هەرێمی كوردستان.. دەوڵەتی قوڵ یان دەسەڵاتی قوڵ
2021-05-29 10:10:35
ئەبو كاروان
چەمكی دەوڵەتی قوڵ یان ڕوونتر بڵێم دەسەڵاتی قوڵ، كە لێرەدا مەبەستمە گفتوگۆی لەسەر بكەم، زۆرجار بەهەمان مانای دەسەڵاتی قوڵ بەكارهاتووە، بابەتێكی سیاسی نوێ نییەو چەندین سەرچاوەو كتێبو نوسین لەوبارەیەوە بڵاوكراوەتەوە.
جەوهەری بابەتەكە ئەوەیە كە كەسانێك لەپشتی دەزگاو دامەزراوەكانەوە بڕیاردەدەنو هیچ پۆستێكی فەرمیان نییە لە دەزگاكانی تەشریعیو جێبەجێكردنو دادوەریدا، هەندێ سەرچاوە ئاماژە بەوە دەكەن توركیا یەكەمین دەوڵەتە كە چەمكی دەوڵەتێ قوڵی تێدا بەرجەستەكراوە، بەوپێیەی مستەفا كەمال ئەتاتورك هەندێ دەسەڵاتی لەسەروی دەسەڵاتەكانی تر بەخشیە سوپاو جەنەراڵەكانی، بەپاساوی پارێزگاریكردن لە عەلمانیەتی توركیا. ئەم شێوازە حوكمڕانییە بە زاراوەی جیاواز پێناسەكراوە لەوانە (دەوڵەت لە نا دەوڵەت یان دەسەڵات لەناو دەسەڵات، لە پشتەوە حوكمڕانی، هاوتەریب، پاراڵێڵ.. هتد).
كەواتە دەتوانین بەشێوەییەكی تر پێناسەی بكەین، كە ئەویش كۆمەڵە كەسانێكن بۆ خزمەتی بەرژەوەندی تایبەتی سیاسییو داراییو كۆمەڵایەتی خۆیان كاردەكەنو كۆسپن لەبەردەم بەدیموكراتیزەكردنی دەسەڵاتو دەستاودەستكردنی دەسەڵات، كۆسپن لەسەر پرۆسەی سیاسیو حوكمی یاساو مافی مرۆڤو ئازادییەكان، لە سەرووی لێپرسینەوەی فەرمی دەسەڵاتدان.
دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنو پێكهێنانی حكومەتو پەرلەمان لە ساڵی 1992، دوو حزبی سیاسی (پارتیو یەكێتی) دەسەڵاتی حوكمڕانی هەرێمی كوردستانییان كەوتەدەستو بەشێوازی پەنجا بە پەنجا سەرجەم كایەكانی بەڕێوەبردنیان دابەشكردو هەرچی بنەمای حوكمڕانی باش هەیە پشتگۆێیان خستو بەپێچەوانەوە كاریانكرد.
هەر لەسەرەتاوە ئەم شێوە حوكمڕانییە لەلایەن حزبو لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵاتو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیو رۆشنبیرانو نوسەرانو سەرجەم چینو تۆێژەكانەوە رەتكرایەوە، ئەوانەی كە ناڕازی بوون لەم دەسەڵاتە، خەباتو تێكۆشانییان چڕكردەوە لە ڕەخنەگرتنو یاداشتو نوسینو زۆرجاریش پرتەو بۆڵەو لێدوانی شەرمنانە، ئەو بابەتانەی كە گفتوگۆیان لەسەر دەكرد لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە جێی بایەخ نەبوونو بەهەند وەرنەدەگیران، داخوازییەكانیان لە دورخستنەوەی دەستی حزب، بەرتەسكردنەوەی ئازادییەكان، پێشیلكردنی یاساو رێساكانو مافەكانی مرۆڤ، یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، تاڵانكردنی سەروەتو سامان، چاكسازی بووە دروشمو بەرامەی ئەو حزبانە، كەچی دەسەڵاتداران لە یەكەمین كابینەوە بچوكترین هەنگاوی چارەسەریان نەبوو، چونكی لای ئەوان بەرژەوەندی حزبو كەسایەتیو بنەماڵە لەسەرووی بەرژەوەندییەكانی گەلو نیشتمانەوە بوون.
بۆیە لێرەدا بنەماكانی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان وەك دەسەڵاتی قوڵو ئامرازەكانی ڕەگداكوتانی پایەكانی دەسەڵاتی قوڵ كە حزبەكانی دەرەوەی دەسەڵات پەی پێنابەنو خۆیان كڕكردووە لە ئاستیدا دەخەمەڕوو:
یەكەم/ دەستێوردانی حیزب، لە هەرێمی كوردستان دووحزبی سیاسی حوكمڕانی دەكەنو لەپشتەوەو بە ئاشكرایش جومگەكانی دەسەڵات بەڕێوەدەبەنو بەرپرسە باڵاكان خاوەن كۆتا بڕیارن لە دامەزراندی بەڕێوەبەرێكەوە تا ئاستی پلە باڵاكان، زۆرجار لە پرسە چارەنوسازەكاندا بەئاشكرا دەوترێ بڕیاری كۆتایی لای فڵان سەركردەو فڵان سەرۆكە، ئەم جۆرە حوكمڕانییە لە هیچ دونیایەكدا بوونی نییە، هاوڵاتیو ئەندامەكانی حزبەكانی تر هەرچییەك بێت تواناو لێهاتو و پسپۆریان لەخواری پلە دووەونو لە هەموو كایەكان بێبەش كروانو مافی هاوڵاتیبوونیان لێ زەوتكراوە، كەواتا دەسەڵاتی حیزب لەسەرووی كۆی دامەزراوەكانی حكومەتو پەرلەمانو دەسەڵاتی دادوەریو پەیوەندییەكانی دەرەوەو بازاڕەوەیە.
دووهەم/ پێشیلكردنی یاسا، ئەم دووحزبە رۆژێك نییە سەركردەو كادرەكانیان یاسا پێشیل نەكەن، خۆیان لەسەرووی یاساوە دادەنێن، تاوانبار داڵدەدەدەن، لەژێر چەتری یاسادا دەیان كەس تۆمەتبارو زیندانی دەكەن.
سێهەم/ پێشمەرگەو ئاسایش، دوو هێزی حزبینو تائێستا یەكنەخراوون، تەنها بۆ وەرگرتنی مووچەو پێداویستییەكانییان گرێدراون بە وەزارەتەكانەوەو پارەیەكی یەكجار زۆریان بۆ خەرج دەكرێت، لە زۆنی زەرد یەكەی 80و زێرەڤانییان هەیەو دوو ناوەندی بەڕێوەبردنی جیاوازیان هەیە، لە زۆنی سەوز یەكەی 70و بەرگریو فریاكەوتنیان هەیەو دوو ناوەندی بەڕێوەبردنی جیاوازیان هەیە، هەتا ئەو لیواو یەكانەی كە بەناو یەكخراونو سەربە وەزارەتی كاروباری پێشمەرگەن، دیسان ئەوانیش بە پەنجا بە پەنجا لەنێوان هەر دوو حیزب دابەشكراون، گەر فەرماندەی لیواكە یەكیتی بێت ئەوا جێگرەكەی پارتییەو ئەم دابەشكردنە شۆڕبوەتەوە بۆ فەوجو یەكەكانی خوارەوەیش.
شەڕی ناخۆی ساڵی 1994و رووداوەكانی 16ی ئۆكتوبەر، سەلماندیان كە ئەم هێزانەی پێشمەرگە وەلائیان بۆ حزبەكانیان لەسەرووی وەلائیانەوەیە بۆ نیشتمان سەرەڕای رێزم بۆ قوربانیو شەهیدەكانیان، لە دروستبوونی هەر كێشەیەكدا لەنێوان ئەم دوو حیزبە لە چاوتروكانێكدا دابەش دەبنو سەنگەر لەیەك دەگرنو چاوەڕوانی فەرمانی حیزبەكانیانن بۆ دەستپێكردنی شەڕ. بەهەمان شێوە هێزەكانی ئاسایش دوو هێزی حیزبینو دابەشبوونە لەنێوان هێزەكانی پاراستنو هێزەكانی زانیاریدا.
ئەم دوو هێزەی ئاسایش سەرەڕای ئەوەی ساڵانیكە یاسایەك دەرچووە بۆ یەكخستنەوەیان تائیستا تاكە كۆبونەوەیەكیان پێكەوە ئەنجام نەداوە، لەوە سەیرتر ئەوەیە زۆرجار كارمەندی یەكتر زیندانی دەكەن بەتۆمەتی جاسوسیكردن بۆ لایەنی بەرانبەرو راپێچی دادگایان دەكەن.
چوارهەم/ حزبی خاوەن پارە، ئاشكرایە لای هەمووان ئەم دوو حزبەو سەركردەو سێبەرەكانیان بونەتە ملیار دێرو ملوێنێر، لەبەرانبەردا حكومەتیكی قەرزارو توانای پێدانی موچەی مووچە خۆرانی نییە، هەرچی كۆمپانیایە هەیە لە هەرێم سەربە ئەم دوو لایەنەنو لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێنو بوونەتە سەرچاوەی كۆكردنەوەی پارە بۆ حیزبو سەركردەكانیان.
ئەم دوو حیزبە لەڕێگای دەسەڵاتەكەیانەوە بە هەموو شێوازێك كاریانكردوەو كاردەكەن بۆ كۆكردنەوەی پارەو دەستكەوتی زیاتر بۆ حزبەكانیان، بۆ نموونە لەسەروبەندی بە یاساییكردنی بوجەی حزبەكان كە دواتر بە یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2014 دەرچوێنرا، لە راپورتی هەردوو لیژنەی داراییو ئابوریو لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستاندا ئاماژە دراوە بەوەی كە پێشتر حزبەكانی كوردستان چەند بودجەی مانگانەیان لە حكومەتی هەرێم وەرگرتووە، ئەوەی تۆماركراوە بۆ پارتیو یەكیتی هەر یەكێكیان مانگانە (35 ملیون) دولاریان وەرگرتووە.
پێشتریش عەدنان موفتی سەرۆكی پێشتری پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكدا دەڵێ:" لە ساڵی 2004وە پارتیو یەكێتی هەر لایەكیان 35 ملیون دولاریان بردوە بۆ خۆیان وەك حیزب"، تەماشاكەن ئەوە یەكێكە لە ئامرازەكانی كۆكردنەوەی پارە بۆ حزبەكانی دەسەڵات لەپاڵ دەیان شێوازی تر، هەربۆیە دەبینرێ حیزب خاوەن پارەیەو حكومەتیش قاسەی بەتاڵ.
پێنجەم/ شەرعیەتی هەڵبژاردن، بنەمای حوكمڕانی ئەم دەسەڵاتە لە هەڵبژاردنێكی پڕ سەختەكارییەوە دەستیپێكردو لەیەكەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانەوە دونیایەك تەزویریان كردو لە ئەنجامدا خودی هەردوو حیزب شەرعییەتی هەڵبژاردنەكەیان رەتكردەوە شان بەشانی حزبەكانی تر، تا كار گەیشتە ئەوەی سیستمی پەنجا بە پەنجا پەیڕەو بكەنو بڕیاردرا دوای شەش مانگ هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە، هەربۆیە لەسەر بنەمای ئەم هەڵبژاردنە ساختەكارییە درێژەیان بەحوكمڕانییان دا تاكو ساڵی 2005.
ئەم دوو لایەنە سیاسییە لەژێر ناوی شەرعیەتی هەڵبژاردن ساڵ بە ساڵو رۆژ لەدوای رۆژ، پێگەی خۆیان بەهێزكردو بەهێزی دەكەن، هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن ساختەكارییان بەشێوازی جۆراوجۆر بەردەوامی هەیەو هەبووە، جگە لە بەكارهێنانی هێزی سەربازیو چاوسوركردنەوەو هەڕەشەی نانبڕینو پارە بەخشینەوەو بەكارهێنانی دامودەزگای گشتیو یاریكردن بە ئەنجامی دەنگدان...
لە كۆتاییدا دەڵێم، بە پشتبەستن بەو بوارانەی كە لەسەرەوە باسمكردن كە لە هەرێمی كوردستان بە زەقی بوونی هەیەو پەیڕەو دەكرێ، بنەماكانی دەوڵەتی قوڵ یان دەسەڵاتی قوڵمان بۆ دەردەخاتو ئامرازەكانی چەسپاندنی ئەو دەسەڵاتەمان بۆ دەردەكەوێ، كەوا پێویست دەكات بەشیوازی جۆراوجۆر روبەڕووی ببینەوەو لەئاستیدا بێ دەنگ نەبین.