Draw Media

کۆچ مەکەن بۆ دەرەوە!

کۆچ مەکەن بۆ دەرەوە!

2021-05-29 13:57:06


شوان سدیق: ئیتاڵیا
ڕۆژی ١١ی ئایار لەکاتی گەیشتنی ژمارەیەک کۆچبەر بۆ دوورگەی لامپێدوسیای ھەرێمی سیچیلیای ئیتاڵیا.
گەنجێکی ئیتاڵی لەنزیک کۆچبەرەکان ھاواری دەکرد "ئێوە بۆچی ھاتوون بۆ ئێرە؟
"ئێمە خۆمان کێشەی زۆرمان ھەیە، پێویستە حکوومەت ئەم ھەڵەیە ڕاست بکاتەوە ڕێگەندات ئێوەی کۆچبەر بێنە ئیتاڵیا".
ئەم گرتەڤیدیۆیە بەردی دەکرد بەئاو ھێندە ئازاربەخش بوو کەسانێکی زۆریش وەک پشتیوانی کۆمێنتیان بۆ ئەم گەنجە دەنووسی.
بەڵێ ئەمە کۆچبەریە خەڵکی ئیتاڵیا نان لەگەڵ کۆچبەران و بێگانە لەت دەکەن، بەڵام دیارە ھاتنی زۆری کۆچبەرو کێشەی کۆمەڵایەتی و قەیرانی ئابووری بەھۆی کۆرۆناوە بارودۆخەکەی پێچەوانە کردۆتەوەو خەڵکی لە کۆچبەر و بێگانە وەڕەس بوونە!
بەبۆچوونی من، ھەرکەس ھانی ھاوڕێ و ھاونیشتمانیەکەی بدات بۆ کۆچکردن، ھانی دەدات بۆ ئەوەی ئەم مرۆڤە بکەوێتە نێو جیھانێک بەرپرسیاریەتیەکی قورسی دەکەوێتە ئەستۆ تا خۆی دەدۆزێتەوە..
کۆچبەری ئەزموونێکی تاڵە، ژیان لە کۆچبەری و مەنفان ھیچ مانایەک بۆ مرۆڤ نایەڵێتەوە شانازی بەخۆیەوە بکات.
دەبێ ئەو مرۆڤە شەو ڕۆژ بخاتە سەر یەک سەرلەنوێ شانازی بۆ خۆی دروست بکات، بەڵام ئایا زوو دەرفەتی ئەوەی بۆ دەرخسێت ئەم مرۆڤە ھەڵبستێتەوەو گەشە بکات، بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی من دەڵێم نەخێر زۆر قورسە!
کۆچبەر پێی نایە نێو خاکی مەنفا خاڵی دەبێتەوە پێویستە سەر لەنوێ خۆی دروست بکات، چۆن خۆی پێ دەگەیەنێ ئەمە ئەرکێکی قورس و بابەتێکی دیکەیە بەڵام دەبێ ئەو پرسیارەیش لە خودی کۆچبەرەکە خۆی بکرێت..
پرسیارە جدیەکە ئەمە ئایا دەرفەتی خۆ پێگەیاندنی کۆچبەری نایاسایی لە ئێستەدا ماوە لە ڕۆژئاوا؟
تاچەند کۆچبەر لەم زەمەنە نوێیە دەتوانێ خۆی بدۆزێتەوە؟ من چەند خاڵێک ڕوون دەکەمەوە.
یەکەم: پێویستە وەکو دەستپێکی ژیانی ئەو کۆچبەرە مافی مانەوە_ئیقامەی ھەبێ بۆ ئەوەی بتوانێ ژیانێکی ئاسایی بژی.
دووەم: ئیقامە بۆ کۆچبەران زۆر قورسەو ڕەوشی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاوە، جەنگ لە عێراقیش نەماوەو داعشیش نییە. ئەی کۆچبەری کورد دێتە ڕۆژئاوا چی دەڵێت؟
پاشان کۆچبەری کوردی باشوور کۆچبەری سیاسیش نین، ئەوان ناتوانن بەگەیشتنیان بەڕۆژئاوا خەیاڵ و فیکریان لای وڵات و کوردستان نەمێنێ و خۆیان بۆ ئێرە تەرخان بکەن!
پاشان، کۆمەڵێک بابەت ھەیە نابنە جێگای متمانە بۆ ئەوەی کۆچبەر مافی پەنابەری وەربگرن، بەتایبەتی کێشەی بێکاری و ئابووری و نەبوونی دەرفەتی کار!
وڵاتە ڕۆژئاواییەکان ھەرێمی کوردستانی عێراقیان لە بەشەکانی دیکەی عێراق جیاکردۆتەوە، وەکو ناوچەیەکی باش و گونجاو ناوزەندیان کردوە، بۆیە ئەرکی کۆچبەری باشوور قورسترە لە بەرامبەر وەرگرتنی مافی پەنابەری!
سێیەم: لەگەڵ ھاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخەکە چەند قات خراپتر بووە.
دەوڵەتانی ڕۆژئاوا وەکو پێویست بەدەم داخوازی کۆچبەرانەوە نایەن، لەسەر ئاستی گشتی خەڵکی ئەمڕۆ خۆی دوورە پەرێز دەگرێ لەیەک ھەموو ئەمانە لەبەرژەوەندی کۆچبەراندانین.
کاتێ کۆچبەر ھەست بەم پەراوێزخستنە دەکات پەنجەی خۆی دەگەزێ چی ھەڵەیەکی کردوە. بۆیە من دەڵێم تکایە مەیەن ببنە کۆچبەر بەئاسانی شوێنتان نابێتەوە!

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand