میراتی سیاسیی؛ بەرهەم ساڵح بە نمونە
2021-06-03 17:55:44
كەمال چۆمانی
میراتی سیاسیی ئەو دەستکەوتە مادیی و مەعنەوییانەن کە سیاسەتمەدارێک\حکومڕانێک لە ماوەی حوکمڕانییەکەیدا بۆ خزمەتی گەل و وڵاتەکەی بەدەستیهێناون، یان ئەو یادەوەریی و سۆز و بیر و دونیابینییەن کە سیاسەتمەدارەکە لە یادەوەریی خەڵکی بەجێیهێشتون.
هەمو دەستکەوتە مادییەکان، بۆ نمونە قانونێک بۆ نەهێشتنی هەژاریی و بەدەستهێنانی یەکسانیی لە داهاتدا یان پۆڵسی\پڕۆژەیەکی سیاسیی جێبەجێکراو بۆ بەستنەوەی کۆی وڵات بە هێڵی قیتاڕ، هەروەها هەمو دەستکەوتە مەعنەوییەکان، بۆ نمونە کاتێک سیاسەتمەدارێک کار لەسەر بنبڕکردنی رەگەزپەرستیی و هەڵاوێردنی سیاسیی و رەگەزیی و جێندەریی دەکات، پێویستە هێندە گرنگ بن کاریگەرییەکانیان دوای خۆشیان بەجێبهێڵن و ببنە میراتێک هەم بۆ سیاسەتمەدارانی داهاتو کاری لەسەر بکەن و لە ناوەندەکانی پۆڵسی داڕشتن و سیاسەت و قانون-داڕشتندا جێی گفتوگۆ بن، هەمیش لە یادەوەریی خەڵک بمێننەوە و خەڵکی پێ گۆش بکەن و ئەو هەست و بیر و پۆڵسییانە ببنە وێردی سەر زمانی خەڵک.
هەر سیاسەتمەدارێک لە دونیادا دەیەوێت دوای خۆی میراتێکی سیاسیی وا بەجێبهێڵێت کە هەم لەڕوی دەستەکەوتەکانەوە دوای خانەنشینبونی شانازیی پێوە بکات، هەمیش ببێتە هۆی کارتێکردن لە خەڵک و سەرچاوەی سروش بۆیان.
سەرۆک کۆماری عێڕاق بەرهەم ساڵح لە سەرەتای ٢٠٠٠ەکانەوە لە هەرێمی کوردستان دەرکەوتوە. سەرەتا وەک سەرۆکی حکومەتی هەرێم-ئیدارەی سلێمانیی، دواتر وەک جێگری سەرۆک وەزیرانی عێڕاق و وەزیر، دواتریش وەک سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و دواجاریش وەک سەرۆک کۆماری عێراق. واتا لەوەتەی گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، پچڕ-پچڕ نەبێت، هەمیشە یا لە عێڕاق یا لە هەرێمی کوردستان لە لوتکەی دەستەڵات بوە. لەگەڵ ئەوەی ئەو هەمو ساڵە لە لوتکەی دەستەڵات بوە، کەچی ئەو رۆژەی بەرهەم ساڵح ئۆفیس بەجێدەهێڵێت، کاریگەریی تەنها بەسەر ئەوانەدا بەجێدەهێڵێت کە دواجار لەگەڵ ویدا پۆستی پێدان.
هۆکاری ئەوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەرهەم ساڵح سیاسەتمەدارێکە بۆ ئەوە ئیش ناکات چۆن سیاسەتکردن بخاتە خزمەتی خەڵک و وڵاتەوە، ئەو سیاسەت بۆ ئەوە دەکات چۆن سیاسەت بخاتە خزمەتی خۆیەوە. ئەو دو جار هەوڵی دروستکردنی حیزبیدا، هەردو جار شکستیهێنا، ناوەندی بڕیار و هاوپەیمانیی نیشتیمانیی.
شکستی بەرهەم ساڵح بە هۆی ئەوە نەبو توانای نەبێ، یاخود لێهاتویی ئەوەی تێدا نەبێ حیزبێک بەڕێوەببات، بەڵکو بە هۆی ئەوە بو ئەو ئامانجی دورمەودای لە سیاسەتدا نییە، ئامانجەکانی گەل و وڵات نین، ئامانجەکانی وی بەر لە هەرشتێک خۆیەتی. واتا، ببینن چەندە سەرکەوتو بو لەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق بباتەوە، لەبەرئەوەی بردنەوەی ئەو پۆستەش هی توانای خۆی نەبوە، هەمیشە لە سێبەری ئەوانیدی سیاسەت دەکات جا چ سێبەری یەکێتیی و ماڵی تاڵەبانیی بێت یان سێبەری مەسعود بارزانیی و پارتیی. بۆ نمونە، بێهەڵوێستییەکانی بەرانبەر داگیرکاریی تورکیا و بێدەنگیی نواندنی بەرانبەر گرتن و سزادانی رۆژنامەنوسان و چالاکان لە هەولێر.
