کوردستان و پەیوەندی دیپلۆماسی تاکە کەسی.
2021-06-02 18:50:59
فازڵ کوردی
وەک سەربازێکی وون و کەسێکی سەربەخۆ هەر کارێکم کردبێ، بابەتێکم نوسیبێ، یان دیمانەیەکم کردبێ هەمووی گوزارشت لە بیروبۆچوونەکانی خۆمیان کردوە، پەیوەندی بەهیچ لایەنێکەوە نەبووە.
وەک دیموکراتخوازێکیش بەرگری و داکۆکی سەرسەختم کردوە و لە پایەکانی دیموکراسی لەمانە: سەروەری یاسا، خەباتی مەدەنی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، ئازادی بیروڕا، سەربەخۆیی دادگاکان، بێلایەنی هێزی چەکدار لە ململانێ سیاسیەکان، مافی چارەنوس و پێکەوەژیانی نەتەوە و پێکهاتەکان.
لە هەمان کات وەک هاوڵاتیەکی ئەمریکی بەڕەگەز کورد، لە ڕیزی پێشەوەی بەرگریکاری سەرسەخستی ئەو پرینسیپ و بەها دیموکراتیانەم کە مرۆڤایەتی لەسەر دەمەزراوە، لەگەڵ هەموو ئاستەنگەکان بەڵام هەر بەردەوامم.
بۆسەرخستنی ئەم پرینسیپانە، پڕیارم داوە شەو و ڕۆژ بخەمە سەریەکتر بۆ ڕیسواکردنی تێکدەرانی پلان و ستراتیجی ئەمریکا لە دیموکراتیزە کردنی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە گشتی و میزۆپۆتامیا و کوردستان بەتایبەتی لە ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی، چاکسازی لە سیستەمی کارگێڕی، بەدیهێنانی دادی کۆمەڵایەتی، ئازادیە تاک و گشتیەکان.
ئەمریکا تاکە ووڵاتە هەوڵی بەردەوامی بۆ وەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان دەدات بە گشتی لە عیراق و سوریا بە تایبەتی! باشترین نمونەی پشتگیری سیاسی، نامەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو بۆ دواخستنی گاڵتەجاڕی ڕیفراندۆم بۆ ساڵێک پاشان بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی گەلی کوردستان، ئەمریکا ئامادەبوو کە دۆسیەی خەڵکی کوردستان بباتە نەتەوەیەکگرتوەکان و مەجلیسی ئەمن بۆ یەکلایی کردنەوەی دۆسیەی گەلی کوردستان لەڕووی سیاسیەوە!
تاکە دۆکیومەنت هەتا ئێستا خەڵکی کوردستان دەستی کەوتبێ لە ووڵاتێکی زلهێزی وەک ئەمریکا ئەو نامەیەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بوو کە ئەوکات (تێلەرسن)! بەڵام کەسانی نەزان و نەخوێندەوار ئەم کارتەیان لەباربرد و سوتاندیان.
ئەگەر قسە لەسەر کوردستانی ڕۆژئاڤا بێ، ئەوا وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە هاوکاریەکان و پشتگیری ئەمریکا بۆ ئەم پارچەی کوردستان! بەڵام ئەگەر قسە لەسەر هەرێمی کوردستانی عیراق بێ، لە مێژووی ئەمریکا هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە بەم جۆرە ئەمریکا پشتیوانی لێکردبێت لە هەموو ڕوێکەوە، تاکە دۆست و پشتیوانی بۆ دۆسیەی گەلی کوردستان هەتا ئێستا تەنها ئەمریکا بووە:
ئەمریکا لە ١٩٩١وە کوردستان دەپارێزێت، شەڕی ناوخۆی ڕاگرت، ھاریکاری کوردستانی کرد بۆئەوی ھەڵبژاردن بکەن و سیستمی دەسەڵات بە دامەزراوەیی بکەن، لە دەستوری عێراقدا مافی کوردستانی بەرجەستە کرد، جارێکی تر لە ھێرشی داعش کوردستانی پاراست! ئەوە دەسەڵاتی کوردیە کەخێڵەکی و چەتەگەری پیادە کرد و پەرلەمانی داخست و ووڵاتی تاڵان کرد، خیانەت ھەر ئەوە نییە ھێزێکی دەرەکی بێنیتە سەر خاکەکەت! خیانەت دزینی قوتی ھەژارانە، ھەڕاج کردنی نەوتی کوردستانە! بە پێچەوانەوە ئەمریکا ھەل و کەرەستە وئامێری تەواوی خستە بەردەست تا سیستمێکی دیموکراسی و دامەزراوەیی دروست بێ بەڵام دوای دەیان ساڵ نەیان کرد، لە جێی ئەوە کیانێکی سەراوژوری فشەلەی خێڵەکی گەندەڵیان دروست کرد کە خاڵی بوو لە ئینتیما کە بە فویەک هەرەس دێنی و دادەڕمێ.. نموونەی هەرەس و داڕمانەکان زۆرن!
لە بارەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار لە عیراق و کوردستان، بەشانازیەوە خۆم بە یەکێک لە ئەندازیارانی ئەم پرۆسەیە دەزانم.
ئاشکرایە بیرۆکەی ئازادکردنی عیراق لە دیکتاتۆری لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئەوە بوو کە ووڵاتێکی هاوشێوەی کۆریای باشوور دروست بکرێ وە ببێتە پێشەنگی حوکمی دیموکراسی و بوژانەوی لایەنەکانی تری ژیان وەک کشتوکاڵ و پیشەسازی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!
ئەم ئامانجەی ئەمریکا شکستی هێنا لەبەر چەندین هۆکار، کە گرنگترینیان دەست تێوەردانی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەکە بوو کە بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بە دیموکراسی بوون و بوژانەوەی عیراق نەبوون چونکە لە بەرژەوەندیان نەبوو! هەروەها:
*دابەشبوونی شیعە و دروست بوونی چەندین هیزی سیاسی و چەکداری پرۆکسی.
*بایکۆتکردنی سوننە لە حوکمڕانی عیراق و ڕووکردنە هێزە ئیسلامیە توندڕەوەکان.
*دابەشبوونی کوردستان بەسەر دوو بەرە (زۆنی زەرد و زۆنی کەسک-سەوز).
پێویستە بووترێ لەم جەنجاڵەی عیراق پاش ئازادبوونی لە دیکتاتۆریەت، کوردستان هەلی زێڕینی لەبەر دەستدابوو بۆ پێشەنگی دیموکراسی و نوێنەرایەتی گەلی کوردستان بکا، بەڵام خۆگرێدانی هەردوو زۆنەکە بە ئەجێندای وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، ئەو هەلەیان لەدەست دا!!
پرسیارە گەوهەرەکە ئەوەیە، ئایا ئەمریکا بێ هیوا بووە و دەستی هەڵگرتوە لە عیراق و کوردستان؟ بە مسۆگەری نەخێر!
بەپێ ئاگاداریم لە بەرنامەکان و پرۆگرامەکانی ئەمریکا بۆ عیراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی، لە سەرووی هەموویانەوە لە ڕووی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار و تەرخان کردنی دەیان ملیۆن دۆلار و ئامادەکردن و ڕاهێنانی چەندین ڕاوێژکار کە من خۆم بەڕێوەبەری بەشێک بوم لەم پرۆگرامە کە چەند ساڵێکە دەستی پێکردوە و بەردەوامی هەیە.
(ئەم پرۆگرامە بۆ ئەفغانستانیش ڕاستە، لە ئەفغانستان بەرنامەکە زۆر بەچاکی بەرێوەدەچی و بەردەوامیشە)!
لە هاوینی ٢٠١٨ لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەوکات و سەرۆکی هەرێمی ئێستا کۆبوومەوە بۆ کارکردن لەسەر ئەم پرۆگرامە لە ژێر ڕۆشنایی کوردستانی عیراق و کوردستانی سوریا کە خاوەن دوو هیزی چەکدارن و وێنا کراون لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانان بە دوو هێزی دژە تیرۆر و ئاشتی پارێز!
پێویستە بووترێ: (لە ڕوانگەی ئەمریکا، کوردستان یەک ناوچەی جوگرافیە – ئەم تێڕوانینە زۆر گرنگە پێویستە وەبەرهێنانی لەسەر بکرێ، بەڵام تا ئێستا وەک پێویست نەکراوە)!
ئەوەی دڵخۆشکەرە لە کوردستانی سوریا هێزی چەکدار ڕێکخراوە لەژێر ناوی هێزەکانی سوریای دیموکرات، بەڵام گەورەترین بەربەست لەپێش ئەم پرۆگرامە هێزە چەکدارە حیزبیە نا ڕێکخراوەکەی کوردستانی عیراقە!
بۆ بەدواداچوونی ئەم پرسە و بە تەنسیق لەگەڵ (ملحق عسکری) لە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە زستانی ٢٠١٩ لەگەڵ جێگری سەرۆکی هەرێم (مستەفا سەید قادر) کۆبوومەوە، بەڕێزیان ووتی لە سەرۆکایەتی هەرێم بە ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان ڕەشنووسی پڕۆژەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدارمان لە کوردستان ئامادەکردوە و لە سەرەتای سالی ٢٠٢٠ بریاری سەرۆکایەتی هەرێمی بۆ دەردەکەین و دەیکەین بە بڕیار، ئەوکات ئامادە دەبێ بۆ جێبەجێ کردن.
پەیوەندیم کرد بە ملحقی عسکری باڵوێزخانەی ئەمریکا، ووتی سەردانێکی هەولێر دەکەم و لە قونسولگەری یەکتر دەبینین بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداربم لە جولە دیپلۆماسیەکان، ئەوە بوو لە هەفتەی یەکەمی ٢٠٢٠ هات بۆ هەولێر و کۆبوونەوەکی بەرهەمدارمان ئەمجام دا.
ئەوەی کە کوورتی هێناوە هەتا ئێستا و پاش چەندین بەدواداچوون لەگەڵ کاک مستەفا و چەندین برادەری تری گرنگی دەر بەم پرسە، ئێستاش ئەم ڕەشنووسەمان بەدەست نەگەیشتوە!!
سەرنجی گرافیکەکەی سەرەوە بدەن، بەڕوونی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار بناغەی پتەوی کرۆکی چاکسازیە!! چونکە بەبێ هێزی چەکداری ڕێکخراو:
*نە ئەمن و ئاسایش دەپارێزرێ
*نە دامودەزگاکانی حکومەت تۆکمە دەبن و ووڵاتی متمانەیان پێدەکا
*نە یاسا سەروەر دەبێ
*نە بووژانەوەی ئابووری گەشە دەکا
ئەوەی کە پێویستە دەستوبردی لێبکرێ بەتایبەتی لە سەروبەندی پرسی داڕشتنەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان، بەبێ هێزێکی ڕێکخراوی بێلایەن ناکرێ پارێزگاری لە دەستوور بکرێ!
*تەواوکردنی ڕەشنووسەکە و دەرکردنی بڕیاری سەرۆکایەتی هەرێمە بەزووترین کات.
*پتەوکردنی پەیوەندی نێوان باشوور و ڕۆژئاڤا تا دەگاتە مۆرکردنی پەیمانی ستراتیجی.
*ڕۆڵی هەرێم لە زیندوو کردنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا.
*نموونەیەکی بچوکیش: شەڕی (کەپکی حەمەد ئاغا) لە تەنگژەی (وەرتێ) دووبارە نەبێتەوە.
(هیوادارم پڕۆژەی یەکخستن و ڕێکخستنی هێزی چەکدار لە عیراق و کوردستان بە دەردی پڕۆژەکانی تر نەچێ کە لەم دواییە دەست پێکراوە)!!
* سەرۆکی ڕێکخراوی هاریکاری کوردستان - Kurdistan Aid-KAID