چۆن بەرەنگاری تینوێتی ببینەوە؟
2021-05-25 18:27:18
خالد سلێمان
ئەمساڵ عیراق و هەرێمی کوردستان، ساڵێکی بێ وێنە لە وشکەساڵیی بەڕێدەکەن، هۆکارەکانیش لەبەرچاوی هەمووانە: بێ بارانیی، سیاسەتی وڵاتانی دراوسێ (تورکیا، ئێران)، هەروەها بەڕێوەبردنێکی خراپی سەرچاوەکانی ئاو. دەتوانین ژمارەیەک هۆکاری تر بژمێرین، وەک پیشەسای و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتوان و داخوازیی زیاتر لەسەر ئاو، بە تایبەتی لە شارەکاندا. ڕوونترین نموونەی قەیرانی ئاوی ئەمساڵ ئەو دۆخە نالەبارەی ڕووباری سیروانە کە لەبەرچاوی هەمووماندا وشک دەبێتەوەو لە گیانەڵاندایە.
هەڵبەتە لەم دۆخەدا، هەموو هەوڵ و تەقەلایەک لەوەدا کۆدەبێتەوە، کە خەڵک تینوو نەبن، قەیرانەکەش بە هەرێمی کوردستان چارەسەر نابێت، چونکە تا ئێستا پلان و ئیدارەدانی هەرێم هیچ کاریگەرییەکی نەبووەو سیاسەتی دەستەوەستانی ئێستاش باشترین نموونەیە. دیمەنی تینوێتیش هەموو عیراق دەگرێتەوە کە دیسانەوە ئیدارەدانی ئاو تیایدا لە دووای هەموو گرفتەکانەوە دێت.
هەموو تاکێک دەزانێت لە تینوێتیدا دەژین، بەڵام هەموو کەسێک نازانێت هۆکارەکان چین و چۆن چارەسەری بێ ئاوی بکەین، کە هەڕەشە لە بوونمان دەکات. بەشێوەیەکی کورت لەسەرەوە ئاماژەم بۆ هۆکارەکان کرد، بەڵام چارەسەرەکان کە لە دووبەشدا کورت دەبنەوە، زەحمەتن و کاری زۆرو درێژخایەنیان دەوێت.
یەکەم: تورکیاو ئێران جگە لەوەی هەستیان بە مەترسی کەمبوونەوەی ئاو کردوە، بەئاشکرا بەرەو گلدانەوەو قەتیسکردنی ئاو لە ناو خاکی خۆیدا دەڕۆن، لە چەندەها بۆنەو گفتوگۆدا لەگەڵ بەرپرسە عیراقیەکاندا ئەمەیان دووبارە کردوەتەوە، بۆیە دیپلۆماسیەتێکی باڵای حکومیی لەسەر ئاستی سەرۆکایەتی و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆماردا لەسەر ئاو، هەنگاوی یەکەمە لەم بوارەدا. بانگهێشتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ چارەسەری کێشەی ئاو، یەکێکی ترە لە بژاردەکان.
دووەم: بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمئاویی، پلانێکی خێرا پێویستە لە دابەشکردندا بەپێی ژمارەو پێداویستییەکانی تاک. چەند ساڵێک پێش ئێستا دوو شاری گەورە لە باشووری ئەفریقیا (کیپ-تاون) و هیندستان (چینای) تووشی قەیرانی گەورەی ئاو بوونەوەو سیاستی (ڕۆژی سفر)یان پیادەکرد، ئەویش لە رێگەی دابەشکردنی ئاو بەگوێرەی پێداویستی تاک لە ڕۆژێکدا.
سێیەم: پەک نەخستنی کەرتەکانی خزمەتگوزاریی.
چوارەم: پەیداکردنی ئاو بۆ بەروبووم و کەرەستە بنەڕەتیەکانی ژیانی هاووڵاتیان.
پێنجەم: داخستنی هەموو هەموو ئەو شوێنانەی کە ئاو بۆ (رەفاهیەت) بەکار دەهێنن، وێستگەو شوێنی شتنی ئۆتۆمبێل بۆ نموونە.