ئەو ئەخلاقە خۆپەرستانەی بەرهەم ساڵح و هەمیشە سیاسەتکردن لە سێبەری ئەوانیدیکە، وای کردوە بەرهەم ساڵح هیچ سودێک لە توانا و لێهاتویییەکانی نەبینێت و سیاسەتمەدارێکی بێکەڵک بێت. کاتێک سەردەشت عوسمان تیرۆرکرا، کاتێک خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات بەر گولە دران، بەرهەم ساڵح بێدەنگ بو.
وا بۆ چوار ساڵ دەڕوات بەرهەم ساڵح لە بەغدادە، ئێستا ئەگەر لێی بپرسین ئەو میراتە چییە لەو چوار ساڵە دروستتکردوە، مەگەر وەڵامەکەی تەنها ئەوە بێت کە سەردانێکی شەقامەکانی بەغدادی کردوە.
زۆر گرنگە سیاسەتمەدار میراتێکی سیاسیی پڕ شانازیی بەجێبهێڵیت، میراتێک سیاسەتمەدارانی دوای خۆت نەتوانن سیاسەتەکانن ئاسان وەلابنێن و بشبیتە سەرچاوەی هاندان و سروش بۆ نەوەی سیاسەتکاری دوای خۆت. بەڵام بەرهەم ساڵح سیاسەتکردنی لە خۆیدا کورتکردەوە، خەونە سیاسییەکانی لەو شوێنە کۆتایی دێن کە بەو پۆستە دەگات کە خۆی دەیەوێت. نیگەرانییەکانی بەرهەم ساڵح لە سیستەمی سیاسیی و ئابوریی هەرێمی کوردستان تەنها ئەو کاتە بوە کە خۆی لە دەرەوەی سیستەم بوە، کەچی کاتێک خۆی دەخرێتەوە ناو سیستەم، تەنانەت دۆستە هەرە نزیکەکانیشی جێدەهێڵێت، هەربۆیەشە بەشێکی سەرەکیی نەیارانی بەرهەم ساڵح ئەوانەن کە پێشتر بەرهەم پۆستی باڵای پێدابون.
بەرهەم ساڵح لەوانەیە چوار ساڵی تریش ببێتەوە سەرۆک کۆمار، لەوانەیە پۆستی باڵاتریش وەربگرێت، بەڵام چونکە میراتی سیاسەتەکردنەکەی تەنها بۆ خودی خۆی بوە، دوای ئەوەی ئۆفیس بەجێدەهێڵێت، کەسێک نابێت ئەو میراتەی لێ وەربگرێت. بەرهەم ساڵح نە توانی رەوتێک دروستبکات، نە فیکرێک پێشبخات، تەنانەت نەیتوانی کۆمەڵێک پۆڵسییش پێشبخات، ئەوانەی پێشیشخستن کوژران چونکە خۆی لە سێبەری ئەوانیدی سیاسەتی کرد و دەکات نەک خۆی سیاسەت بسەپێنێت.
بەرهەم ساڵح پۆتێنشیەڵی ئەوەی تێدا بو نوێنەرایەتیی رەوتێک بکات. داخستنی هاوپەیمانیی نیشتیمانیی و پەیوەندییکردنەوە بە یەکێتییشی بەوە پاساودا کە دەیەوێت لە سەرۆکایەتیی کۆمارەوە شتەکان بگۆڕێت و تێکشکانی وێنەکەی خۆی راستدەکاتەوە، بەڵام چوار ساڵی رابردو نیشانیداین ئەو هەر دەیەوێت لە سێبەری ئەوانیدی بێت، ئەو هەر دەیەوێت بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت و خەونی وی بونەوە سەرۆک کۆمار و پاراستنی بەرژەوەندییەکانیەتی نەک گۆڕانێکی سیاسیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
بێگومان من ئاگایی ئەوەم هەیە بەرهەم ساڵح بە بەراورد بە زۆربەی سیاسەتمەدارەکانی تردا تواناکانی زیاترن، سەردەمی ئەویش کۆمەڵێک پڕۆژە ئەنجامدراون، بەڵام ئەو پڕۆژانە ئەگەر بەرهەم ساڵحیش نەبوایە، کەسێکی تر دەیکرد لەوانەیە بەرهەم ساڵح باشتر کردبێتی، بەڵام ئەوە میراتی سیاسیی نییە، ئەوەی بەرهەم ساڵح کردی بودجەی بەغداد و نەوت و فشاری جەماوەر بو. بەڵام ئاکاری هەرەناشیرین کە بەرهەم ساڵح دروستیکرد، ئەوە نەبو وەک هەندێک دەڵێن خەڵکی لە سیاسەتکردن بێئومێد کرد، چونکە ئەو تەنها گروپێک کەسی دەوروبەری خۆی بێئومێد کرد نەک خەڵک، بەڵکو ئەوە بو کە دیاردەیەکی هێنایە ناو سیاسەتی کوردییەوە کە بۆ بەدەستهێنانی خەونە سیاسییەکەت، زۆر ئاسایییە هەمو بەهایەکی پێشتر کە بڕوات پێبوە بەجێیبهێڵیت. لەوەشیاندا زیاتر رێچکەی جەلال تاڵەبانیی مامۆستاکەی گرت کە هەمان کاری ئەنجامدا و مێژوی تەواوی یەکێتیی و ململانێی لەگەڵ پارتیی و ماڵی بارزانیی بە نەفرەت کرد بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار.