Draw Media

پێش نوسینەوەی دەستور

پێش نوسینەوەی دەستور

2021-05-26 18:12:00


ئاری محەمەد هەرسین

بە نزیکی، هەفتەیەکی تەواوە هەموان سەرقاڵی گفتوگۆ، ڕادەربڕین و جواب و جواب دانەوە لە سەر دەستور بوین. بڕواناکەمەم کەس لە ناوماندا (هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان) هەبێت کە دژ بە نوسینەوەی دەستور بێت. بەڵام سەرنج و بۆچونەکان پەرتەوازە ن و پێویستیان بە کۆکردنەوە هەیە. موناقەشەکان بەر لەوەی لە نێوان حیزبە سیاسیەکاندا بکرێن، پێویستە ببنە باسێکی ناوخۆیی حیزبەکان، ڕۆشنبیران و میدیا. 

دە ستور لە هەر وڵاتێکدا شای قانونەکانە و، هیچ قانونێک لە سەرو دەستورەوە نیە. جگەلەوە دەستور چوارچێوەیەکە بۆ حکومەت. دواجار دە ستور ڕێگایەکی قانونیە بۆ سنوردارکردنی سیاسەتمەدار، پلەدار و فەرمانبەرە حکومیەکان. هەل و مەرجی ئێمە لەگەڵ هیچ شوێنێکیتر بەراورد ناکرێت. ئەوە ش جگەلەوەی کە ئێمە دەوڵەت نین، هۆکاری تریشی زۆرە. هەرچەندە هیچ کەس و، لە هیچ شوێنێکی دونیا ناتوانێت دەستورێک بنوسێتەوە کە یەک بە یەکی هاوڵاتیان لێی ڕازی بن. بەڵام لە هەمان کاتدا نوسینەوە و دەرچواندنی دەستوری هەرێمی کوردستان بەبێ کۆدەنگیەکی زۆرینە لەسەر بنەمای لێک تێگەیشتن و هەست بە بەرپرسیارێتی کردن (نەک زۆرینەو کەمینە) هیچ سودێکی نیە. چونکە لە حاڵەتی ئێمەدا دەستور یەکڕیزی نیشتیمانی مسۆگەر ناکات، بەڵکو یەکڕیزی نیشتیمانی دەستورێکی بەهێز بەرهەم دەهێنێت. هەر بۆیەش بۆ نوسینەوە و دە رچواندنی دەستورێکی بەبەرەکەت و بەسوود، پێویستمان بە   زە مینە سازی هەیە. ئەو زەمینە سازیە پێویستی بەوەیە کە ئێمە لەگەڵ خۆمان و لەگەڵ یەکتر ڕاستگۆ و واقیع بین بین.

لە ئێستادا ئێمە لە دوو ئیدارەییەکی نەخوازراو، بێ متمانەیی و لێکترازان (سیاسی کۆمەڵایەتی) ژیان بەسەر دەبەین، کە هەر یەکەیان بەربەستی زەبەللاح وگەورەن و، تەنانەت بەرژەوەندیەکانیشمان خەریکە ڕۆژ بە ڕۆژ لێک دوور دەکەونەوە. بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە قسە لەسەر دەستور بکەین، بینوسینەوە و لە ڕێفراندۆمێکدا شەرعەیەتی نیشتیمانیی بۆ وەرگرین و دەریچوێنین، دەبێت ئەو بەر بە ستانە نەهێڵین، دەبێت هەست بە بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ یەکتر بکەین. دەبێت هەست بکەین کە پێویستمان بە یەکتر هەیە. ئەو بەربەستانە کێشەی گەورە ن. کلیلی سەرەکی چارەسەری ئەو کشانە بە پلەیەکەم لای ئێمە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کە ئەمەش بەرپرسیارێتی مێژوویی دەخاتە ئەستۆی هەردولامان، ئینجا لایەنە سیاسیەکانی تر، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و میدیا. بۆیە پێش ئەوەی بچینە ناو باسی ماددە و بڕگەکانی دەستوری هەرێمی کوردستان، دەبێت ڕێگاکە خۆش بکەین، دەبێت زەمینە سازی بۆ بکەین. ئەگەر توانیمان ئەوە بکەین، خۆبەخۆ دەستوریشمان دەبێت. بەڵام ئەگەر بەم وە زعەی ئێستاوە بچینە ناو پڕۆسەی نوسینەوەی دەستور، ئەوا هەل و مەرجی تێکهەڵقژانێکی درێژ خایەن و بێ بەرهەم دەڕەخسێنین و هیچیتر.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand