دوو فرمێسک بۆ ئەوان و تەنها دانەیەکیش بۆ خۆمان!
2021-05-11 19:32:45
حسێن عەلی شەریف
دەربڕینی هەست و سۆزی موسڵمانێکی ئاسایی کورد بۆ هەر گەلێکی تری موسڵمان، لە نێوانیشیانا (عەرەبی فەلەستین) کاردانەوەیەکی ئاساییە و ئەکرێت هەر ڕوداوێکی لەمشێوەی ئەمڕۆ کار بکاتە سەر لایەنی سۆزداری ئەو کەسە.
بەڵام بۆ ئەو حیزبە ئیسلامیانەی کە لە شوێنی گەرمەوە زمانیان شتێکی تر ئەڵێت و هەڵس وکەوتیان شتێکی تر ئەنوێنێت، بۆ ئەو پیاوە بانگخوازە ئیسلامیانەی کە دەیان ساڵە جگە لە هونەری هاوارکردن و دۆعاتێکردن، شتیکی تر نازانن، جۆرێکی ترە!
چونکە ئەو کاتەی موسڵمانێکی سادە و بێئاگا لە دونیای سیاسەت و زانیاری فرمێسک بۆ هاودینێکی عەرەبی هەڵبڕێژێت، مایەی لۆمەکردن نیە و بگرە ئەبێت ڕێزیش لە خەمباریەکەی بگیرێت، بەڵام بۆ ئەو حیزبە ئیسلامیانە، یان ئەو بە ناو بانگەوازخواز و مەلا و دکتۆر و داعیانەی کە باش لە دونیا ئاگادارن، جگە لە خەڵک فریودان و خۆ خەڵەتاندن هیچ شتێکی تر نیە.
چونکە هەر فیشەکێک کە ئیسرائیلیەکان بەرە و ڕوی عەرەبەکان بیتەقێنن، بەشێکی پارەکەی موسڵمانان خۆیان ئەیدەن!
ساڵانە ملیۆنەها موسڵمانی دونیا سەردانی سعودیە ئەکەن و پارە ئەبەنە ئەو وڵاتە، دیارە بە کوردە موسڵمانەکانیشەوە، ئایا لە خۆتان نەپرسیوە ئەو پارە بۆ کوێ ئەڕوات؟
بێگومان ئەو پارە بۆ هاریكاری برسیەكانی سۆماڵ و ئاوارەكانی سوریا نەڕۆشت، بەڵكو ئەڕوات بۆ خەزێنەكانی ئەمەریكا!
تەنها لە سەردەمی دەست بەکار بوونی دۆناڵد ترامپا لەیەک مامەڵەدا، سعودیەکان بڕی ٣٥٠ ملیار دۆلار زیاتر چەک و تەقەمەنیان لە ئەمەریکا کڕی!
ئەو چەکانە بۆ ئەوە بەکار نەهاتن کە قەسفی تەلئەبیب و حەیفا و ئۆرشەلیمی پێبکرێت، بەڵکو ئەو چەکانە هەموی بۆ گیانی موسڵمانانی یەمەن و عێراق و سوریا بوو .
پارەی چەکەکان بۆ ئەمەریکا ڕۆشت، لەوێشەوە بۆ ئیسرائیل. چونکە هەمو پارەیەک بۆ ئەمریکا ڕاستەوخۆ نیوە زیاتری ئەڕوات بۆ ئیسرائیل.
لە سەر و بەندی جەنگی سوریا و عێراقدا زۆرینەی هەرەزۆری بانگەوازخوازە سعودی و عەرەبیەکان جاڕی جیهادیان دا و سەدان هەزار منداڵی خەڵکیان ناردە بەرەکانی جەنگ، بەڵام تاکە یەک کەس لەوانە نە خۆی ڕۆشت و نەمنداڵیشیان ڕۆشتن بۆ ئەو جیهادە.
ئیسلامیە توندڕەوەکان و موجاهیدەکانی موسڵمانان بۆ گیانی خەڵکی شیعەی عێراقی و شیعەی سوری و کوردی داماو و ئێزیدی بێکەس ، وەک گورگی برسی شەڕیان ئەکرد و گیانی خۆیان بەخت ئەکرد، بەڵام وەکچۆن هیچ مەلا و داعیە و بانگەوازخوازێکی دونیای ئیسلامی و عەرەبی هەرگیز جاڕی فەتوای جیهادیان دژی ئیسرائیل نەداوە، ئاواش هیچ مونافقێکی بە ناو موجاهید نەڕۆشتە جەنگی ئیسرائیل.
لەم ساڵانەی دواییدا زۆرینەی وڵاتە عەرەبی و ئیسلامیەکان کلکە لەقێ ئەکەن بۆ تەتبیع کردنەوەی پەیوەندیەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل.
کار گەشتۆتە ڕادەیەک کە سعودیەکان داوای لێبوردن لە جینۆسایدی بەنی قورەیزە بکەن کەبەر لە هەزار و چوارسەد ساڵ ڕویداوە!
نەفرەت لە جەنگ لە هەر کوێی ئەم دونیایەدا ڕووبدات، بەڵام کە ئێوە هێندە دڵگەرم و دڵپڕن بۆ ئەو میلەتەی کە هەمیشە لە سەنگەری دژایەتی کوردا وەستاون، دەی تەنها یەکجار وەک واجبێکی دینی و ئەخلاقیش یەک دڵۆپە فرمێسک بۆ ئەو هاوزمان و هاودینا نەتان بڕێژن کە بەدەستی سوپای تورکیا قەتڵ و عام ئەکرێن.
بگرین بۆ قودس، بەڵام کۆبانی و شەنگال و عەفرین و دەرسیمیش پێویستی بە گریان هەیە.
بگرین بۆ ئەو فەلەستینیەی کە بەر لە خۆ تەقاندەوە ئەکوژرێت، بەڵام دوو فرمێسکیش هەڵڕێژن بۆ ئەو گەنجە سنەییەی کە بە سڵنگەوە لە ناو سەنتەری شاردا بە دەستی کۆمارە ئیسلامیەکەی هاوڕێتان هەڵئەواسرێت .
ئیسرائیل بە دۆعا و پاڕانەوە و نوکە نوک ناڕوخێت، یەهودیەکان بە جنێو و ئاڵا سوتاندیان ناکەون، ئەوان بە هۆلۆکۆست نەفەوتان و بوونە خاوەنی یەکێک لەبەهێزترین دەوڵەتەکانی دوونیا.
من خۆزگەم ئەخواست کە بکرایە لە ناو سەنتەری شارەکانی کوردستاندا پاس ڕیز بکرایە و موجاهیدی بگواستایەتەوە بۆ بەرەکانی جەنگی دژ بە ئیسرائیل، بۆ ئەوەی ئەو کات قونی ڕەش و سپی دەربکەوتایە و بمانبینیبا جەماعەتی نوکە نوک کەری فەیسبووک چەند دانەیان سەرئەکەوتن!
بۆ ئەوەی بمانبینیایە چەند مەلا و بانگەوازخواز و حاجی پەرلەمانتار و دکتۆری ئیسلامی سەرئەکەوتن!
نەفرەت لە جەنگ، شادی و کامەرانی و پێکەوە ژیان بۆ تەواوی گەلانی دونیا بە یەهودی و موسڵمان و مەسیحی و بێدین و بودی و هندۆسەوە.
ئارامی بۆ گەلانی دونیا بە کورد و یەهودی و عەرەبیشەوە!
خاتیمەی کەلام: ژمارەی ئەو فیشەک و بۆمبانەی لە دوای جەنگی جیهانی دووهەمەوە ، موسڵمانان دژی یەکتر بەکاریان هێناوە.
ژمارەی ئەو کوژراوانەی کە عەرەب و موسڵمانەکان لە چل ساڵی ڕابوردوودا لەجەنگی دژ بەیەکتریدا داویانە، بەشی ئەوەی ئەکرد پێنج دەوڵەتی وەک ئیسرائیلی پێ لەناوبەریت.
دەی کەواتە زۆر بەکورتیو کرمانجی ، ئیسرائیل هەتا بێت بەرە و پێشکەوتن و بەهێزبوون ئەچێت و دونیای ئیسلامیش هەتابێت بەرە و کاولبوون و وێرانبوون!