ئاسۆی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و تورکیا لە سەردەمی ئیدارەی نوێی بایدن
2021-05-26 18:13:42
سەردار هەرکی
پەیوەندی هەریەکە لە سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دونالد ترامپ و سەرۆکی ئێستا جۆ بایدن لەگەل سەرۆکی تورکیا تەیب رەجب ئەردوگان بە شەخێی ناودەبرێت ، هەریەکە بەپێی تایبەتمەندی خۆی ، ترامپ زۆر ئەرینی و بەهێز بگرە گومناویش بوو ، بایدنیش بە پێچەوانەوە چونکە هەمیشە زۆر ئالۆز بوە ، لە چاوپێکەوتنەکی لەگەل رۆژنامەی نیۆیۆرک تایمز لەکۆتایی سالی 2020 بایدن ئەو کات یەکێک لە کاندیدەکانی پارتی دیموکراتى ئەمریکا بوو ، هێرشی توندی کردە سەر ئەردوگان و بە ( گەورە ستەمکار ) ناوی برد وهەڕەشەی گۆڕینی کرد و یەکێک لە شوێنی ئەو دابنێ ، خراپی پەیەوەندیکەی لەگەل سەرۆکی تورکیا بۆ سەردەمی ئۆباما دەگەڕێتەوە کە ئەو کات جێگری بوو ، ئەو کاتە ئەردوگان پێی وابوو ئەمریکا داڕێژەری کودەتای سالی 2016 بووە ، سلێمان سویلو ئەندامی دیاری ئەنجومەنی وەزیران لە حکومەتەکەی ئەردوگان بە ڕونی وتی ( ئەمریکا ئەندازیاری کودەتایەکەیە ) گومانی تێدا نیە کە ئەم لێداوانە بێ ڕەزامەندی ئەردۆگان نەبووە ، ڕاستە ئەمریکا پێنج حەفتە دواکەوت لە پرۆتستۆکردنی ئەو کودەتایە بەڵام هیچ بەڵگە نیە کە ئەمریکا تەنانەت ئاگاداری ئەم کودەتایە بووە نەک داڕێژەری بێت ،ئەو کات واتە سالی 2014 ئوباما بایدنى ڕاسپارد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و بایدن هەستی کرد پێویستە داوای لێبوردن بکات .
ئەمە دوایین جار نەبوو بایدن داوای لێبوردن بکات ، لە زانکۆی هارفاردی ئەمریکی بایدن وتی هەرکەسەک دژی بەشار ئەسەد بجەنگیت تورکیا پڕ چەکی کردووە ( واتە تیرۆرستەکانیش ) هەروەها وتی ئەردۆگان لە گفتگۆی لەگەڵ ئیدارەی ئۆباما دانی بەوە ناوە کە رێگای بە تیرورستان داوە سنووری تورکیا بەکار بێنن بۆ چونە نێو خاکی سوریا ، ئەردۆگان نکۆلی لەم تومەتانە کرد و زۆر توڕە بوو جارێکیتر بایدن داوای لێبوردنی کرد .
وا دەردەکەوێت کە یەکترناسینی بایدن و ئەردۆگان هی ڕۆژەک و دوو ڕۆژ نیە و ئەزمونێکی زۆریان پێکەوە هەیە ، تا نوسینى ئەم وتارە بایدن چوار جار سەردانی تورکیای کردووە .
لە سەردانەکەی لە کانونی دووەم سالی 2016 بادین بە ئاشکرا ڕەخنەی توندی لە پاشەکشەی تورکیا لە دیمکراسیەتی گرت ، وداکۆکی لە ئاکادیمیەکانی تورک کرد کە بە ئیمزا کردنیان دژی سیاسەتی تورکیا بەرامبەر بە کورد ڕوو بەڕووی کَێشە و رەخنەی توندی بوون ، و چەند کۆبونەوەی کرد لەگەڵ ئەو رۆژنامەنوسانەى کە لەسەر رەخنەگرتن لەسەر کار لادرابوون ، و چاوپێکەوتنی لەگەڵ خێزانی ڕۆژنامونوسێکی دیاری زیندانیکراو کرد ، ئەمەش جارێکیتر ئەردۆگانی زۆر توڕە کرد بەڵام ئەم جارە کەس داوای لێبوردنی لێ نەکرد .
