Draw Media

عێراقی نوێ خەونە زڕاوە مێژینەییکەى خەڵك!

عێراقی نوێ خەونە زڕاوە مێژینەییکەى خەڵك!

2021-05-24 07:47:28


حلمى رەسول رەزا
عێراقی دوای سەددام كە بەعێراقی نوێ دەناسرێتەوە، دیوێكی تری ناشرینی حوكمرانی عێراقە كۆنەكەیە، لەهەژدە ساڵی رابردوودا هەرچی دروشم و بەڵێنی سەوزو سوربوو درا بەخەڵك، بەڵام ئاكامەكەی ئەوە دەرچوو، كە ئێستا سەرۆك كۆمار لەپەیامەكەیدا باس لە دزینی زیاتر لە 150 ملیار دۆلار دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش پرۆژە یاسایەك دەنێرێتە پەرلەمان تا بەشێوەیەكی یاسایی بەرووی ئەو نادادی و تاڵانییە ببنەوە.  ئەوەی سەرۆك كۆمار كردی و ئاشكرای كرد لە مێژووی عێراقی كۆندا مەگەر لە یاسا دێرینەکانى  "سۆمەری و ئەکەدیەکان" بینرابێت، رەنگە جیاوازیەكەوە ئەوەبێت ئەوان یاساكانیان بەناوی خوداوە نوسیوەو بە پیرۆز داویانەتە قەڵەم، ئەوەی دكتۆر بەرهەمیش نەیاری ئەوانەیە كە بەناوی ئاین و نەتەوەوە دونیای سیاسی و ئاینی و بازرگانیانیان تێكەڵ كردوە.  ئەکەدیەکان و بەتایبەتیش حامورابى یاساکانى کە لە ٢٨٢ مادە پێک هاتبوو بنەماى (سزا) یاخود " العین بالعین والسن بالسن، والبادي أظلم) ى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە، هۆکارەکەشى ئەوە بوو کە لە جێبەجێکردنى بنەماى قەرەبوکردنەوەکاندا کوڕو کچ و بنەماڵەى دەوڵەمەندەکان بە پارەو سامان لە دەستى یاسا دەرباز دەبوون، بۆیە ئەکەدیەکان سزایان بەباشتر زانى تاکو هەمووان بە یەکسانى لێى بسەڵمنەوەو تا ڕادەیەکى باشیش توانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن، لەپرۆژەكەی سەرۆك كۆماریشدا، وادەردەكەوێت بەئاگاییەوە لەسەرەوە لە زومرەی سیاسی و دەسترۆیشتوەوە دەستی پێكردوە، چونكە دەزانێت لەعێراقی نوێ ماسیەكە لەسەرەوە بۆگەنی كردوە.
 هەر توێژەرێکى سیاسى یان کۆمەڵایەتى بیەوێ هەروا سەرپێى بەسەر ئەو پرۆژەیەدا گوزەربکات کە ئەمرۆ سەرۆک کۆمارى عێراق بەناوى یاساى " گێڕانەوەى پارەو سامانى دزراوو بە تاڵانبراوەکانى عێراقى بۆ دەرەوەى وڵات" پێشکەشى پەرلەمانى کرد؛ واى لێکدەداتەوە ئەم شێوازەى پێشکەشکردنى پرۆژەیە وەک هەر پرۆژەیەکى دیکە پشتگوێ دەخرێ و زیاتریش دەچێتە چوارچێوەى موزایەدەی هەڵبژاردنەوە. ئەوا بەهەڵەدا چووە، مێژوو ئیش لەسەر فاكت و دیكۆمینتەكان دەكات، بۆیە هەركەس بەراشكاوی و راستی پشتیوانی لەم پرۆژەیە بكات، ئەوا ناوی دەچێتە ئەو مێژووەوە كە نەك خۆی؛ منداڵ و نەوەكانی ئایندەشی دەتوانن شانازی پێوەبكەن" چونكە ئەگەر تەماشاى خاڵەکانى نێو پرۆژەکە بکرێت، هەست بەوە دەکرێ هەرچی رێکارە یاساییەکانە لە ناوەو دەرەوەى وڵات رەچاو کراوەو بە وردى حسابى بۆ کراوە، هەرچى دامودەزگاو ئیدارەى وڵات هەیە خراوەتە بەردەم بەرپرسیارێتى مێژوویى چەندین ساڵەى حوکمڕانى دواى سەددام حسێن، تەنانەت ئەوانەشى کۆچى دواییان کردوە بە خۆیان و ماڵ و منداڵیان و هاوڕیکانیشیان لێى دەرباز نابن. دەكرێ بەبێ هیچ گومانێک هەموو ئەوانەی خۆیان بەدژی گەندەڵی و نادادی دەزانن راشكاوانە پشتیوانی لەم جۆرە پرۆژانە بكەن" كاری یاساناسان و توێژی رۆشنبیرانە چاو لەو راستییە نەنوقێنن و بەدەر لەهەر سەرجێك كە لەسەر دۆخی سیاسی هەیانە، ئەم پرۆژەیە بۆ گۆڕینى کۆسیستەمى بەڕێوەبردنى وڵات ببینن، دیارە مەرج نییە هەنگاوەكان بێ بەربەست تێپەرن و توشی شكست نەبێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئەوەی دكتۆر بەرهەم كردی جێگەی شانازییە نەك بۆخۆی و حزبەكەی بەڵكو  بۆهەموو ئەو دەنگە ئازادیخوازو دادپەروەرانەی لەناو عێراق و كوردستان لەدژی ئەم گەندەڵی و تاڵانییە بەرز بووەتەوە. 
هەروەتر، ئەم پرۆژەیە بۆ بەغدا چەند گرنگى هەیە، دەیان ئەوەندەش بۆ هەرێمى کوردستان گرنگترە چونكە گەر ئەوان گەندەڵی و تاڵانی بەتەواوەتی نەیانخنكێنێ بەوەى خاوەن دەوڵەتن، ئەوا بۆ ئێمە گەندەڵی لە تیرۆر مەترسیدارترە و رەنگە ببێتە هۆى نابووت بوونی هەموو ئەودەستكەوتانەی تا ئەمرۆ بەدەست هاتوون.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand