گرنگی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیاران
2021-05-24 07:56:04
دییە عەلی
ئەمڕۆ 23ى 5ى 2021 بەردی بناغەی پڕۆژەیەکی گرنگو ستراتیژی لەشاری سلێمانی دانرا کە ئەویش پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستانە بەهاوبەشی حکومەتی هەرێمو کەرتی تایبەت، بەبودجەی 122 ملیۆن دۆلار، پێشتریش ئەم پڕۆژەیە لەهەولێری پایتەخت دەستیپێکردووەو زیاتر لە70%ى پڕۆژەکە تەواوبووەو وابڕیارە بەمزووانە گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێت، هەروەها بڕیارە هەمان پڕۆژەش لەشاری دهۆک بینابکرێ.
مەعلومی هەمومانە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم لەکارنامەکەیدا هاتووە کە هەوڵدەدات سەرچاوەکانی داهات فرەچەشن بکات، ئەمەش وادەکات وڵات لەڕووی ئابورییەوە بەهێزبکات.
ئەم پڕۆژەیە وێڕای ئەوەی ئاسایشی خۆراک دابیندەکاتو هەم هانی جوتیاری خۆماڵی دەداتو دڵنیایی دەداتێ لەساخبونەوەی بەرهەمەکە، ئەمەش وادەکات جوتیار بەخەیاڵی ئاسودەوە پەرە بەکەرتی کشتوکاڵ بداتو داهێنانی تێدابکات.
بەشێوەیەکی گشتیی کەرتی کشتوکاڵو بازاڕ دەبوژێنێتەوەو هەلی کاری زیاتر دەڕەخسێنێ بەتایبەتی بۆ دەرچوانی زانستە کشتوکاڵییەکان کە ساڵانێکە دوای تەواوبوونی خوێندن لەماڵەوە دادەنیشن یاخود کارێکی ناچاری یان کارێک کەدڵخوازی خۆیان نییە دەکەن.
لەلایەکی تریشەوە گوندەکان دەبوژێنێتەوەو کۆچی پێچەوانە دروستدەکاتەوە لەشارەکانەوە بۆ گوندەکانو کەرتی ئاژەڵداری بەهەموو جۆرەکانیەوە دەبوژێنێتەوەو کەلتوری پشت بەخۆبەستن دروستدەکات لەڕووی چۆنێتیو چەندێتییەوە، بەوەش ڕێگردەبێ لەچونە دەرەوەی سەرمایەی ناوخۆی بۆ دەرەوەو ڕێخۆشکەردەبێ بۆ بەستنەوەی هەرێم بەبازاڕەکانی جیهانەوە، سەقامگیریی خۆراکیو ئابوریو دارایی دروستدەکاتو وڵاتەکەمان لەئابوری هاوردەکەرو هاوڵاتی بەکاربەرەوە دەگۆڕێ بۆ وڵاتێکی هەناردەکەرو هاوڵاتیەکی بەرهەمهێنەر.
جوتیارانی هەرێمی کوردستان بەهۆی پێدانی گەنمەکانیان بەبەغدا لەساڵانی پێشووداو دواتریش دواخستنی شایستە داراییەکانیان زەبری کوشندەیان لەمتمانەی جوتیارانداو وای لەبەشێک لەجوتیاران کردووە واز لەکشتوکاڵ بهێنن، بۆیە ئەم پڕۆژەیە ئێجگار گرنگە بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی جوتیاران، چونکە وەک وەزیری کشتوکاڵ لەوتارەکەیدا وتی:"دەستبەجێ جوتیاران شایستە داراییەکانیان وەردەگرنو وەک عێراق لەچاوەڕوانییەکی زۆردا نامێننەوە".
ئەوە جگە لەو هەمووە بیانوەی ساڵانە بەپشکی هەرێمی دەگرنو غەدری گەورە لەجوتیارانی هەرێم دەکرێ لەلایەن بەغداوە، واتە جیاوازییەکی زۆر دەکرێت لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە لەنێوان پارێزگا کوردییەکانو پارێزگاکانی تری عێراقدا، بۆیە ئەم پڕۆژەیە جوتیارانی هەرێم ڕزگاردەکات لەو دۆخە ناهەموارو ناجۆرەی عێراق.
بایەخی کابینەی نۆیەم بۆ کەرتی کشتوکاڵ تەنیا لەسایلۆدا ناوەستێ، بەڵکو سێ کارگەی بنەتۆویش دروستدەکات، بەوەش کێشەی بنەتۆوی جوتیاران چارەسەردەکات کە بەپێی زانیارییەکان ساڵانە بە 80 هەزار تۆن مەزەندە دەکرێتو لەدەرەوەی وڵات هاوردە دەکرێ، بەوەش پارەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ جوتیاران، چونکە چیتر پێویستیان بەبنەتۆوی دەرەوە نامێنێ.
ئەوە جگەلەوەی لیژنەی نیشتیمانی تۆمارکردنو پەسەندکردنی بنەتۆ لەهەرێمی کوردستان دروستدەکرێ کە بەتوێژینەوەی زانستی باشترین جۆری بنەتۆو دیاریدەکات کە لەگەڵ کەشوهەوای کوردستاندا گونجاوە.
هەر بەپێی زانیارییەکان بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ لەماوەی کاری کابینەی نۆدا لە 1.5 بۆ لە8% بەرزبووەتەوە.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەوتاری دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانەوە وتی "ئامانجمان ئەوەیە لەم پڕۆژانە نەک هەر بەشی پێویستی خۆمان بەرهەمبهێنین، بەڵکو دەمانەوێ هەناردەی دەرەوەشی بکەین، بۆ ئەوەی ببێتە بەداهاتێکی ترو تەنها پشت بەیەک سەرچاوە نەبەستین".
مەسرور بارزانی ئەوەشی وت "ئێمە بەدوای دەستکەوتی کورتخایەنەوە نین، بەڵکو بیرمان بیرێکی ستراتیژییە، بۆ ئەوەی کوردستان لەڕووی ئابورییەوە بتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێت، نەک تەنیا پێداویستییەکانی خۆی دابینبکات، بەڵکو ببێتە سەبەتەیەکی خۆراک بۆ ناوچەکەش".
ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ئێستای ڕوسیا دەڵێت:"ساڵی یەکەمی کارکردنم بوو لەسەرۆکایەتی ڕوسیا ڕۆژێک ڕۆیشتم بۆ ناوچەی ڤۆڵگا، بۆ لای خەڵکو جوتیاری ناوچەکەو بەڵێنم پێدان هاوکاری جدیان بکەم لەباشترکردنی بەرهەمەکانیانو هەموو جۆرە هاوکاریەکیان بکەم".
ڕاوێژکارەکانم پێیان وتم:"قوربان ئێمە کێشەوگرفتی زۆرمان هەیە ئیوەش تازە دێن کار لەکەرتی کشتوکاڵیدا دەکەن بڕۆن ئاوڕێک لەکێشە گەورەکانی تر بدەنەوە".
منیش پێم وتن "بۆ تێرکردنی سکی خەڵکی پێویستە هاوکاری بەرهەمی ناوخۆ بکرێت، ئەگەر وانەکەین سکی خاڵی مێشکی بەتاڵ دروستدەکات مێشکی بەتاڵیش کۆیلایەتیو پاشکۆیەتی دروستدەکات".
بهێڵن وەرزێرەکان بچێننو بەرهەمەکانیان زیادبکەن، ئەگەر وانەکەن ڕۆژێک لەبەرامبەر بێگانە دەستپاندەکەنەوەو ئەوانیش خواردنی خراپو بەسەرچوتان پێدەدەن جەستەو ڕۆحی کۆمەڵگاکەمان پیس دەکەن".
هەرچەندە ئەم هەنگاوەی کابینەی نۆیەمی حکومەت هەنگاوێکی گرنگە، هاوشانی ئەوەش ناکرێ کەرتو سێکتەرەکانی تر فەرامۆشبکرێ، بەڵکو بۆ ئەوەی وڵاتێ لەسەر پێی خۆی بوەستێو بەهێزبێتو بەرگەی قەیرانو نەهامەتیو ڕووداوی سروشتیو تەواوی دەردو بەڵاکان بگرێت، پێویستە سێکتەرەکانی تر یان کەرتەکانی تر بەتایبەتیش کەرتی پیشەسازی بەیاخی پێبدرێ بەوەش ئابورییەکی بەهێز بینا دەکرێو ئابوری بەهێزیش سەرەکیترین بنەمایە بۆ دەوڵەتو پێشکەوتنەکانی.