بایدن زۆر جار وتویەتی کە ئەزمونە دوور و درێژەکەی فێری کردوە کە ( زۆربەی سیاسەتە دەرەکیەکان درێژە پێدەرە پەیوەندیە شەخێیەکانە) بەڵام بایدن سیاسەتمەدارێکی زۆر وشیارە و کەساتیەکی براگماتیکە ، بەو ئەزمونە سیاسیەی و ئاشنابون لە بایەخی جیۆسیاسی تورکیا ئەستمە حەز ونیازی کەسی رولێکی دارێژەری سەرەکی ببێنیت لە دارێشتنی ڕێڕەوی سیاسەت بەرامبەر بە تورکیا ، دۆسیە ئالوزەکانى نێوان هەردوو وڵات ئەوەندە زورە پێم وانیە پێویستیان بە حەز و نیازی کەسی بێت بو ئەم کارە .
مەرج نیە بایدن زوو ئارەزووی سەپاندنی سزا بەسەر تورکیا هەبێت کە دەبێتە مایەی ژەهراوی کردنی پەیوەندیەکانی لەگەل ئەردۆگان و کارەسات بەسەر ئابوریە لاوازەکەی تورکیا بێنێت ، بەڵام هەڵوێستەکانی بایدن سەبارەت بە مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا و جەخت کردنی سەر کیشەکانی دەریای ئیجە و ڕوژهەڵاتی دەریای ناوەراست و ئارەزووی بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش بە هاوکاری و هەماهەنگی ( YPG ) کە تورکیا بە تیرۆرستی دەزانێت و دۆسیەی موشەکەکانی ئێس 400 روسی ، وادەکەن کە برینەکانی تورکیا و ئەمریکا قوڵتر بکەن و پێدەچیت بایدن جگە لە ڕووبەرووبوونەوەی پێشوەختە هیچ بژاردەیەکی لە پێش نەبێت .
و ئەو دۆسیانە یەک بەیەک و بەوردتر شیدەکەینەوە : -
یەکەم:- گومانی تێدانیە کە بایدن بابەتی مافی مرۆڤ دەکاتەوە بە بنەمایەکی سەرەکی سیاسەتی دەرەکی ئەمریکا ، ئەمەش جیاوەزیەکی زۆرە لەگەڵ سیاسەتی ترامپ کە بڕوای بە مافی مرۆڤ نەبوو و کەم جار ئەم بابەتەی وروژاندووە ، بگرە زۆر جار تڕامپ بە ئەرێنی باسی ئەردۆگانی دەکرد ، تڕامپ هیچ بایەخی بەو هەموو پێشیلکاریەى مافی مرۆڤ لە تورکیای نەدەدا ، لە بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و گرتنی رۆژنامەنوسە ئۆپۆسزیۆنەکان، و لەسەر کار لادانی سەرۆک شارەوانی هەڵبژێردراوی کوردەکان، و دەرچواندنی یاسای دژی سوکاتی پێکردنی سەرۆک کە دەیان هەزار کەس بەپێی زیندانی کراون ، لە بەرامبەردا بەرنامەی بایدنی پارتی دیموکرات ساڵی 2020 بەلێن دەدات کە بەهاکانی دیموکراسیەت راستەوخو لەنێو سیاسەتی دەرەکی دابنرێت ، لە وتارەکی بایدن لە گوڤاری کاروباری دەرەوە Foreign Affairs Magazine بەناوی ( بۆ دەبێت ئەمریکا جارێکیتر سەرکردایەتی جیهان بکات )
دەلێت ولایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ساڵی یەکەمی کاری ئیدارەکەی مێوانداری ( لوتکەیەک بۆ دیمکراسیەت ) دەکات ، کە رێزبەندی دەداتە ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و ستەمکاری و جێگیرکردنی مافی مرۆڤ ، و ڕووبەڕووی ئەو دەوڵەتانە کە پاشەکشەیان لەو بەهایانە کردووە دەبێتەوە، لەم لوتکەیە جگە لە چەندین وڵات مێونداری چەندین رێکخراوى کومەڵگای مەدەنی دەکات کە لەڕیزی پێشەوەن بۆ داکوکیکردن لە دیموکراسیەت ، ئەم جۆرە کرێکخراوە کە سەرکردەکانیان بە شێوازەکی هەمیشەیی ڕووبەڕووی گرتن دەبنەوە لە تورکیا ، سەرەرای ئەمە بەلێن دەدات بە سزادانی پێشیلکەرانی مافی مرۆڤ ، هیچ لەم خالانە بە دڵی ئەردۆگان نین کە باش دەزانیت ئەم گوتارە ئازایانە هانی ئۆپۆزسیۆنی تورکی دەدات .
دووەم :- بابەتی هەرە هەنوکەیی و لەسەر مێزی کاری ئیدارەی نوێ و لە ئایندەکی زۆر نزیک بابەتی کڕینی تورکیا دژە ئاسمانی ئێس 400 روسی ، واشنتۆن ئەم بابەتەی بە هەڕەشە بۆ ئاسایشی خۆی دەزانێت بەتایبەتی بۆ فرۆکە جەنگیەکانی لە جۆری ئێف 35 ، بۆیە ئەستەمە واشنتۆن چاوپۆشی لەم بابەتە بکات ، جگە لە چەند لێدوانیک و سزای سوک کە نزیکتر بوو لە گلەیی ئیدارەی ترامپ ئەم بابەتە پشت کوێ خست و تورکیای پاراست لە سزا راستەقینەکان . بایدن هەرگیز ئەم کارە ناکات ئەگەری زۆرە ئەو سزایانەی لە یاسای (CAATSA ) هاتووە کارای بکاتەوە . ئەم یاسایە لە ساڵی 2017 دەرچوێندرا بۆ بە گژداچونەوەی دوژمنەکانی ئەمریکا ، بە پێی ئەم یاسایە دەبێت سەرۆکی وڵات بە لایەنی کەم پێنچ سزا لەو دوانزە سزایە لەم یاسایەدا هاتووە بسەپێنێتە سەر هەر ولاتێک کە(گرێبەستێکی گرنگ ) لەکەڵ سێکتەری سەربازی یان سیخوری روسیا مۆر کردووە ، هیچ گومانی تێدا نیە کە ئەم سزایانە دەسپێندرێنە سەر تورکیا ئەگەر چارەسەرێکی گونجا کە واشنتون پێی رازی بێت نەبینێتەوە.
سێیەم :- دۆسیەی بایدن لە ئەنجومەنی کۆنگرس کە دەوڵەمەندە لە خەمخۆری جێبەجێکردنی یاسا ئەستمە بایدن وەکو ترامپ پێگەی خۆی بەکار بێنیت بو دەستێوەردان و لەپەکخستنی کارەکانی وەزارەتی داد لە کەیسی ( TURKY HALK BANK ) ( واتە بانکی میلەت یان بانکی ئەهلی تورکی یان بانکی خەلقی تورکی ) کە بانکێکی حکومیە دەلێن نزیکە لە ئەردۆگان و تۆمەتبارە بە هاوکاریکردنی ئیران لە خۆدزینەوە لە سزاکانی ئەمریکا . بۆیە ولایەتی نیویورک بەردەوام دەبێت لەم کەیسە ، حوکمی ئیدانەکردن پێبژارەکی ( غرامە ) زۆر دەخاتە ئەستۆی ئەم بانکە کە ئەستەمە ئەم بانکە بتوانێت بەردەوام بیت و زیانێکی زۆر دەگەینێتە ئابوری لاوازی تورکیا .رۆژنامەی نیۆیۆک تایمز پەردەی لەسەر هەولەکانی ترامپ لادا بۆ داخستنی یەکجاری ئەم کەیسە بەلام سەرکەوتوو نەبوو .
چوارەم :- ئەنکەرە پەیوەندیەکانی واشنتون لەگەل یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG )) بە ئالوزیترین وهەستیارترین کێشە دادەنێت ، لەسەردەمی ئوباما و هەمیشە بایدن لەگەل پەیوەندیەکی توند و تۆل بووە لەگەل (YPG )و بە هاوپەیمانەکی باوەرپێکراو و کارای دادەنێت لە شەری دژی داعش ، بایدن رەخنەی توندی لە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە رۆژئاوا گرت ، و زۆر دژی هاتنە ژوورەوەی هێزەکانی تورکیا بۆ ناو خاکى سوریا وەستا ، ئەمە هەڵویستی بایدن دەبێت لەم ئیدارە ، وتەنانەت ئەندامانی ئیدارەکەشی هەمان هەلوێستیان هەیە ، وەزیرى دەرەوەی ئێستا بلینکن لە 2017 لە رۆژنامەی نیۆیورک تایمز وتارەکی نوسیبوو و تێیدا داوای لە سەرۆک ترامب کرد YPG پر چەک بکات چونکە هاوپەیمانێکى هەرە کارای ئەمریکایە دژی داعش ، پاش ئەو سەرکەوتنانەی ئۆپەرسیونەکانی تورکیا لە ساڵی 2016 کە توانی یەکینەکانی پاراستنی گەل لە زۆربەی شوێنە سنوریەکان دوورخاتەوە( بە رەزامەندی و چاوپوشی روسیا ، و تڕامپ و لەدەرەوەی ستراتیجەیتەی ئەمریکا مەزاجی میلی ئەمرکی پاش تەلەفۆنێکی گوماناوی نێوان ئەردوگان و ترامپ ) بایەخی ئەم بابەتە کەم بویتەوە .بەڵام ئەردۆگان بەردەوامە لە هەرەشەکردن دوور نیە ئیرادەی بایدن تاقیبکاتەوە. بە کورتیەکەی پەیوەندیەکانی ئەمریکا لەگەل ( YPG) بەردەوام دەبێت لە ئالوزکردنی پەیوەندیە دووقۆلیەکان لەگەڵ ئەنقەرە ، بۆ رازی کردنی هەردوو لایەن ئەگەر زۆرە بایدن بەردەوامی بە پلانەکەی ترامپ بدات لە گفتوگۆی نێَوان (PYD) باڵی سیاسی (YPG ) و ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی ( ئەنەکەسە ) تمویل کراو لە لایەن پارتی دیمکرانی کوردستان و پیشتکیری تورکیا ، بەڵام لەبەر قولی ناکوکیەکان نابێت چاوەرێی پێشکەوتنی گەورە لەم گفتوگۆیانە بکەین.
پێنجەم :- نیشتەجێبوونی فتح الله گولەن لە ئەمریکا نەیارە توندەکەی ئەردۆگان کە تۆمەتبار کراوە لەلایەنەوە بە رێکخستنی کودەتای ساڵی 2016 ، یەکە لە کێشە ئالۆزەکانیتری نێوان هەرودلا ، تورکیا چەندین جار داوای رادەست کردنەوەی کردووە بەڵام ئەمریکا بەردەوام ئەم داواکاریەی رەتکردووەتەوە لەبەر نەبوونی بەڵکەی باوەرپێکراو بۆ ڕادەستکرنەوە لەسەردەمی ئوباما بێت یان لەسەردەمی ترامپ ، راستە لەبەر نائومێد بوونى تورکیا وەکو جاران سوور نیە لەم داواکاریە ، بەڵام ئەردۆگان هەرکیز ئەم خاڵە پشتگوێ ناخات و ئەم بابەتە بە کەیسێکی ناکوکی دەمینێتەوە .
شەشەم :- ئەزمونە سیاسیە دەوڵەمەندەکەى بایدن چی وەکو ئەندامی کونگرس لە ساڵی 1972 ودووبارە هەلبژارنەوەی بۆ شەش جار یان وەکو جێگری ئوباما ، بایدن ئەزمونێکی دەوڵەمەندی هەیە لە کەیسە گیرخواردووەکان کە تاکو ئیستا بێ چارەسەر ماون ، لەوانە کەیسی قوبرس ، بایدن یەکە لەو دوو سیاستمەدارانەى کە چالاکانە بەشداربون لە دەرچواندنی بریاری گونگرس بۆ رێگرتنی پڕچەکردنی تورکیا ساڵی 1974 پاش داگیرکردنی قوبرس ، ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە بایدن زۆر بایەخ بەم بابەتە دەدات ، بایدن هەر لەکۆنەوە ناسراوە بە نزیکیەکەی لە کۆمەلگای یونانی ئەمریکی هەربۆیەش کاتی کۆنگرسمان بووە لەسەر کەیسی قوبرس چەندین جار رووبەرووی تورکەکان بووەوە و کاتێ جێگری ئوباما بوو ساڵی 2014 گەشتێکی بۆ قوبرس ئەنجام دا و پاش لیندون جونسون ساڵی 1962 بایدن بەگەورەترین بەرپرسی ئەمریکا دادەنرێت کە ئەم کارەی ئەنجام دابێت .
لە دۆسیەی قوبرس وەکو دوسیەکانیتر بایدن گۆرانکاری گەورە بەسەر سیاسەتەکانی ترامپ دێنیت کە هەمیشە چاوپۆشی لە کردەوەکانی تورکیا دەکرد ، بایدن شارەزای باشی لەم کەیسە هەیە وئیشی تێدا دەکات و پیشتکیری لە گفتوگویەکانی یەکخستەنەوەی قوبرس دەکات بە پشتگوێخستنی هەوڵەکانی ئەردۆگان کە پێی وایە تاکە چارەسەر بۆ ئەم بابەتە دوو دەولەت بۆ دوو میلەتە ، سوور بوونی ئەردۆگان لەم بۆچونە بارودوخەکە لەگەل َئەمریکا ئالۆزتر دەکات .
حەفتەم :- وەکو ترامپ و ئوباما چاوەرێ دەکرێت بایدنیش ڕێگری لە هەولەکانی تورکیا بۆ گەران بەدوای هایدرۆکاربۆنات لە دەریایەکانی بکات چی لە ناوچەکانی ئابوری یونان و قوبرس دادەنرێت یان لە دەریای ئیجەش ناکۆکی لەسەر نێوان یونانستان و تورکیا . چاوەری َدەکرێت بایدن بە توندتر و رێکخراوتر رێگری لەم هەوڵانە بکات ، ئەگەر تورکیا بەردەوام بێت لەم کارەی خۆی لە قەیرانێکی گەورە لەگەل ئەمریکا دەبینێتەوە .
هەشتەم :- پەیوەندی تورکیا لەگەڵ حەماسی بە تیرورست لەقەڵەم دراو لەلایەن ئەمریکاوە ، یەکە لەو کێشانە کە ئەگەری زوو سەرهەلدانی هەیە . تورکیا لە ساڵی 2006 پەیوەندی لەگەل بزاڤی حماسی هەیە ، سەرەتا ئەمریکا لەسەر ئەم پەیوەندیە بێ دەنگی هەلبژاردو بەڵام لەگەڵ چەندین سەردانی بەرپرسە باڵاکانی حماس بۆ ئەنقەرە ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رەخنەی لێگرتن کە مایەی نیگەرانی توندی ئەنقەرە بوو .
نویەم :- ململانێ و لێکتیگەیشتنەکان نێوان تورکیا و روسیا ( لە سوریا و لیبیا و ناکورنوکرباغ) لە هەندەک حالەت ئەمریکا لە دژی روسیا هاوکاری تورکیای کردووە لە ئەدلبی سوریا و لیبیا هەروەکو جیمس اف جیفری نێردەی ئەمریکا بو سوریا لە نوسینەکی بو ناونیشانی ( بایدن پێویستی بە سیاسەتێکی نوێ لە روژهەڵاتی ناوەراست نیە) لە 15 کانونی دووەم سالی 2021 لەگۆڤاری کاروباری دەرەوە ( foreign affairs magazine ) دان بەو راستیە دەنێت بەڵام زۆربەی جار تورکیا تاک لایانە و دوور لە ئەمریکا و هاوپەیمانی ناتۆ هەڵسوکەوتی کردووە ، تاک لایەنە ململانێ و گفتوگۆ و رێکەوتنی لەگەڵ روسیا کردووە .
