کورد ئیشی خۆی ئەکات!
2021-05-17 11:17:12
لاوەند نەوزاد
كاتى خۆی دوو برای دووانە هاتبوونە بریتانیا، یەکیان مافی پەنابەری پێدراو پاسپۆرتی وەرگرت، ئەوەی تریش داواکەی رەت کرایەوە، نە پاسپۆرتی هەبوو، نەمافی کارکردن!
لەبەر ئەوەی ئەو دوو برایە لەیەک ئەچوون، هەر جارەو یەکێکیان بە پاسپۆرتەکە سەفەری کوردستانی ئەکردەوە! حکومەتی شاژنیش مێش میوانی نەبوو!
ئەوە نییە ئەڵێن کورد ئیشی خۆی ئەکات؟
پیاوێکی بەتەمەن ئەچووە لای هەر دکتۆرێک، دکتۆرەکە پێی ئەوت: کاکە نابێ تۆ عەرەق بخۆیتەوە، لانی کەم نیو قاپ مەخۆرەوە بیکە بە چارەکێک، ئەویش ئەیوت ناتوانم..
رۆژێک بیرۆکەیەکی بۆ هات؛ چووە لای دکتۆرو ئەویش لێی پرسی: شەوانە چەند ئەخۆیتەوە؟
لەجیاتی بڵێ نیو قاپ، وتی یەک قاپ، دکتۆر وتی کاکە نابێ یەک قاپ زۆر زۆرە، ئەبێ واز بێنێ، یان لانی کەم بیکە بەنیوە!
ئەویش وتی: وەڵا زۆر باشە ئەیکەم بەنیو قاپ!
ئیتر هاتبووە دەرەوە وتبووی: ئەم دکتۆرە زۆر داماو بوو، چونکە نەیزانی فێڵم لێ کرد!
ئەی ناڵێن کورد ئیشی خۆی ئاکات؟
لەم کوردستانە ئازادەی خۆمان، یەکێک لە کافتریا دانیشتووە، گوێی لەپیاوێکی باڵابەرزی قات لەبەرە بەتەلەفۆن قسە لەگەڵ برادەرێکی دەکات بۆ واستەی ڤاکسین، کاکم جوان گوێ ئەگرێ: قات لەبەرەکە ئەڵێ: تەواو تێ گەیشتم، سبەی ئەچمە لای (کاک ...) و پێی ئەڵێم من ناوم (...) ە و بەڕێز (...) منی ناردۆتە لای تۆ بۆ ڤاکسینی فایزەر!
کابراش کە گوێی لەمە ئەبێ ئەڵێ وەڵا ئاسانە! رۆژی دوایی پێش قات لەبەرەکە ئەچێتە شوێنی مەبەست و ئەڵێ فڵان ناردوومی، ئەوانیش پوختەوجوان ڤاکسینی ڤایزەر ئەخەنە خزمەتی!
هەر بەبۆنەی ڤاکسینەوە، برادەرێکم وتی:
پێیان وتووم نەکەی ڤاکسین وەرگریت، چونکە لەوانەیە کاریگەری خراپی هەبێ بۆ سەر عەقڵت!
ئەویش وتبووی، نا هیچ خەمتان نەبێ، ئەگەر عەقڵم هەبوایە، دەمێک بوو ئەم وڵاتەم جێ هێشتبوو، بۆیە دڵنیا بن بایی ئەوە عەقڵم نییە تا ڤاکسین کاری تێبکات !
ئاساییە قوتابی هەوڵ بدا فێڵ لەمامۆستا بکات، بەڵام نابێ مامۆستا فێڵ لەقوتابی بکات!
مامۆستایەکی خۆم گێڕایەوە:
کاتی خۆی لەپۆلی سێی ناوەندی، کە ئاکامی تاقیکردنەوەی مانگانەم وەرگرتەوە، چوومە لای مامۆستای بابەتەکەو پێم وت: ئەمجارە غەدرت لێ کردووم.
مامۆستاش وتی: وا نییە کوڕی خۆم، بڕوا بکە پێنج دەرەجەی زیادیشم بۆ داناوی!
وتی منیش پێم وت: مامۆستا ئەم فڕو فێڵە ئیشی خۆمانە، تۆ رێک سفرت بۆ داناوم، ئیتر کوا پێنج دەرەجە زیادەکە؟
وتی مامۆستا لەشەرما نەیزانی چی بکات، وتی هەستە بڕۆ دەرەوە هەتیو!
کورد ئیشی خۆی ئەکات.. بەڵام شەرت نییە هەموو جارێ سەر بگرێت!