دەستپێشخەرییەک بۆ ڕێگرتن لە گەندەڵی
2021-05-24 14:49:00
ئارام قادر کۆکۆیی
عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی لە ریزبەندی ڕێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی خراپترین تۆماری هەیە لە گەندەڵیدا. هۆکاری ئەم بەدناوییە پەیوەندی بە میراتی چەندین دەییە لە خراپ بەکارهێنانی دەستەڵاتەوە هەیە لە هەیکەلییەی حكومڕانیدا لە سەرەوە بۆ خوارەوە بە پێچەوانەشەوە، هەر لە جەنگی عێراق -ئێران، و کویت، و ئابڵوقەی ئابووری، و پاشانیش بەرنامەی نەوت بەرامبەر خوراک، و پرۆسەی ئازادی عێراق، و پاشانیش غیابی دەستەڵات بۆ ماوەیەک، و ململانی ناوخۆیی، و جەنگی دژ بە تیرۆر... هتد. کە هەم کەلین و هەم هەلی بۆکەسانی گەندەڵ ڕەخساندووە تا بە شێوەیەکی نائاکاری سود لە پێگە و پایەیان لە دەوڵەت و کۆمەڵگەدا وەربگرن بۆ دەوڵەمەندکردنی خۆیان و کەسانی نزیک و کەسوکارییان بە شێوەیەکی ناشەرعی، بە بەکارهێنانی موڵک و سامانی گشتی یاخود ڕەخساندنی هەلی نایەکسان (جیاکاری) favoritism و خاتروخوتور گرتنی کەسانی نزیک بەخۆیان لە پێناو بە دەستهێنانی ئیمتیازاتی دارایی. و قوڵی کارەساتەکە لەوەدایە کە زۆربەی ئەم سامانە بەتاڵانبراوە لەناو خۆی ووڵاتدا وەگەڕ ناخرێتەوە بەڵکو لە رێگەی سپی کردنەوە ڕەوانەی دەروەی ووڵات دەکرێت، واتە تاوانەکە تاوانێکی نێودەوڵەتیشە. لە دوای پرۆسەی ئازادکردنی عێراقەوە، واتە پاش ٢٠٠٣، لە ڕووی تەشریعیەوە چەندین هەوڵی یەک لە دوای یەک دراوە بۆ گێرانەوەی سامانی بە تاڵانبراوو ڕێگەگرتن لە سپی کردنەوەی پارە، و بەرهەمەکەی هەردوو یاسایی هیئەی نەزاهەی ژمارە ٣٠ ساڵی ٢٠١١ ، و سندوقی گەڕاندنەوەی سامانی ژمارە ٩ ی ساڵی ٢٠١٢ و هەموارکراوەکانیانە، بەڵام ئەم یاسایانە هەم لە ئاستی تموحی خەڵکی عێراق و هەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش نییە، و بەرۆزیش نەکراون، واتە ئەپدەیت نەکراون، تا لە گەڵ یاسا نێودەوڵەتیەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا هەماهەنگ بێت و بگونجێت. ئەمە بووەتە هۆی ئەوەی کەسانی گەندەڵ سوود لەو کەلێن و لەمپەر و نەبوونی هەماهەنگیە لە نێوان دەزگا یاسایەکانی ناو عێراق و دەرەوەی وەرگرن، و بە ئاسانی و بە بێ چاودیری و ترس و لێپرسینەوە لە پرۆسەی بە تاڵان بردن و سپیکردنەوەی سامان و پارەی عێراق بەردەوام بن، کە بە تەخمینکراوەیی و بە پێی ئەو داتایانەی کە لە بەردەستە نزیکی ١٥٠ ملیار دۆلاری بەتاڵانبراوی عێراق لە دەرەوە سپی کراوەتەوە، ئەوە تەنها عێراق نییە کە بە دەست گەندەڵیەوە دەناڵێنیت بەڵکو پاش ئەو ئابڕووچونەی بە هۆی پەردەلەسەرهەڵماڵینی دۆکیۆمێنتەکانی پەنەما (Panama Papers)کە زۆر سەرکردە ودەستەڵاتداری جیهان ناویان لە لیستی سپیکەرەوەی پارەدا هەبوو، بووە هۆی ئەوەی زۆربەی دەوڵەتانی جیهان بە خۆیان بێنەوە، و لە ڕێگەی پۆڵسی و یاسایی نوێەوە هەم ئەو کەلێنانە دابخەن کە هەل بۆ بەتاڵانبردن و سپیکردنەوەی پارە دەڕەخسێنێت، هەمیش میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەی پارە بە تاڵانبراوەکان بۆ خاوەنە سەرەکییەکانیان دابنێن، چەندین رێکخراو ئەنستیتۆی نێودەڵەتی و یەکەی حکومی پێکهێنراون لەوانە دوو لە بەناوبانگترینیان دەستپێشخەری بانکی نێودەوڵەتی بۆ گەرانەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکان (World bank initiative for Asset Recovery) و یەکەی بەرەنگاربوونەوەی سپی کردنەوەی پارە لە وەزارەتی دادی ئەمریکا(Money Laundering and Asset Recovery Section) و تا ئێستاش هەوڵەکان بەردەوامن.
هەرچی پەیوەندی بە عێراقیشەوە هەیە تا ساڵی ٢٠١٨ هیچ پاڵنەر و خواستێکی سیاسی ناوخۆ نەبوو بۆ جوڵاندی دۆسییەی گەندەڵی و ڕووبەررووبەنەوەی، و لابردنی ئەو لەمپەرانەی لە بەردەم دەزگا دادوەریە عێراقیەکانی وەک داواکاری گشتی و هەیئەی نەزاهەدا هەیە، بۆ دواکەوتن و داواکاری تاوانباران و گۆمانلێکراوان، و کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە لەسەرسپیکردنەوە بە تاڵانبردنی سامانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. لە گەڵ هاتنە سەرکاری د.بەرهەم ساڵح وەک سەرۆککۆماری عێراق، هەوڵەکانی چرکردووە بۆ کارکردن لە سەر ئەو دۆسیەیە بە کۆکردنەوەی ئەکتەرە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکانی بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ رەنگاربوونەوەی گەندەڵی و گەڕاندنەوەی سامانە سپیکراوەکان، لەسەرەتاوە هەوڵەکان تەنها بۆ بەهێزکردنی هەیئەی نەزاهە و داواکاری گشتی بوو وەک دەزگایەکی یاسایی سەربەخۆ، بەڵام بەهۆی بەرۆز نەبوونی یاساکان، و ئەو کەلێنانەی کە لە یاساکانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دا هەیە، بە سود وەرگرتن لە ئەزموونی ووڵاتانی کە بڕیاردرا؛ بە دارشتنی یاسایەکی سەربەخۆ بە ناوی یاسایی (گەراندنەوەی سامانە بەتاڵانبراوەکانی عێراق) كە لە ٤٤ مادە و شەش بەش پێکهاتووە، ئەم یاسایە هەرچەند بە ناوکەیدا وا دەردەکەوێت وەک یاساکانی پێشووتەنها ناوێکی ڕەونەقدارە ناوەڕۆک پوچ بێت، بەڵام ئەگەر بەوردی خوێندنەوەی بۆ بکرێت، و بە بێدەستکاری لە ئەنجومەنی نوینەران دەنگی لە سەر بدرێت، زۆربەی ئەو بەربەست و لەمپەرانە لادەبات کە دەستی دەزگای دادوەری عێراقی بەستووەتەوە بۆ بەجێهنینانی ئەرکەکانی. ئەم پرۆژەیە لە ئاستی ستانداردی نیودەوڵەتیە، و بە جیاواز لە هەوڵەکانی پێشووش ئەمجارەیان هەر تەنها دواکەوتنی تاوانبار و داواکار و گومانلێکراوان نییە لە ناوخۆی عێراق، بەڵکو بازنەی چالاکیەکانی دادگا عێراقیەکان فراوانتر دەکات بۆ سەر ئاستی نێو دەوڵەتی.
لەو لەمپەرانەی کە ئەم پرۆژە یاسایە بە سەری دا زاڵ دەبێت و ئەو جیاوازییەی کە لە گەڵ یاساکانی پێشوودا هەیەتی بریتیە لە:
یەکەم: فراوانکردنی دەستەڵات و کردنەوەی دەستی دەستەڵاتی دادوەری بۆ بە دوو کەوتنی تاوانبار لە دەرەوە، و سڕکردنی ئەو ماڵ و موڵکانەی کە بە پارەی تاڵانبراو یاخود بە قازانجی سامانی بەتاڵانبراو کڕاون، ودانانی میکانیزمێک بۆ گەڕاندنەوەیان بۆ خەزێنەی دەوڵەت. و هەروەها هەماگەنگی کردن لە گەل بانکی ناوەندی عێراق بۆ دەستنیشاانکردنی ئەو تداولە داراییە گەورانەی کە جێی گومانن و بە تایبەت ئەو هەژمارە داراییانەی لە سەرو ١ ملیۆن دۆلارەوەن.
دووەم: ناچارکردنی دەوڵەتانی پەناهەندەی تاوانبار و گومالێکراو بە گەڕاندنەوە و تەسلیمکردنەوەی تاوانبار و موڵکی بە تاڵانبراو لە سەر بنەمای ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکان وە بە پێچەوانەشەوە.
سێیەم: پابەند کردنی ئەو کەسانەی کە لە پلە و پۆستی حکومیدان بە پێشکەشکردنی زانیاری تەواو نەک هەر لە سەر دارایی و ژمارەی بانکی و موڵکی خۆیان، بەڵکو خێزان و کەسە نزیکەکانیان، و ڕێگەدان بە لایەنە دادوەریەکان بۆ بە دواداچوونی هەر مامەڵەیەکی دارایی یاخود هەر سامانێکی ئەم کەسانە و کەسوکارییان.
چوارەم: پابەندکردنی ئەوکەسانەی کە لە پۆستی بەرێوەبەری گشتیان بەرەو سەرەوەدان تا پەڕەی ڕێگەپێدان ئیمزا بکەن، بۆ بەدواداچوونی ئەو جوڵە و مامەڵە داراییانەی کە خۆیان یان کەسە نزیکە و مەعنەویەکانیان لە بانکەکانی دەرەوە و ناوخۆدا هەیانە.
پێنجەم: ڕێگەدان بە هاوڵاتیانی عێراقی بە ئامادەبوونی لە دادگا نێودەوڵەتیەکانددا وەک سکاڵاکەر یان شاهید لە سەر دۆسیەی گەندەڵی.
شەشەم: سڕکردنی ماڵ و موڵکی ئەوانەی گومانی گەندەڵیان لێدەکرێت لە ناوخۆ و لە دەرەوەی عێراق دا.
حەوتەم: هەڵوەشانەوەی تەواوی ئەو گرێبەستانەی کە کۆمپانیاکان لە ڕێگەی بەرتیل و ڕەشوەوە بەدەستی دەهێنن.
و لە هەمووشی گرنگتر
هەشتەم: دەستەڵاتدان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هاوکاری و هەماهەنگیکردن و رێکەوتن وبەستنی گرێبەست بۆ کۆکردنەوەی بەڵگەی تاوانی دارایی، و راکێشانە بەردەم دادگایی تاوانباران و گومانلێکراوەکان لە گەڵ لایەنە دەرەکیەکان و دادگا نێودەوڵێتیەکان.
جێبەجێکردنی ئەم پرۆژە یاسایەی سەرۆک کۆمار پێویستی بە هەماهەنگی و هاوکاری پشتگیری هەموو دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوە حكومی و ناحكومی و چالاكەوانەکان و هاوڵاتیانی ئاسایی هەیە و هەر کەسێکش زانیاری تەواو بە بەڵگەوە لە سەر بەهەدەردانی سامانی عێراق و هەرێمی کوردستان بداتە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە لایەن حكومەتەوە بە رێژەیەکی دیارکراوی ئەو سامانە کە ٥% تێپەرنەکات خەڵات دەکرێت.