لەناو شاری سلێمانی هەیەو خۆیان رێكدەكەون لەسەر گرانكردنی نرخی بەنزین و كەسیش لێپرسینەوەیان لەگەڵ ناكات. لەم چەند رۆژە نرخی لیترێك بەنزینیان لە (620) دینارەوە كرد بە (700) دینار، ئێستا لە هەولێر لیترێك بە (640) دینارە، هۆكاری سەرەكی لێنەپرسینەوەو فەوزاكەیە.
درەو: تۆ دەڵێی پارێزگاری سلێمانی و قایمقامیەت ئاگادارن، ئایا ئەوان بۆ رێگری لە بەرزکردنەوەی نرخ ناکەن؟
بازرگانەکە: ئێمە وەك بازرگانانی بەنزین بە پارێزگارو بەرپرسانمان وت، ئێمە لە ئێرانەوە بەنزین دەهێنین و لە گۆڕەپانەكەی (دكتۆر تەها رەسوڵ) دادەگرین كە شوێنی (30 هەزار) تەن بەنزینی هەیە، ئیتر ئێمە هەموو خەرجیەكان دەخەینە بەردەستی ئێوە، ئێوە خۆتان خێرەكەو نرخەكە دابنێن، خۆیان رازی نەبوون.
درەو: ئێستا کێشەکە تەنیا نرخە یان کوالیتی بەنزینەکەشە ؟
بازرگانەکە: ئێمە تەنیا كێشەی نرخەكەیمان نیە، كوالێتیەكەشی کێشەیە، بڕوا بكەن ئەو (نەفتا)یەی کە تێی دەكەن تەقدیر نەكراوە، ئەو هەموو شێرپەنجەیەی کە هەیە هۆکارە سەرەکییەکەی ئەو تێکەڵکردنەیە، واتا ئێستا سەرەڕای گرانیەكەی، زیانی تەندروستیشی زۆر زۆرە بۆ خەڵك.
درەو: ئێستا بەبڕوای ئێوە لایەنی بەرپرس لەم بارودۆخ و سەرپێچییانە کێیە ؟
بازرگانەکە: پارێزگاری سلێمانی كارئاسانی زۆری بۆ كۆمپانیاكەی زۆنی سەوز كردووە، زۆربەی کارەکانی بەسەرپێچی بۆ کردوون، بۆیە دەستی پارێزگاریشی تێدایەو پشتیوانیان دەكات، نازانم شەریكە لەگەڵیان یاخود نا، بەڵام دەزانم رەش دەكات بەسپی و سپی دەكات بە رەش بۆیان.
درەو: رەنگە پارێزگار هێزی پێویستی نەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم بازرگانییە ؟
بازرگانەکە: ئەوە كارێكی قورس نیە، بە دوو پۆلیس كۆنترۆڵ دەكرێت، ئێمە لەتاران بەنزین دەكڕین لە بۆرسەی ئینەرجی، نرخ دادەنرێت، ئێستا بۆ چوارشەممەی داهاتوو (150 هەزار) تەن بەنزین دانراوە، نرخی تەنێك بە (440) دۆلارە، نمایش كراوە بەو نرخە، كێشەكە ئەوەیە پێشتر كە لەباشماخەوە دەمانهێنا (25) دۆلار گومرگمان دەدا، ئێستا (75) دۆلار دەدەین، واتا بۆ هەر تەنێك (50) دۆلاری چووەتە سەر، تەنكەرێك (23) تەن بەنزین دەهێنێت، واتا بۆ هەر تەنكەرێك (هەزارو 150) دۆلار وەکو گومرگ وەردەگیرێت، ئەوان كوالێتیەكیان داناوە بۆ ئەوەی هیچ جۆرە بەنزینێك دەرنەچێت، پارێزگار مۆڵەتی (250 هەزار) تەن بەنزینی بۆ كۆمپانیاكانی باڵادەستی حیزبی كردووە، ئەمە لە دەسەڵاتی ئەودا نیە، لە دەسەڵاتی وەزارەتی سامانە سروشتیەكانە، كۆمپانیای (ئیدارەی گشتی یەكێتی)، (مۆڵەتی خاڵەسنورییەكان)، (گۆڕەپان و بەنزینخانەكان) بە هەرسێكیان نرخی بەنزین گران دەكەن، ئێمە دەمێكە هەوڵمانداوە ئەو فەوزایە نەمێنێت، پرۆسەكە لەژێر چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگادا بێت، ئێمە دەمێكە هەوڵمانداوە ئەو فەوزایە نەمێنێت، پرۆسەكە لەژێر چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاو پارێزگادا بێت، بەناوی (9) کۆمپانیای هاوردەی بەنزینەوە پرۆژەمان نوسیوە پێمانداون، بەڵام ئەوان تائێستا وەڵامنادەنەوە، پارێزگار وەڵامی كەس ناداتەوە.
درەو: وردەکاری پرۆسەی هێنانی بەنزین و دابەشكردنی چۆنە ؟
بازرگانەکە: پرۆسەکە بەمشێوەیە:
• ئێمه لەبۆرسەی ئێران بە موزایەدە بەنزین دەكڕین، دوای ئەوەی موزایەدە دەكرێت، كێ بۆی دەردەچێت، باری دەكات و دەیهێنێت.
• ئێمە لە ئێران دەیكڕین و پێشتر (25) دۆلار) گۆمرگ هەبوو، ئێستا (75) دۆلارمان بۆ هەر تەنێ لێدەسێنن،
• دواتر ئێمە دەیهێنین و رادەستی گۆڕەپانەكانی تانجەڕۆی دەكەین، گۆڕەپانەكانی تانجەرۆش دوای ئەوەی نەفتای تێكەڵ دەكەن.
• گۆڕەپانەكانیش دوای تێكەڵكردنی نەفتا دەیدەن بە بەنزینخانەكان، بەنزینخانەكانیش بە خەڵكی دەفرۆشنەوە بە لیتر.
درەو: نرخی ئە بەنزینەی لە ئێران دەیکڕن بەپێی کوالیتییەکەی چۆنە ؟
بازرگانەکە: لەئێران بەنزینی (نۆرماڵ)مان بە ئۆكتانی (87) پێدەفرۆشن، (موحەسەن) بەئۆكتانی (91)، بەنزینی (سۆپەر)یش بە ئۆکتانی (95)، وەك ستانداردی نێودەوڵەتی ئێستا تەنیا نۆرماڵ دەهێنین، ئێمە دەتوانین لیتری بەنزین كە دەیهێنین بە (575) دینار بیدەین بە بەنزینخانەکان و ئەوانیش بە (600) بیفرۆشن، ئێمە خۆمان تەنی (15 بۆ 20) دۆلار خێرمان داناوە، بۆ بەنزینخانەکانیش تەنی (40) دۆلارمان داناوە.