یەكێتیو پارتی دەستیان بەسەر پارەی گومرگو نەوتدا گرتووە
2021-06-01 14:31:45
(درەو):
حكومەتی هەرێمی كوردستان بە لێبڕینیشەوە ناتوانێت موچەی مانگی ئایاری فەرمانبەران خەرج بكات، پارتی داهاتی نەوتو یەكێتی داهاتی گومرگ رادەستناكەن، پارەكەی بەغداد مەرجدار كراوە بەوەی هەرێمی كوردستان دەبێت بەیانی مالیی خۆی رادەست بكات.
ئەمڕۆ یەكەمین رۆژی مانگی حوزەیرانە، زۆرینەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان تا ئێستا موچە مانگی ئایاریان وەرنەگرتووە، تائێستا تەنیا وەزارەتەكانی (تەندروستیو پێشمەرگەو ناوخۆ) موچەیان وەرگرتووە، دوو رۆژی داهاتوو تەنیا موچەی شەهیدانو زیندانیە سیاسیەكان دابەشدەكرێت.
سەرچاوەیەك لە ئەنجومەنی وەزیران بە (درەو)ی راگەیاند، یەكێتیو پارتی پارەی نەوتو گومرگ رادەستی گەنجینەكانی حكومەت ناكەن، بۆیە حكومەت بەلێبڕینی 21%یشەوە، هێشتا ناتوانێت بەسەر یەكەوە موچەی هەموو وەزارەتەكان بدات.
بە لێبڕینی 21%ی موچەوە، تائێستا كۆی پارەیەی كە حكومەت وەكو موچەی مانگی ئایار دابەشیكردووە، نزیكەی (200 ملیار) دینارە لە كۆی (706 ملیار) دیناری خەرجی موچەی موچەخۆران.
ئەمە لەكاتێكدایە، بەشێكی زۆری موچەی وەزارەتی پێشمەرگە، بەدیاریكراوی موچەی نزیكەی (44 هەزار) پێشمەرگە لە لیوا هاوبەشەكان، لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە موچەكانیان دابین دەكرێت.
ئەمڕۆ (1)ی ئایارە، مانگی رابردوو تاوەكو سەری مانگ موچەی هەموو وەزارەتەكان دابەشكرابوو، بەڵام ئەم موچەی مانگی ئایار، بەوتەی سەرچاوەیەكی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیران كە بە (درەو)ی راگەیاند:" پارەی پێویست بۆ خەرجی موچە لە بانكەكاندا نییە، چونكە پارتی داهاتی نەوتو یەكێتیش داهاتی گومرگەكان رادەستی وەزارەتی دارایی ناكەن، ئەمەش بەهۆی ئەو ململانێ سیاسییەی كە لەنێوان هەردوو حزبدا هەیە".
جگە لە داهاتی نەوتو داهاتی گومرگەكان، وەزارەتی دارایی هەرێم كوردستان چاوی لەوەیە، بڕە پارەیەك لە وەزارەتی دارایی عێراق وەربگرێت، وەكو یەكەمین پشكی هەرێم لە بودجەی 2021ی عێراق، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی موچە.
ئێستا وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی لە بەغدایە، سەرچاوەیەك لەناو وەفدەكەی حكومەتەوە بە (درەو)ی وت:" وەزارەتی دارایی عێراق داوای بەیانی مالیی لە وەفدی هەرێم كردووە، ئەمەش كارێكی ئاسان نیەو حكومەتی هەرێم بەمزوانە ناتوانێت ئامادەی بكات".
(درەو) زانیویەتی، جگە لە بەیانی مالیی، بەرپرسانی بەغداد داوای تۆماری فرۆشی نەوتی هەرێمو لیستی موچەخۆرانی هەرێم دەكەن.
بەپێی ئەو رێككەوتنەی كە هەرێمی كوردستانو بەغداد لە بودجەی 2021دا كردویانە، هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت مانگانە پشكی خۆی بودجەی عێراق وەربگرێت، دەبێت رۆژانە داهاتی (250 هەزار) بەرمیل بە نرخی سۆمۆو رێژەی 50%ی داهاتی دامەزراوە فیدراڵییەكان بۆ بەغداد بگەڕێنێتەوە.
مانگی رابردوو سۆمۆ نەوتی بە (65,4) دۆلار فرۆشتووە، واتا كۆی داهاتی ئەو (250 هەزار) بەرمیل نەوتەی كە دەبێت هەرێم مانگانە رادەستی بەغداد بكات، دەكاتە (490 ملیۆن دۆلار) واتا ( 725 ملیار) دینار.
ئەگەر هەرێمی كوردستان نەوتەكەی رادەستی بەغداد نەكاتو بە نرخی خۆی بیفرۆشێت، داهاتی ئەم (250 هەزار) بەرمیلە دەكاتە (412 ملیۆن) دۆلار واتا (610 ملیار) دینار.
لەچوارچێوەی ئەو گفتوگۆیانەی كە كراون، بڕیارە هەفتەی داهاتوو چاودێری دارایی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكات بۆ وردبینیكردن لە داهاتی نەوتیو نانەوتیو لیستی موچەخۆرانو دوای چەند رۆژێكی تر بڕیار لەسەر دیاریكردنی پشكی هەرێم لە یاسای بودجەی عێراق دەدرێت