ئیسلامییەکانی کوردستان
2021-05-14 20:00:00
سەهین موفتی
بەهەموو پێوەرێکی ئایینی ئیسلامی، (شەرع) حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان لە فەرموودەکانی ئاسمان و پەیامهێنەری ئاینەکەیان دوور کەوتوونەتەوە...!
دەنا ئەوە چەند رۆژە هاوخوێنان و برایانی ئیماندارانییان، لەلایەن زایۆنییەکانەوە لە کەرتی غەززە دەهاڕدرێن...!
کەچی، حیزبە ئیسلامییە کەمپینچیەکانی هەرێمی کوردستان، ئەوانەی کە لەبۆ گیانی حکومەتی کوردستان و ئەزموونی هەرێم وەک موجاهید لەخۆیان دەڕوانن و دەستەڵاتیش بە ئەبو لەهەب دەچوێنن، بێ دەنگن، تەنانەت سەنگەری سۆشیاڵ مێدیاشیان بای هێندە نەبووە کە وڵاتانی عەڕەبی و ئیسلامی لە سێ دەیەی رابردوودا کۆمەکیانی کردوون...!
پێش راپەڕینی نەوەدو یەک، تاکە هێزی ئیسلامی کە شەڕی لەبۆ خاک و جوگرافیای کوردستان لە بەرگی ئیسلام دەکرد، بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بوو، تەنانەت لەسەردەمی بەرەی کوردستانیشدا رۆڵی هەبوو، چەندان شەهیدو برینداریشی هەبوو لەپێناو کوردستان، کەچی لە دوای راپەڕینەوە هێدی هێدی، بە هاوکاری هەندێک وڵاتانی عەڕەبی و ئێران، بزووتنەوەکەیان بەسەر چەند حیزبێک شی کردەوەو تا ئاستی ئێستێ، کە شەرم دەکەن لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا بەشداری بکەن...!
حیزبە ئیسلامییەکانی کوردستان، لە ماوەی دەساڵی رابردوودا جگە لە هەوڵدان بۆ ناشرینکردنی ئەزموونی حوکمڕانی کوردستانی ( کە لێشی بەشداربووون) و نانەوەی ئاژاوە هیچی دی پیشەیان نەبووە.
شەڕی داعش، شەڕی حەشدی شیعی و شەعبی گەواهین کەلە سەنگەرەکانی بەرگری کوردستان، چەکدارێکییان نەبوو، تەنانەت خوازیار بوون، ئەبو تەڵحەو ئەبو موقەدەس و والی و ئەمیرەکانی موسڵ، بە ئاسانی بگەن بە هەولێر...!
دەنا، ئێستێ بەشداری کردن لە جیهادی راستەقینەی ئیسلامی هێند سانابووە، دەکرێت هاوشێوەی هەموو ئەم کەمپینانەی لە کوردستان رێکییان دەخست، ناونووسی کادیران و لایەنگران و چەکدارانییان کردباو پێشکێشی حکومەتی غەززەیان کردبا لەبۆ شەڕی زایۆنییەکان..!