ئەمانە تەنها ئیجرائاتی کاتین بۆ قەیرانێک لەگەڵ ئەوەی ئاماژەکانی دیاربوون، پلانی بەرەنگاربوونەوەی بۆ دانەڕێژراوە. بۆ چارەسەری دوورمەوداش، پێویستە ئاو بخرێتە پێش هەموو سێکتەرەکانی ترەوە لە ئیدارەداندا. نابێت تنۆکێک ئاو بەفیڕۆ بدرێت، لە بارانەوە بگرە تە دەگاتە ئاوی بەکارهاتوو.
یەکەم: ئەمە پێویستی بە گۆڕینی عەقڵیەت و کولتوورو ڕەفتار هەیە. ئەو ئاوەی دانیشتوانی شارێکی گەورە، ڕۆژانە بەکاری دەهێنن، دەبێ بەکار بهێنرێتەوەو بگۆڕدرێت بۆ سەرچاوەی ئاوێکی پاک. بۆ نموونە دانانی وێستگەیەکی فلتەرەکردنەوەی ئاو لەسەر تانجەرۆ، دەکرێ وەک چارەسەرێک تەماشا بکرێت کە ئاوی بۆماوە دەکاتەوە بەئاوی پاک. باشترین نموونە لەم بارەوە، وێستگەی (خربە سەمرا)ی ئوردنە کە ئاوی بۆماوەی نزیکەی ٤ ملیۆن کەس، لە رێگەی ڕیسایکلینەوە دەگۆڕێت بۆ یەکێک لە سەرچاوەکانی بەنداوی مەلیک بن تەڵاڵ.
دووەم: ئیدارەدانی خۆبەخۆیی (الإدارة الذاتية) سەرچاوەکانی ئاو و شێوازی ئیدارەدانیان لە ئاستی لادێیەکەوە بگرە تا دەگاتە شارێکی گەورە. لەوانەیە ئەمە لە ئاستی لادێیەکدا لە شێوازی پرۆژەی بچووکی وەکو بەنداوی سەرگیراو یان بەنداوی بچووکی ژێر زەویدا دەربکەوێت، بەڵام لە شارێکی گەورەدا لە شێوازی نوێی هونەری مەعماریدا دەربکەوێت، بۆ نموونە چۆن باراناو گل بدرێتەوەو لەبری ئەوەی تەکەڵ بەئاوی زێراب ببێت، عەمبار بکرێت. ئەویش لە رێگەی ئاوڕێژی تایبەتەوەو بکرێتە بەسێک لە دیزانی ئەندازیاریی ماڵان.
سێیەم: بەهادارکردنی ئاو بەشێوەیەک کە لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، ئەویش لە رێگەی پەروەردەو میدیاوە. ئێمە دەتوانین بەبێ زێرو ئەڵماس بژین، بەڵام ساتێک ئاو نەبێت ژیانمان دەوەستێت، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا بەهای ئەڵماس زیاتر لەوەی ئاو. پێش نزیکەی ٢٥٠ ساڵ ئادەم سمیت بەم شێوە بیری کردوەتەوە.
چوارەم: ڕێگرتن لەهەموو جۆرە کشتوکاڵێک کە ئاوێکی زۆری دەخوازێت و کاریگەری باشیشی لەسەر ئابووری وڵات نیە. پێویستە فۆکەس لەسەر ئەو بەروبوومانە بێت کە بە بڕە ئاوێکە کەم، زۆرترین کاریگەری پۆزەتیڤیان لەسەر ئەمنی خۆراکی خەڵک دەبێت.
چوارەم: راوکردنی تەم یەکێکە لەو میکانیزمانەی دەکرێ لە ڕێگەیەوە ڕاوی باران بکرێت. بڕێک شێی زۆر لە هەوردا هەیە، بەبەردەوامی نابێتە باران و دانابارێت، دەکرێ لەسەر چیای وەک گۆیژە یان ئەزمەڕ و قەرەداغ و چیاکانی تر، تۆڕی راوکردنی شێ دابنرێت کە لە توانایدا هەیە بڕێک لە هەڵمەکان گل بداتەوەو بەشی (ئیکتیفای) شوێنەکە ئاو دابین بکات.
پێنجەم: بەشداریپێکردنی کۆمەڵگە ناوخۆییەکان لە ئیدارەدانی ئاودا، ئەمە رێگەیەکە بۆ چالاککردنی ڕۆڵی دەستەجەمعی و تەماشا نەکردنی ئاو وەک داهاتێک کە تەنها حکومەت یان حکومەتە خۆجێیەکان بەپرس بن لێی.