Draw Media

عیراق ئاشتبونه‌وه‌ی گشتی یان ترازانی ته‌واو 

عیراق ئاشتبونه‌وه‌ی گشتی یان ترازانی ته‌واو 

2021-05-22 19:28:15


له‌تیف فاتیح فه‌ره‌ج 
عیراق له‌ كه‌ناری كه‌وتنێكی مه‌ترسیداردایه‌، نه‌ك له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی ئابوریه‌وه‌ دۆخی خراپه‌ ، یان به‌ هۆی گه‌نده‌ڵی و به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هه‌ژاری و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و ته‌نانه‌ت بوونی میلیشیای چه‌كداره‌وه‌ ، له‌ به‌ر هه‌موو ئه‌مانه‌ نا ،له‌ به‌ر نه‌بوونی متمانه‌و بڕوا به‌ یه‌كتر كردن له‌ لایه‌ك و له‌ به‌ر ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كی له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ، ئه‌وه‌ جگه‌ له‌وه‌ی تۆمه‌ت دانه‌پاڵیه‌كتر ، یه‌كشكاندن ، تێكدانی په‌یوه‌ندی نێوان لایه‌نه‌كان و سه‌ركرده‌كان و هاونیشتمانیه‌كان بووه‌ به‌ بابه‌تێكی رۆژانه‌و خه‌ڵكانێكیش هه‌ن ئاسیاویان به‌م كاره‌ ده‌گه‌ڕێت و ئیشیان ئه‌وه‌یه‌ درزو كه‌لێن دروست بكه‌ن ، ئه‌وه‌ی جێی خه‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌ پاره‌ش به‌م سیخوڕی و راپۆرتنووسیه‌ وه‌رده‌گرن .
شیعه‌ له‌ ناو یه‌كترا متمانه‌یان به‌ یه‌كتر نیه‌ ، سونه‌ هه‌روه‌ها ، كوردیش له‌وان باشتر نیه‌ ، گروپه‌ جیاجیاكانی نێو یه‌ك حزب بڕواو متمانه‌یان به‌ یه‌كتر نیه‌ ،میدیاكان كار له‌ سه‌ر نه‌مانی ئه‌و متمانه‌یه‌ ده‌كه‌ن ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شی زۆری میدیاكان كه‌وی بووی ئه‌م و ئه‌ون ، ئه‌وانیش بۆ پاشقوللێكدان و شكاندنی ئه‌وی تر كاریان به‌وه‌یه‌ ، یانی به‌شێكی زۆری ماڵپه‌ڕو په‌یج و ته‌نانه‌ت رادیۆو كه‌ناڵه‌كان ئیشیان به‌و هه‌راو تێكبه‌ردانه‌یه‌ ،له‌و بارو دۆخه‌دا نه‌كۆكه‌ره‌وه‌ هه‌یه‌ ، نه‌ كه‌س ده‌توانێ‌ كۆكه‌ره‌وه‌ بێت ، ته‌نانه‌ت له‌و ده‌مه‌یشڕا كه‌ پێكه‌وه‌ داده‌نیشن خه‌یاڵیان لای ئه‌وه‌یه‌ چۆن یه‌كتر له‌ چاڵبنێن .
له‌ دۆخێكی ئاوادا ، له‌ بارو دۆخێكدا كه‌س رێگه‌ به‌وی تر نه‌دا قسه‌ بكات ، كه‌س ئاماده‌ نه‌بێت گوێ‌ له‌وی تر بگرێت ، هه‌موو به‌ گومانه‌وه‌ سه‌یری یه‌كتر بكه‌ن ، زۆر كه‌م هه‌بن گره‌و له‌ سه‌ر به‌یانی باشتر بكه‌ن و زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان گره‌و له‌ سه‌ر بردنه‌وه‌ بكه‌ن ، ئه‌مه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌ر حسابی له‌ ناودان و خنكاندنی ده‌نگی لایه‌نی دیكه‌ش بێت ، به‌ر له‌ هه‌ڵبژاردن خه‌ڵك هه‌بن باسی بردنه‌وه‌ی پۆسته‌كان و وه‌رگرتنی ده‌سه‌ڵات بكه‌ن ، به‌رله‌ هه‌ڵبژاردن زمانی هه‌ڕه‌شه‌و كه‌واندنی یه‌كتر ده‌ستپێبكات ، ته‌زویرو ساخته‌ یه‌ك له‌ باشترین چه‌كه‌كانی ده‌ستی زۆربه‌ی لایه‌نه‌كان بێت بۆ بۆڕدانی یه‌كتر ، له‌ دۆخێكی ئاوادا ئومێدی هه‌ستانه‌وه‌ زۆر ئه‌سته‌مه‌ و ته‌نانه‌ت كاره‌كته‌ره‌ باش و خه‌مخۆره‌كانیش كه‌ زۆر كه‌مینه‌ن توشی نیگه‌رانی و نائومێدی ده‌بن. 
بۆ ده‌ربازبوون له‌م دۆخه‌ شێواوه‌ ، دوو رێگه‌ له‌به‌رده‌مدایه‌و رێگه‌ی سێیه‌م بوونی نیه‌ ، یان ئه‌وه‌تا ئاشتبوونه‌وه‌و په‌یمانی شه‌ره‌فی ئاشتی به‌ستن ، یان ترازان و چاره‌سه‌رێكی دیكه‌ به‌و مانایه‌ی ماڵی شیعه‌ بۆ شیعه‌و سونه‌بۆسونه‌و كورد بۆكورد ، بۆ ئه‌مدوورێگه‌یه‌ش پێویسته‌ كۆمه‌ڵێك رێ‌ و شوێن بگیرێته‌ به‌ر، ئاشتی پێویستی به‌ گردبوونه‌وه‌و كه‌مكردنه‌وه‌ی جیاوازیه‌ ناجۆره‌كان و ململانێكان هه‌یه‌ ، واته‌ پێویسته‌هه‌ر لایه‌نه‌ سه‌ره‌تا له‌ ناو خۆیاندا رێك بكه‌ون ، خۆیان كۆبكه‌نه‌وه‌ ، نوێنه‌رو قسه‌كه‌ری خۆیان دابنه‌ن و بێنه‌ سه‌ر مێزی گفت و گۆ ، بۆ نمونه‌ ئه‌و هه‌موو لایه‌نه‌ شیعیه‌ پێك ناكۆكه‌هیچ بوارێك نه‌ماوه‌ته‌وه‌ بۆ قسه‌ له‌ ته‌كا كردنیان ، ئه‌وان له‌ ناویه‌كدا دژو دوژمنی یه‌كن ،چ جای له‌ ته‌ك ئه‌وانی ده‌ره‌وه‌ی شیعه‌دا ،واته‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی شیعه‌ به‌ جیا ، یه‌كخستنه‌وه‌ی سونه‌به‌ جیا، یه‌كخستنه‌وه‌ی كورد به‌ جیاو دواتر گفت و گۆ له‌ سه‌ر ئاشتی و هه‌ڵبژاردنی پاك و دیموكراسیه‌ت و ئاینده‌ی باشتر ، ئایه‌ ئه‌مه‌ دێته‌ دی ،ئه‌گه‌ر نه‌یه‌ته‌ دی قسه‌ له‌سه‌ر ئاینده‌ی باشتر ، هیچ مانایه‌كی نابێت و شتی ئاواش ڕوونادات .
ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ ڕوونه‌دات پێویسته‌ بیر له‌ سیستمی كۆنفیدراڵی و پێكه‌وه‌یی ئاره‌زوومه‌ندانه‌ بكرێته‌وه‌ به‌و جۆره‌ی كاتی خۆی جۆ بایدن پێشنیازی كرد ، ده‌كرێ‌ به‌غدا چه‌قی پێكه‌وه‌یی بێت و به‌ هه‌مان جۆری ئێستا سه‌رۆك كۆمارو نوێنه‌ری هه‌رسێ‌ كۆنفیدراڵیه‌كه‌و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كانی ناوه‌ند هه‌بن و هه‌رێمه‌كانیش خۆ به‌ڕێوه‌به‌ری خۆیان هه‌بێت ، یان ده‌كرێت له‌ سه‌ر شێوازێك رێكبكه‌ون .

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand