کێشەکە تەنیا لە لێبڕین نیە
2021-05-24 07:49:26
هیوا سەید سەلیم
لەسەر بڕیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ مانگی ئایاری ئەمساڵیش وەک مانگەکانی دیکە، حکومەت بە زەقەی چاوی مووچەخۆرانی هەرێم بڕی ٢١٪ لە مووچەی فەرمانبەران دەبڕێت.
بڕینی مووچە کە زۆرێک لە خەڵکی بە (لێدزین) ناوی دەبەن، لە ئێستادا بە هۆی چەندین هۆکار کە ئاماژەیان پێدەکەین هیچ بیانویەکی بۆ نەماوە.
وەک دەزانرێت لە ئێستادا باری قورسی سەر شانی خەڵک تەنیا لێبڕینەکە نیە، بگرە لێکەوتەی ئەو بارودۆخەیە کە بە هۆی لێبڕینی مووچە، گرانبوونی بەهای دۆلار و کەم بوونەوەی داهاتی تاک درووست بووە.
ئەو کاتەی کە کابینەی نۆیەم دەستپێشخەری کرد بەوەی پاشەکەوتی مووچەی گۆڕی بە لێبڕین، بیانووی بۆ لێبڕینەکە ئەوە بوو کە نرخی نەوت دابەزیوە، حکومەت داهاتی بەهۆی پەتای کۆرۆنا نزیک بۆتەوە لە کەمترین رێژە.
بۆیە ئەگەر ئەو بیانووەی حکومەتی هەرێم بۆ ئەو ساکە کە بڕی داهاتی فرۆشی بەرمیلێک نەوت لە نزیکی ٢٥ دۆلار بووبێت رێگای تیدەچوو، وا لە ئێستادا نەوت گەیشتۆتەوە سەرووی ٦٥ دۆلار. واتا بۆ هەر بەرمیلێک ٤٠ دۆلار لە نرخەکەی بەرزبۆتەوە، ئەی چ ڕەوایە کە لێبڕینەکەتان هەر بەرێژەی ٢١٪ بەردەوام بێت؟
ئەوەیان بە تەنیا نموونەیەکی زەقە سەبارەت بە نەمانی بیانووی لێبڕین، باس لە داهاتی ناوخۆ و زیادبوونی باج و سەرانە ناکەین، کە وەک بارێکی قورس خراوەتە سەر شانی هاولاتیان.
هەموو لایەک دەزانین حکومەتی هەرێم داهاتەکەی بە دۆلارە، چەند مانگێکە لە لایەن بانکی ناوەندی عێراقی بەهای دۆلار بەرێژەیەکی بەرچاو لەبەرامبەر دیناری عێراقی بەرزکراوەتەوە، کە ئەوەشیان لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێمە، لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێم سەرجەم سەرفیاتەکانی بە دینارە، تەنیا لە گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار چەند مانگێکە حکومەت قازانجێکی زۆر دەکات.
لە بەرامبەر هەموو ئەو داهاتەی کە لەو چەند مانگە هاتۆتە ناو خەزێنەی حکومەتی هەرێم کەچی دەبیرێت تا ئێستا حکومەت نایانەوێت ئەو لێبڕینە زاڵمانەی لەسەر فەرمانبەران هەڵگرێت.
بۆیە دەڵێین زاڵمانە چونکە لێبڕینەکە و ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە بەهای دۆلار و دینار کراوە چەند قات باری سەرشانی هاولاتیانی قورسترکردووە، کە حکومەت تەنیا لێبڕینەکە دەبینێت ئەگینا باجی خەڵکەکە زۆر زیاترە لە لێبڕینی ٢١٪.
وەک دیارە مووچەخۆران لە لایەک داهاتیان بە رێژەی ٢١٪ کەمکراوەتەوە، زۆربەیان داهاتەکەیان بە دینارە، دیناریش لە بازاڕ بەهۆی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار هێزی کڕینی (قوەی شرائی) زۆر دابەزیوە، زۆربەی کالاکان کە لە بازاڕن بە دۆلار دەفرۆشێتە کریار، هەریەک لەو کاڵایانە بە رێژەیەک نرخیان چۆتە سەرەوە.
واتا ئەگەر داهات و سەرفیاتی خەلکی کوردستان بە (نسبە و تناسب) وەرگرین ئەوسا تێدەگەین کە لێبڕین چ ئاریشەیەکی ئابووری بۆ خێزانی کوردی درووست کردووە.
چەند مانگێکە یاسای بودجە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر دراوە، خەڵکی چاوەڕوان بوون بە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە ئیدی ئەو ستەمەی کە حکومەت بەلێبڕینی بەشێک لە مووچەکەیان لێیان دەکات لەسەریان هەلگرێت.
بەڵام ئاماژەکان ئەومان پێدەڵێن کە هیچ یەک لە هەرێم و ناوەند جدی نین لە جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢١، هەر بۆیەشە لە کاتی خۆی نووسیمان کە هەرێم و ناوەند ریکەوتوون تا رێکنەکەون!!
فەرمانبەرانی هەرێم دەبێت چاوڕوانی ئەوە بن کە یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەویش ئەگەر جێبەجێ بکرێت، ئەگینا وا بڕوات حکومەتی هەرێم زۆر بێ باکانە بە بەردەوامی ٢١٪ مووچەی فەرمانبەران بەدەر لە یاسا گلدەداتەوە.
ئەوەشی کە وا دەکات حکومەت لەو سیاسەتەی بەردەوام بێت، بێدەنگی خەڵکەکەیە بەگشتی و مووچەخۆران بە تایبەتی.
چونکە دەرکەوت ناڕەزایی ژمارەیەکی کەم لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە بەرامبەر لێبڕینی مووچەکەیان نابێتە کارتی فشار لەسەر بەرپرسانی هەرێم، و نە ئەو دەنگە بە رێژە کەمانەی ناو پەرلەمانی کوردستان گوێیان بۆ دەگیرێت، بۆیە چارەسەر لە هاتنە دەنگی هەمووانە لەبەرامبەر ئەو بارە قورسەی کە کەوتۆتە سەر شانی خەڵک.