دەنگی دارەکان
2021-06-01 14:26:28
پەیكار عوسمان
١- تورکیا لە چەن دەرگایەکەوە دێتە ژوورەوە. دەرگای یەکەم ستەمکاریی و تەماعی خۆیەتی و ئەمە خاڵێکە کە نابێ بیپەڕێنین. ئاخر ئەگەر لێرەوە دەستپێنەکەین، ئیتر ئەبین بە بەشێك لە ستەمکارییەکە. چونکە چاوپۆشی لە ستەمکاریی، بەشێکە لە ستەمکاریی!
ستەمکاری تورکەکانیش ڕەگێکی قووڵیی هەیەو بەشێکی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە، هەر لە ئەساسەوە، ئەم ناوچەیە شوێنی سروشتی ئەوان نیەو جێگایەکیش کە هی خۆت نەبوو، ئیتر سنورت نیەو هەرچەنێك بڕۆیت، هەر هی خۆت نیەو هەر بە هێز ئەیکەیت بە هی خۆت! دەی تورکیش چ لە فۆڕمی قەبیلەداو چ لە فۆڕمی ئیمپراتۆریداو چ لە فۆڕمی دەوڵەت نەتەوەدا، هەر وای کردوەو تەنانەت دەوڵەتی مۆدێرنیش، نەیتوانیوە بیخاتە ناو سنورەوە،، لەکاتێکا "سنور" یەکێکە لە سیماکانی دەوڵەتی مۆدێرن و سیستەمی نوێ ی جیهان!
سەیرکە کورد چونکە لەسەر خاکی خۆیەتی، ئیتر سنوری خۆشی ئەزانێ. مەسەلەن ئێمە تا "حەمرین" بە هی خۆمان ئەزانین و هێزیشمان هەبێت، عوزێم و خالس بە هی خۆمان نازانین. بەڵام تورك ئەو حەمرینەی نیەو تا بەسرەش بە هی خۆی ئەزانێت، چونکە لە ئەساسا هیچی هی ئەو نیەو ئەمدیو و ئەودیوی حەمرینەکان، بۆ ئەو فەرقێکی نیە!
خۆ ئەوەی کە کورد داگیرکاریی ناکات، مەسەلەکە هەر ئەوەنیە، کە کورد دایمە کێشەی ناوخۆی هەبووەو سەری چوونە دەرەوەی نەپەرژاوە. هەر ئەوەش نیە کە دایمە ژێردەستەبووەو هێزو دەرفەتی ئەوەی نەبووە. بەڵکو هۆکارێکی تریش، ئەوەیە کە کورد، چونکە لەسەر خاکی خۆیەتی، ئیتر ئەشزانێ کامە ماڵی ئەوەو کامە ماڵی ئەو نیە. ئاخر عادەتەن "حەق" سنوردارەو "ساحێبی حەق" داوای شتێکی ڕوون و دیاریکراو ئەکات. مەسەلەن کورد کە داوای کوردستان ئەکات، ئەزانێ داوای کوێ ئەکات. لەکاتێکا "تەڵەبی ناحەق" هەمیشە غامزو نادیارەو مەسەلەن ئەوەی کە تورکەکان ئەیانەوێ، لەڕاستیدا خۆشیان نازانن کوێیەو هەر ڕۆژەی لە شوێنێکی ئەم جیهانەوە پەلێك ئەهاون!
خۆ چ لە کۆنداو چ لە ئێستاشدا، ململانێ و سیاسەت، هەر "هێز" حوکمی ئەکاو هیشتا مرۆڤایەتی نەپەڕیوەتەوە بۆ ئەو قۆناغە باڵایەی کە عەقڵ و حەق و عەدالەت حوکم بکەن. بەڵام لەناو حوکمی هێزیشدا، جۆرێكمان هەیە، کە هێزێکی ڕووتەو جگە لە هێز خۆی، هەڵگری هیچ مانایەکی تر نیە. مەسەلەن شاڵاوی مەغول، تەنیا هێزو زاڵێتییەکی پەتییەو هیچی تر، بۆیە نەشیتوانی حەزارەت دروست بکات. بەڵام شاڵاوی ڕۆم، ئەگەرچی ئەویش هەر داگیرکاری و هێزو عەزەڵاتە، وەلێ بڕێك ماناو حیکایەتیشی هەیە، بۆیە ئەتوانێ حەزارەت دروستبکاو چەن شانۆیەکی ڕۆمانی و چەن فەیلەسوفێك بەجێ بێڵێ!