سەبارەت بەم هەڵوسوکەوتە تاک لایانانەی تورکیا دوو تێڕوانینى جیاواز هەیە ، لایەنەک پێی وایە کە تورکیا رێگرتن لە زێدەڕۆی روسیا دەکات و شەر لەباتی هەموان دەکات ، لایەنەکەیتر پێی وایە کە تورکیا لە کۆنترۆل دەرچووە لە زۆر شوێنی دەریای ناوەراست و دەریای ڕەش بەرەو شەراکەت لەگەڵ مۆسکۆ دەروات . و زۆری بوارەکانی ململانێى نێوان توکیا و روسیا بووە مایەی زیاتر هەماهەنگی و پویوەندی توندتولتر لە نێوانیان دروست بێت و تورکیای دور خستەوە لە ڕۆژئاواییەکان .
تاکو ئێستا زۆر ڕوون نیە کە بایدن لە ڕکابەرایەتى لەگەل روسیا ، تورکیا بە سەرچاوەی هێز بۆ ئەمریکا دادەنێت یان کۆسپ ،بەڵام لە چەند لێدوانێکی بایدن پێش هەڵبژاردنەکان لایەنگری ئەرمینای پێوە دیار بوو و دەستێوەردانی سەربازی تورکی بە نابەرپرس ناوبرد وپێشنایری بڕینی هاوکاری سەربازی بۆ ئەزەربێجان کرد و تاکو ئیستا هیچ ئاماژەی بە بارودوخی ئەدلب و بارودوخی سەربازی ناوخۆی لیبیا نەداوە، بەڵام مایکل کاربنتز گەورە راوێژکاری بایدن بو کاروباری ئەوروپا لەسەر هەلسەکەوتی تورکیا لە لیبیا و ناکورونو کاراباخ و دەریای ئیجە و کرینی ئێس 400 گوتی ( ئەم هەلسوکەوتانە نابەپرسانەیە و دوژمنکارانەن و بەرژەوەندی هاوبەشمان سنوردار دەکات )
لەمەودای درێژ خایەن سیاسەتی دەرەکی تورکیا لەسەردەمی ئەردۆگان یان بێ ئەو بەردەوام دەبێت لە سیاسەتی سەربەخوی دوور روژئاوا ، وپێشبینی دەکرێت سوور بیت لەسەر سەروەریەکەی لە دەریای ناوەراست وبەردەوامبوون لە گەشەپێدانی سەربازی و سیاسەتی فراوانخوازی بە هەرێمی کوردستانیشەوە ئەوەش وادەکات هێدی هێدی دور بکەوێتەوە لە کومەلگای ئەتلەسی ، تورکیا خۆی بە میراتگری ئیمبراتوریەتێکی گەورە دەزانێت هەروەکو اسلی ایدن تالاس لە وتارەێکی بەناونیشانی ( تورکیا ناگەرێتەوە بۆ رۆژئاوا ) لە گوڤاری کاروباری دەرەوە لە 19 ئەیاری 2021 بڵاوکراوتەوە .
سیاسەتی بادین لە زۆربەی رووەکان جیاوازە لە ناوخۆ و لە دەرەوە ، و روون و ئاشکرایە کە بایدن گۆرانکاری گەورە لە سیاسەتی خۆ دورخستنی ترامپ ( ئەمریکا پێش هەمو شتێک ) دەکات و دەیەوێت جارێکیتر سەرکردایەتی جیهان بکات بە تێوەگلان لە سیاسەتی جیهانی و کاراکردنی دیبلوماسیەت بەتایبەتی لە ئاسیا و روژهەڵاتی ناوەراست ، ئارەوزوی بایدن بۆ پیادەکردنی سیاسەتێکی سەقامگیر لێکەوتە و بەرکەوتە دەبێت لەگەڵ سوربوونی ئەردۆگان لە هیواکانی و بەرپاکردنی سیاسەتێکی دەرەکی توند و نەتەوەپەرست و سەربەخۆ و خۆزانین بە هێزێکی گەورە و بەرچاو لە ناوچەکە وا دەکات هەمیشە پەیوەندیکانی ئەمریکا و تورکیا بەرەو قەیرانی بەردەوام برۆََن .
ئەردۆگان درک بەو راستیە دەکات کە ئەوەی لە سەردەمی ترامپ بۆی دەچوە سەر لەسەردەمی بایدن بۆی ناچێتە سەر بۆیە هەوڵەکانی بۆ ئاشتبوونەوە لەگەل وڵاتانی وەکو مێر و یونانستان و سعودیا و ئیمارات چڕ کردووەتەوە .