پێغەمبەربوون
2021-06-01 16:41:31
د. ئیسماعیل نامیق
دوێنێ پیاوێکی داماوە لەڕانیە ھەر ئەوەندە ووتی من پێغەمبەرم، بێ ھیچ پرسیار و وەڵامێک بەربوونە وێزەی و فەلاقەیان کرد. کەمەشھەدی فەلاقەکردنی ئەم داماوەم بینی، بۆم دەرکەوت کەکاری پێغەمبەران چەند قورس بووە. ئایا ئەزانن زۆربەی پێغەمبەران زۆر لەم پیاوە خراپتریان بەرامبەر کراوە، ئەم پیاوە پۆلیس ھەندێک پاراستی، پێغەمبەری ئیسلام جگە لەئەبوتالیبی مامی کەسی تر نەبوو پارێزگاریی لێبکات، بەویان ئەوت شێت، بەمیش ئەڵێن نەخۆشی دەروونیی ھەیە، ئەو پێغەمبەر بوو، ئەم داماو و بێخەبەر.
ئێستا ئەزانم ئەرکی پێغەمبەران و چاکەخوازان چەند قورس و ئەستەمە، چەند سەختە کەسێک خاوەنی پەیامی گۆڕانکاریی بێت و بیەوێت کۆمەڵگەیەکی دەقگرتوو لەسەر عورف و بیر و باوەڕی کۆن بگۆڕێت.
ئەم پیاوە داماوە باوەڕ ناکەم ستەمی لەکەس کردبێت، نەکەسی کوشتووە، نەکەسی چەوساندۆتەوە، نەدزیی لەکەس کردووە، نەسەروەت و سامانی میللەتی خواردووە، رەنگە تەنھا کاریگەریی نەخۆشیەکەی پاڵی پێوەنابێت ئەو قسەیە بکات، کەچی بینیمان پەرچەکرداری نائاگایانەی کۆمەڵگە چ رۆژە رەشێکی بەسەرھێنا.
باشە ئەگەر گوێیان لێبگرتبا باشتر نەبوو؟ چونکە ئەگەر قسە یان پەیامێکی باشی پێبوایە سودی بۆ کۆمەڵگە ئەبوو، خۆ ئەگەریش ھیچی پێنەبوایە گوێگرتن و بەنەرمی مامەڵەکردن لەتەکیدا سوودی بۆنەخۆشییەکەی ئەبوو.
ئەی کەواتە ئەو خەڵکە بۆ وایان کرد؟ ئەمە پرسیارە جەوھەرییەکەیە لای من. راستە سروشتی مرۆڤ وایە، زۆرجار واز لەبیرکردنەوە و ھەڵسەنگاندنی خۆی دەھێنێت و دوای مێگەل ئەکەوێت، چونکە دوای مێگەل کەوتن سەلامەتترین و ئاسانترین رێگەیە، نەبیرکردنەوەی ئەوێت، نەمەترسیشی ھەیە. رۆیشتن بەئاراستەیەکی پێچەوانەی ئاراستەی مێگەلدا، با ئاراستە دروستەکەش بێت،کارێکی ھەتا بڵێی دژوار و سەختە، لەوە سەختتر و دژوارتر ، بتەوێت ئاراستەی مێگەلەکە خۆی بگۆڕیت، لەھەموو ئەوانە سەختتر و قورستر، مانەوە و بەردەوامبوونە لەسەر ئاراستەی پێچەوانەی دروست، ھەروەھا رێگە گرتنە لە مێگەلبوون و دروستبوونی ئاراستە و خوی مێگەلیی. ھەموو ئەوانە بەئازادکردنی عەقڵ و ماڵ و ھاندانی بیرکردنەوە دەکرێت، لەبەرئەوەی وابەستەبوون لەڕوی عەقڵ و ماڵەوە بەگروپ و کەسی دیکەوە، ئازادیی بیرکردنەوە و ھەڵسوکەوتکردن لەکەسی وابەستەبوو دەسێنێتەوە، دەرەنجام دەیکاتە رەگەزێکی ھەڵمەتبەری مێگەلەکە. پەیامی ھەموو ئایینەکان و پێغەمبەرانیش، ئازادکردنی عەقڵ و ماڵ و ھاندانی بیرکردنەوە بووە، لەپێناو رێگریی کردن لەمێگەلبوون و دوای مێگەل کەوتن، بەڵام بەداخەوە ھەر دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک بەسەر ھاتن و رۆیشتنیاندا، خودی ئایینەکە و پێغەمبەرەکەش کراون بەئامرازی مێگەلبوون، دوای مێگەل کەوتن.