عەرەب لە قۆناغی جاهیلیدا، داگیرکاریی ناکات، بەڵکو تەنیا تاڵانیی ئەکات. یەعنی قەبیلەیەك ئەدا بەسەر قەبیلەیەکی ترداو ئەگەڕێتەوە، نەك ئەوەی داگیری بکاو بمێنێتەوە. بەڵام لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا، غەزەوات ئەگۆڕێ بۆ فتوحات و لە تاڵانییەکی ڕووت و بێ پەردەوە، شتەکە ئەبێتە غەنیمەو پاساوی شەرعی بۆ دروستئەبێ، "داگیرکاری و مانەوەش" سەرهەڵدا بە بیانوی بڵاوکردنەوەی دین..
ئەمەش بۆ قەبیلە توركەکان، هەلێکی زێڕینەو پاساوێکی شەرعییان ئەداتێ بۆ کارەکەی خۆیان "داگیرکاری و تاڵانکاریی". بۆیە زۆر بە خێرایی لەگەڵ مەنزومەی خیلافەتدا ئەگونجێن و تێکەڵئەبن. بەڵام کورد تموحەکەی ئەوەنیەو تەنیا ئەیەوێ سەروەری ماڵی خۆی بێت، بۆیە لەگەڵ مەنزومەی خیلافەت، باش تێکەڵ نابێ و بەو جۆرە ناچێتە پێشەوە کە تورك چوو. ئاخر خودی خیلافەت، ئەداتێکە بۆ زاڵێتی و داگیرکاری و تەنیا ئەوانە تێیدا جێ ئەگرن، کە ئامانجیان ئەوەیە!
چیرۆکی تورك و ئیسلامیش، تەنیا مەسەلەی داگیرکاری و تاڵانکاری و هێزو سوڵتەیە، نەك مەسەلەی قیەم و ئیمان و ئەخلاق.. یەعنی لە شوێنیکدا عەرەب دینەکە هەڵئەگێڕێتەوە بۆ وەسیلەی سوڵتەو داگیرکاری، ئا لەم مەیدانەشدا، تورك ئەسپی خۆی تاوئەداو پێشی عەرەبیش ئەداتەوە، بۆیە عەرەب خۆشیان، سەدان ساڵ ئەبنە ژێردەستەی تورك!
ئەم عەقڵیەتی داگیرکاری و تاڵانییەش، تورك هەر لە قەبیلەوە هێناویەتی، تاکو خیلافەت و تاکو دەوڵەت نەتەوەو تاکو تێکەڵکردنی هەردو نەزعەی قەومی و دینی، یاخود هەردو نەزعەی دەوڵەتیی و ئیمپراتۆریی لەلایەن ئەردۆگانەوەو لە هیچ قۆناغێکدا دەستی لێ ی بەرنەبووە،، کە ئەمەش هەمیشە کێشەیە بۆ خۆی و بۆ ئەوانیتریش.
هەڵبەتە کە ئەڵێم ئێمە لەسەر خاکی خۆمانین و تورك لەسەر خاکی خۆی نیە، ئەمە بە دیوێکی ڕەگەزپەرستانەدا ناڵێم و تەنیا مەبەستم شیکردنەوەو تەفسیری مێژوویەك و دۆخێکە.. ئەگینا لە بیرو باوەڕی مندا، هیچ خاکێك هی کەس نیەو هەمووی هەر هی پێکەوەژیانە. چ ئەوەی ئێمە، کە خاکی خۆمانەو چ ئەوەی تورکەکانیش، کە خاکی خۆیان نیە، هەمووی هەر هی پێکەوەژیانە. یەعنی نە مەنتقی خاوەن ماڵیی و نە مەنتقی هێز، هیچیان مەنتقی پێکەوەژیان بەتاڵ ناکەنەوەو "پێکەوەژیان" سەرداری هەموو حەقەکانەو هەر حەقێك تەجاوزی بنەمای پێکەوەژیان بکات، لەڕاستیدا باتڵەو لە حەقێتی کەوتووە!
* جا کێشەی عەقڵیەتی تورك، هەر ئەوەنیە کە عەقڵێکی هێز سەنتەرە. بەڵکو هێز سەنتەرێکی پەتی و مەغۆلییەو جگە لە زاڵێتی هیچ ماناو حیکایەتێکی تری نیە. ئا لێرەشەوەیە کە جگە لە مرۆڤەکان و شارەکان، تەنانەت مریشك و دارو درەخت و ئاژەڵیش لە دەستیان پارێزراو نیە.
ماویەتی