پرۆسەی هەڵبژاردن وەک دەرئەنجامی عەقڵی مەدەنی
2021-05-15 17:35:27
بەهرە حەمەڕەش
تا ئەم کاتەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەڵبژاردن نەیتوانیوە بوارێک بۆ دیموکراتی دروست بکات، هێشتا تێنەگەیشتووین، کە سندۆقراتی دیموقراتی دروست ناکات، دەبێ بەر لە دانانی سندوقی دەنگدان، کار لە سەر سندوقی سەر بکرێت، چونکە ماهیەت و تێگەیشتن دەبێ لە سندوقی سەرەوە بچێتە سندوقی هەڵبژاردن و ببێتە پرۆسەی ناو کۆمەڵگە. ئەوکات دەتوانین سود لە سندوقی دەنگدان وەربگرین، کە هاوڵاتی هوشیاربووەوە و باوەڕی بە دیموکراتیەت هەبوو. دەشزانیت کام بەربژێر و کامە پارت دەتوانێ لە ئاستی خواست و خزمەتکردنی ئەودابێت، بە پێچەوانەوە دەبێتە نمایش و تەمسیل.
ئەگەر پەرلەمانی هەولێر و بەغدا بە نموونە سەیر بکەین، لە کاتی دامەزراندنی پەرلەمانەوە لە جیاتی پێشکەوتن، بەرە بەرە ئاستی پەرلەمان دادەبەزێت و خەڵکانی ناشایستە لە ناو پارتەکان بەربژێر دەکرێن و دەنێردرێنە پەرلەمان وەک نوێنەر، خەڵكێک نانێرن، کە سومعەی پارتەکان بەرز بکاتەوە، شایستەی کاری پەرلەمانی بێت و ببێتە بەشێک لە مێژووی راستەقینەی. ئێستا بەشی زۆرینەیان لە جیاتی بەرزکردنەوەی ئاستی هوشیاری کۆمەڵگە لە بواری جیاجیا، کاریگەرییان لە سەر هێنانە کایەی مۆدێلی ناشیاو و پێشێلکردنی بەها و رەمزەکان هەیە. هەم لە ناو ئەو پارتانەی، کە دەسەڵاتیان لایە هەم ئەو پارتانەی، کە وەک ئۆپۆزسیۆن هەڵسوکەوت دەکەن.
مۆدێلێکی تر، کە هۆکاری بەرچاوی بەرەو دواوەچوونەوەی کۆمەڵگەیە، گرنگیدانی حزبەکانە بە خەڵکی نەخوێندەوار و بەرژەوەندیخواز، نەخوێندەوار لە رووی تێگەیشتن و دنیابینی، نەک لە رووی بڕوانامەوە، چونکە زۆربەی نەخوێندەوارەکان بە پێوەری دنیابینی و تێگەیشتنی هەم زانستی و هەم رۆشنبیری پێویست. خاوەن بڕوانامەی بەرزن لە سایەی ئەم دۆخەی، کە دروستکراوە. نەخوێندەوارەکان دەزگا و دامەزراوە حکومی و ئەهلییەکان بەڕێوەدەبەن. دەکرێن بە وەزیر، پەرلەمانتار و دەخرێنە پۆستە جیاوازە هەستیارەکانەوە. دەزگاکانی راگەیاندن هەڵدەسوڕێنن و مۆدێلی سەیر و سەمەرە دادەهێنن، کە زیانی درێژخایەنی لە سەر رەوشی کۆمەڵگە دەبێت. نەخوێندەوارەکان دەبن بە دکتۆر و مامۆستای زانکۆ، بازرگانی بە جەستە و زهنیەتی خەڵکەوە دەکەن. دەکرێن بە قائیماقام و مدیر ناحیە و بەڕێوەبەری کارەبا و ئاو، زەوی داگیردەکەن و فشاری جۆراوجۆر دەخەنە سەر خەڵک و هەریەکەیان بۆ خۆی یاسایەک دەردەکات. خاوەن موەلیدەیەک دەتوانێ چەندین رۆژ کارەبا لە سەر خەڵک ببڕێت و بەرپرسەکەشی بەرگری لێدەکات و گوێ بە داواکاری خەڵک نادات. نەخوێندەوارەکان خاوەن مۆڵ و نەخۆشخانەی ئەهلی و باخچەی ساوایانن، خاوەنی بەنزینخانە و پڕۆژەی گەورەی بازرگانین، لە پڕ دەبنە خاوەنی سەرمایەیەک، کە خۆشیان نازانن چۆن مامەڵە لە گەڵ سەرمایە ماددی و مرۆییەکەیدا بکەن. ئەم رەوشە مرۆڤی بێ ئینتیما بۆ خاک و وڵات، بۆ رەمز و سەرکردە، بۆ پێشمەرگە و شەهیدان، بۆ خەباتی سەدساڵەی ئەم نەتەوەیە دروست دەکات. نەوەیەک بەرهەم دەهێنێت، کە ئاشنای دوژمن و ئەشقی داگیرکارانی بێت، چونکە لە ژێڕ فشاری بەرپرس و کاربەدەستە نەخوێندەوارەکانی هەم حکومەت و هەم بە ناو ئۆپۆزسیۆنەکانە، هەریەک بە جۆرێک نمایشی بێ مانا و دژ بە پرەنسیپە مرۆیی، نەتەوەیی و نیشتیمانییەکان دەکەن.
ئەگەر چاوێک بە مێژووی سی ساڵی حوکمڕانی لە هەرێم بخشێنین، دەبینین، کە لە رووی سیاسی، دبلۆماسی، بەڕێوەبردن و بوارەکانی تری رۆشنبیری، هونەری... قۆناغ بە قۆناغ کەڵەکەبوونی ئەزمون و پێشکەوتنی بە خۆیەوە نەبینیووە. هیچ ئەرشیف نەکراوە و کەس سودی لە هەڵەکان/ تاواناکانی کەسی پێش خۆی وەرنەگرتووە. کەواتە پرۆسەکە بە تەندروستی دەستی پێنەکردووەو بە واقیعبینانە بەردەوام نەبووە. راستە هۆکارەکان تەنیا پەیوەندی بە رەوشی ناوخۆییەوە نەبووە، چونکە پارت و پێکهاتەکان کوردستان لە ژێر دەستوەردان و هەژمونی دەرەکی بوون، یان حزبی پارچەکانی تر بۆ تێکدانی رەوشەکە بەکارهێنراون. ئەوە زەمینەی بۆ خەڵکی هەلپەرست خۆشترکردووە، وایکردووە، کە سود لە توانای خەڵکی هوشیار و بە ئەزمون وەرنەگیرێت.
ئەگەر مەبەستمان زیاتر چڕ بکەینەوە، لە سەر ئەزمونی پرۆسەی هەڵبژاردن، کە لە ساڵی ١٩٩٢ یەکەم ئەزمون لە باشوری کوردستان دەستیپێکرد، ئێستاش ئێمە بە هەمان شێوە لە بەردەم ئەزمونێکی نوێ یان ئەزمون و یاسایەکی نوێی هەڵبژاردنین. راستە هێشتا بە پێی ئەو کاتەی دانراوە، کە مانگی ئۆکتۆبەری/ ٢٠٢١، زووە بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا جوڵە و پڕوپاگەندەی پارت و بەربژێرەکان دەستیپێکردووە. دەستکراوە بە بەکارهێنانی کارتی فشار و گرنگیدان بە کادری یەکتر.
بە پێی ئەزمونی هەڵبژاردن لە سێ بوار، ئەنجومەنی پارێزگا، پەرلەمانی کوردستان و بەغدا، دەبوایە زیاتر هونەری هەڵبژاردن لە بواری عەقڵانی و تاکتیکی هەڵبژاردن بەشێوەیەکی باشتر بوایە، چونکە ئێستا کۆمەڵێک کارت بەکاردەهێنن. دەبوایە ئەم جۆرە کارتە زۆر، لە نزیکی هەڵبژاردن بوایە، چونکە سودی زیاتر دەبوو. ئەمە خاڵێکی ترە، کە دەرخەری ئەوەیە سود لە ئەزمون وەرناگیرێت و بەرەوپێشچوون لە پرۆسەکە نییە.
خاڵێکی تری شایانی باسکردن ئەوەیە، کە پارتەکان تەنیا لە کاتی هەڵبژاردن ئیش بۆ هەڵبژاردن دەکەن و بە رێکەوت خەڵک بەربژێر دەکەن، بەڵام لە پرۆسەی راستی هەڵبژاردن، دەبێ دەزگایەکی تایبەتی بواری هەڵبژاردن هەبێت. بۆ ئەوەی کار لە سەر ئامادەکردنی کادران بۆ بەربژێرکردن بکرێت، کەواتە دەبوایە پێشتر کادر ئامادە بکرێت، هەم لە سەر ئاستی حزب و هەم لە بواری میدیا و هەم خەڵک، بۆ ئەوەی کەسانێک ببنە نوێنەر و دواتر بخرێنە پێگەی بەرپرسیارێتی، کە بەرچاوبن جۆرێک لە سەرنجڕاکێش بن لە رووی پێشکەوتنەوە بۆ خەڵک. بەداخەوە لە جیاتی ئەو پرۆسە پەروەردەییە، پارە لە کۆشک و دیوەخان و کادر کڕین و دەنگکڕین، خەرج دەکەن یانیش پەنا دەبەنە بەر ساختەکاری.
ئەمەش بەرەبەرە، لە رەوشی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و گۆارانکاری لە یاسای هەڵبژاردن، رۆڵیان لاواز دەبێت، لە دنیای پێشکەوتوودا، باشترین رێگەی پڕوپاگەندە بۆ هەڵبژاردن لە رێگەی خزمەتگوزاری ناو حکومەت و پەرلەمان دەکرێت. واتە کێ خزمەگوزاری زیاتر پێشکەش بە خەڵک بکات لە رووی فکر، هەم پڕۆژەی پێشکەوتن و گەشەکردنی ژیانی خەڵک ئەو سەرکەوتوو دەبێت. هەر ئەم هەڕەمەکیە لە کارکردن بووەتە هۆی ئەوەی، کە جۆرێک لە ناشارەزایی و ناڕاستگۆیی زەق لە دروشمی بەربژێری هەموو حزبەکانداهەیە، چونکە کاتێک دروشمی ناواقیعی بەرز دەکەیەوە، ئەوا ناڕەوایەتییەکان زەقتر دەردەکەون.
دیاردەیەکی تری نا شیاو زیادەڕۆییکردنە لە بڵاوکردنەوەی وێنەی بەبربژێرەکان، کە دیسان ئەمە کاریگەری نەرێنی لە سەر سایکۆلۆژیەتی خەڵکی نەدار و هەژار هەیە، چونکە عەقڵیەتەکە هی پرۆسەیەکی مەدەنی وەک هەڵبژاردن نییە. هەوڵ دەدەن زۆرترین وێنە بڵاوبکەنەوە، ناواقیعیترین دروشمی لە سەر بنوسن، لە جیاتی پاشگری زانستی و بواری شارەزایی، ناوی بنەماڵە و خێڵ و عەشیرەت بکەنە پاشگری ناوەکانی خۆیان. هەروەها لە کاتی قسەکردنیان لە کەناڵەکان قسەی ئەمڕۆیان لە گەڵ قسەی سبەی دژبەیەکە. لێرەدا ئەگەر بۆ وێنە گەورەکە بگەرێینەوە دەبینی، کە چۆن خێزانێکی بچوک دوو بۆ سێ ئۆتۆمبیلی هەیە. لە خانوێکدا دەژیت، کە زۆرگەورەیە، ئەم هەموو زیادەڕۆییە لە بڵاوکردنەوەی وێنەو هەڵواسینی دروشمی قەبە و قسەی ناواقیعی دەرخەری عەقڵیەتە دیوەخانییەکەیە. راستە هەڵبژاردن پرۆسەیەکی مەدەنییە، بەڵام ریکلامەکەمان گوزارشت لە عەقڵی دیوەخان دەکات.
ئەگەر پرسیارێکی کراوە بە جێبێڵین، ئایا ئەگەر بەم شێوەیە، کە ئاوا پرۆسەی هەڵبژاردن بەردەوام بێت، خزمەتی خودی حزب، ئینجا کۆمەڵگە و نەتەوە دەکات؟!