لەیادى کاک نەوشیرواندا، کێ وەفادارە و کێ خیانەتکارە؟
2021-05-17 16:21:32
د. ئیسماعیل نامیق
راستیەک هەیە وەکو خۆر ئەدرەوشێتەوە وکەس ناتوانێت نکۆڵى لێبکات، ئەویش ئەمەیە، بەندە و سەدان کەسى دیکەى وەکو من، لەناو گۆڕان و دەرەوەى گۆڕانیش، قەرزارى کاک نەوشیروانین، ئەو بوو ئێمەى هێنایە پێشەوە، پشتیوانیى و پشتگیریى کردین.... هتد. من وەکو خۆم تا مردن خۆم بەقەرزدارى ئەزانم و وەفاداریش ئەبم بەرامبەر ئەو قەرزە. بەڵام لەپاڵ ئەم راستیەدا راستیەکى دیکە هەیە، ئەویش ئەمەیە، ئەو وێنەیەى کاک نەوشیروان کە ئێمە لەژیانیدا پێى ئاشنابووین، زۆر جیاوازە لەو وێنەى پاش مردنى کەس و هاوڕێکانى بۆیان کێشا!! بەواتایەکى دیکە، کاک نەوشیروانى پێش مردن، تەواو جیاوازە لەکاک نەوشیروانى دواى مردن، لەبەرئەوەى:
یەک: ئەو لەژیانیدا بەردەوام لەناو خەڵکدا بوو، باوەڕ ناکەم هیچ کات تەنیا بوبێت، کەچى دواى مردنى بەتەنیا و دوور لەخەڵک لەگردێکدا دەنێژرێت.
دوو: ئەو رێزى لەئایین ئەگرت، بەڵام پیاوێکى لیبراڵ بوو، هیچ کات نەمبیستووە باوەڕى بەمەزارگە و مەرقەد و ئەو شتانە بێت، کەچى ئێستا گۆڕەکەى خۆى کراوە بەمەزار و مەرقەد و ئەوانەى گەندەڵى ئەکەن، ئەچن لەسەر گۆڕەکەى وێنەیەک ئەگرن و وا پیشانى خەڵکى ئەدەن کە پاک بوونەتەوە!!
سێ: ئێمە بۆیە کاک نەوشیروانمان لەکەس و کارى خۆمان خۆشتر ئەویست، چونکە ئەو لەژیانیدا جیاوازى نەئەکرد لەنێوان کەس و کارى خۆى و ئێمە و خەڵکى تریشدا، بەڵام ئەو وێنەیەى کە دواى مردنی بۆیان کێشا تەواو جیاوازە لەم تێڕوانینە، چونکە ئەو وێنەیەى کە هاوڕێکانى دواى مردنى بۆیان کێشا، واى پیشان ئەدات کەکاک نەوشیروان تەنها لەخەمى منداڵەکانى خۆیدا بووە!! ئاستەمە قەناعەت بەمە بکرێت!! نا ئەمە هەرگیز ئەخلاقى کاک نەوشیروان نەبووە و نیە، بەڵکو وێنەکە شێوێنراوە.
چوار: ئەو دژى تەکەتول بوو، بەیەک ئاست لەهەموومانەوە نزیک و دوور بوو، هەمووجارێک شانازى بەوەوە ئەکرد کەگۆڕان بەجۆرێک دروستکراوە، مەجالى دروستبوونى تەکەتولى تێدا نیە، کەچى دواى مردنى، قسەیەکیان بەدەمیەوە هەڵبەستى، گوایە پێش مردنى ووتویەتى: گۆڕان با لاى بەڕێز کاک عومەر بێت، چونکە ئەو نایفرۆشێت!! واتە ئەوانى تر ئەیفرۆشن!! ئاستەمە باوەڕ بکرێت بەوەى ئەمە قسەى کاک نەوشیروان بێت.
پێنج: ئەو ناڕازی بوو، ئۆپۆزسیۆن بوو، خاوەنى ( نا ) ى بەردەوام بوو، وە تا مردیش فەرمانى گرتنى لەلایەن پارتیەوە هەبوو!! کەچى هەر دواى مردنى هاوڕێکانى کەهەمیشە رازى و بەشدار لەدزى، بەناوى سیاسەتکردن و گریمانەکردنى ئەگەر خۆشى بمابا هەر واى ئەکرد، سوک و باریک لەگەڵ فەرماندەرى گرتنەکە رێککەوتن و بونە هەڤاڵى هەڵسوڕاو!!
شەش: گەواهى ئەدەم بۆ مێژوو ( کاک رەزاق شەریف ) لەیەکەم کۆبوونەوەى جڤاتى نیشتمانى دواى مردنى کاک نەوشیروان، ناوى هەندێک سەرکردەى هێنا و ووتى: ئەمانە هەندێکێان هەر لەژیاندا بوون مردن، هەندێکیان دواى مردنیان سڕانەوە و بەیەکجارى مردن، راستە کاک نەوشیروان بەجەستە لەناوماندا نەماوە، بەڵام تکایە با نەهێلێین مێژووى کاک نەوشیروان، روحى کاک نەوشیروان بمرێت. ووتى: کاک نەوشیروان سەرکردە بوو، سیاسى بوو، رۆشنبیر و نووسەر بوو، خاوەنى تیۆر و دید و تێڕوانینى تایبەت بەخۆى بوو، ئەو بازرگان نەبوو، سەرمایەدار نەبوو.....هتد.
مەرج نیە ئەوەى هاوارى کەسێکى کرد دڵسۆزى ئەو کەسە بێت، ئەوەى بانگەشەى رێبازێکى کرد لەگەڵ رێبازەکەدا راستگۆ بێت، هەورەها مەرجیش نیە ئەوەى لەسەر ئەم ووتارە جنێو بەمن ئەدات لەمن دڵسۆزتر بێت بۆ کاک نەوشیروان. زۆر جار رویداوە دواى مردنى رێبەرى ئایینیی وسەرکردەى سیاسى خەڵکێکى بەرژەوەندیخواز خۆیان بەمیراتگرى پەیامەکەى ناساندووە، بۆ پارێزگاریکردنى بەرژەوەندییەکانیان، پەنایان بردۆتە بەر دەمارگیریى و توند پیشاندانى پەیامەکە، سەرەنجام پەیامەکە شکستى خواردووە و میراتگرە موزەیەفەکەش بەرژەوەندییەکانى خۆى کردووە بەبنەماى نەگۆڕى پەیامەکە.
لەکۆتاییدا دەڵێم: وێنەى کاک نەوشیروان لاى من هەمان ئەو وێنەیەیە کە پێش مردنى لەمێشکمدا چەسپیووە، هەموو ئەو وێنانەى دیکە کە میراتگرە موزەیەف و بەرژەوەندیخوازەکانى پەیامەکەى دواى مردنى پیشانى خەڵکیان داوە و ئەدەن، تەنها زیانى بەکاک نەوشیروان گەیاندووە و خزمەتى بەخۆیان کردووە، رۆژگاریش راستى و ناڕاستى ئەم مەسەلەیە دەسەلمێنێت.
روحت شاد و رێگەکەت ئازاد