ڕێککەوتنی دەباشان لەمام جەلالەوە بۆ لاهوری شێخ جەنگیو عیبرەت لەجێبەجێکردنیدا
2021-05-27 12:55:33
بەختیار نامیقو سەرکەوتی جیهاز
بەگشتی هەر ڕێککەوتنێک لەئێستادا لەهەرێم بکرێت لەسەر ئاستی هەر گروپو ڕێکخراوو حیزبێک بێت لایەنی ئەرێنی دەبێت بەوەی کە بتوانێت کەمێک گرژیەکانی ناو یەکەو پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکان کەمبکاتەوەو بەرەو دۆخێکی هێمنی بەرێت، لەئێستادا کە قەوارەی هەرێم لەمەترسیدایەو ئەمەش لەسەر ئاستی دەرەکی نەشاردراوەتەوەو پێمانوتراوە بەتایبەت نوێنەری نەتەوەیەکگرتوەکان، کە دەبێت لەسەر ئاستی تاک تا دەگاتە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیو حیزبەکان، ڕێککەوتنەکان بکەنە ئەجێندای کاری یەکەمیان، لەم ڕوانگەیەوە ڕێککەوتنی دەباشانی نێوان یەکێتیو گۆڕان یەکێکە لەو هەوڵانەی کە دەکرێت بەنۆژەنەکردنەوەی بتوانرێت ببێتە پاکێجێک بۆ سەر ئاستی گشتی ڕێکخراوو حیزبەکان.
گۆڕان لەهەموو حیزبەکان زیاتر ڕێککەوتنی هەیە، هیچ حیزبێک نەماوە ڕێککەوتن یان داوای ڕێککەوتنی نەکردبێت، لەگشتدا ئەم هەڵوێستەی گۆڕان هەستکردنە بەدۆخی مەترسیدارو پێوستی ئاشتی کۆمەڵایەتی قوڵ، لەم نێوەندەدا ڕێککەوتنی دەباشان کە لەنێوان دوو سەرکردەدا بوو، بەهۆی هەندێ ناکۆکی نەگەیشتە ئەنجامی تەواو، لەئێستادا ڕێککەوتنێک هەیە لەنێوان گۆڕانو یەکێتی کە دەتوانرێت بەیەکێ لەڕێککەوتنە گرنگەکان ناوبنرێت وەک چۆن ڕێککەوتنی دەباشان ئەگەرچی تائاستی پێوستی خۆی کاری نەکرد، بەڵام توانی گرژییەکان وەلاوەبنێو لەزۆنی سەوزدا ئاشتی بەرقەراربێت.
گۆڕان لەئێستادا ڕێککەوتنی لەگەڵ پارتیو یەکێتی هەیەو ئەوەشی ڕودەدا لەنێوان پارتیو یەکێتی هیچ نییە جگە لەبانگەشهی هەڵبژاردنو ئەگەر ڕێککەوتنی نێوان گۆڕانو یەکێتی بخەینەسەر نەخشەی ڕێککەوتنی ستراتیژی ئەوە ئەو ڕاستیە تێدەگەین کە ئەنكەرەو تاران حوکمی هەردوو زۆنەکە دەکەنو ئەوەشی کە ئێستا حکومەتو دامودەزگا دەوڵەتیەکانی هەرێمی تێدا نغرۆ بوە تائاستێک پەیوەندی بەنەبونی ئیرادەیەکی ناوخۆوە هەیە کە بتوانێت لەپاشکۆیەتی دەربازی ببێت، دوبارە ئەمانە ئەرکی بزوتنەوەی گۆڕانە کە بتوانێت بەوردی دەستکاری ئەم نەخشەی دەستەڵاتو دابەشکاریە بکات، ئەمەش دەکەوێتەسەر ڕێککەوتنەکانیو پاراستنی باڵانسی هێزی خۆی لەسەر ئاستی هەردوو زۆنەکە، لەئێستادا ڕیککەوتنی هەیە لەگەڵ پارتیو یەکێتی، ئەمەش یەکێکە لەخاڵە باشەکان لەکاتی ئەم مەترسیانەدا.
ئەو ڕاستیەش زانراوە کە هەردوو زۆنەکە بەپێى بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی نێوان ئەنكەرەو تاران دەچێت بەڕێوە، وەک چۆن لەسەر ئاستی گەورەتر عێراق بۆ ئێرانە بەڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی تورکیا، سوریا بۆ تورکیایەو دەبینین لەلیبیا تورکیا هەیە ئێران دەخالەت ناکات وەک چۆن لەیەمەن ئێران هەیەو تورکیا دەخالەت ناکات، ئەمە تادەگاتە هەرێمی کەرەباخ هەروایە، لێرەش دوو زۆنەکە لەسەر هەمان نەخشەی دابەشکاریە، بەلەبەرچاوگرتنی حکومی واقعی سیاسیو سەربازیىو ئابوری ئەم هەرێمە دەبێت ئەوە لەبەرچاوبگرین کە باڵانسی نێوان ئەم زۆنە لەناوخۆدا نییە لەئەنكەرەو تارانە، هاتنی زەریفی بەگڵۆپی سەوزی تورکیەوە لەبەردەم هەڵبژاردنەکاندا زۆر بڕیاری ناچاری سەپاند.
سەرەڕای هەموو ئەمانە گۆڕان دەیەوێ ئاشتی سیاسیو کۆمەڵایەتی وەک ئەرکی سەرەکی خۆی ببینێو کاری بۆ دەکات، ئەوەی گرنگە بەکردار بونی ڕێککەوتنەکانە، لەدەباشان ڕێککەوتنێک بۆ باڵانسی هێزو ئەم ئاشتیە گشیە بەستراو واژۆکرا، ئەوەی نەیتوانی دەرس لەعیبرەتیەکەی کاک نەوشیروان وەربگرێ ئەوانە بون کە نەیانهێشت لەنوسینەوە ببێت بەکردار.
ئەگەر لەکاتی بونی مام جەلالدا نەوتوانرابێت ڕێککەوتنەکە جێبەجێبکرێتو لەکاتی بونی کاک نەوشیرواندا کێشە بۆ ڕێککەوتنەکە دروستبووبێ، ئەوا لەئێستادا کە واقعێکی ترو دنیایەکی تر هەیە، دەکرێت لاهور لەسەر هەمان ڕەگی دەباشان ئەم ڕێککەوتنە بگەیەنێتە ئەنجامو لەزۆنی سەوزدا بەرەو باشترو قوڵتر بڕۆن، کاتێ دەڵێین لاهور، بۆیە فۆکس بۆ سەر لاهورە، چونکە ئەوە لایەنی گۆڕان نییە کە عیبرەتی وەرنەگرتبێت بەهەموو ڕێککەوتنەکانی گۆڕانو هەمولایەنەکانی تریشەوە، ئەوە لایەنی بەرامبەر بوە ڕێککەوتنەکەی جێبەجێنەکردوە کە دەبێت بۆ ئەم ڕێککەوتنە بەلاهور بڵێین (عیبرەت لەجێبەجی کردندایە)و ئەرکی تۆیە