سیو پێنجەكەی جارانو ئەوەی ئەمڕۆ
2021-05-25 15:09:39
عەبدولڕەزاق شەریف
جاران ئەیانوت یەكێتی مانگانە (35 ملیۆن) دۆلار لە حكومەت وەرەگرێ، ئەم قسەیە ساڵانێك بو بە مانشێتی رۆژنامەكانو نەیارەكانی ئەو حیزبەش ماوەیەكی زۆر وەك سكانداڵێك ئابڕوی یەكێتیان پێ ئەبرد، وایكرد یەكێتی بەرەسمی لەگەڵ پارتیو حیزبەكانیتر لە پەرلەمان داوا بكەن بودجەی حیزبەكان ببڕدرێت.
ئێستا هەمو ئەو حیزبانە داوا لە یەكێتی ئەكەن مانگانە حەفتا ملیۆن دۆلار لە داهاتی سلێمانی بدات بە حكومەت بەمەبەستی تەكمیلەی موچەی فەرمانبەران، بەڵام یەكێتی تەنیا (35 ملیۆن) دۆلار ئەداتو بەهانەكەیشی ئەوەیە كە پارتیش هەمو داهاتی نەوت نادات !!
لەوانەشە یەكێتییەكان هەقیان بێت بڵێن (ئاخر كە پارە لای حكومەت بو تەنیا 35 ملیۆن دۆلاری مانگانەی ئەدا بە یەكێتی، ئێستاش كە پارە لە لای یەكێتیە حكومەت هەر ئەوەندەی ئەكەوێ).
ئاشكراشە باڵی هیوای گۆڕان كە جاران پێیان ئەوتن (باڵی هەستانەوە) وتیان مانگانە پارتی روبعە ملیۆنێك ئەدا بە گۆڕان، وەزیری دارایی بزوتنەوەكەش بە عەیبەی نەزانی گەر پارە لە هاوپەیمانەكانیان وەربگرن ! حەتمەن دوای (هاوپەیمانی كوردستان)یشیان لەگەڵ یەكێتیو یەك فراكسیۆنیی، شتێ لەو پارەیەی یەكێتی بۆ گۆڕانەكان ئیزافە كراوە.
ئەو سێ حیزبە هاوكارو هاوبەشی بەرنامەو كارو كردەوەی كابینەی كاكە مەسرورن بە هەرحاڵ قبوڵیانە، بەڵام ئایا حیزبەكانیترو خەڵكو خوێنەواری ئەم هەرێمی كوردستانە بۆ بڕوا بە خۆیان ناهێنن كە پارەی ئەم هەرێمە لای یەكێتیو پارتیە ؟ هەمیشە لە ناوخۆو لە بەغداو لە دەرەوەش بۆ كەمدەرامەتی حكومەتی هەرێم ئەكروزێنەوەو بە ژمارە باس لە چاكسازیو زیادبونی داهاتو ئەنجامی چاكسازیو... مەهزەلەتر لەوەش باسی میزانیەو بودجەی هەرێمو... هتد ئەكەن.