کاریگەری دۆسیەی سزادراوانی بادینان لە سەر پێگەی هەرێمی کوردستان لە ئاستی دیپلۆماسی
2021-05-11 18:32:44
ئاریان رەئوف
دۆسیەی کوشتنی خاشقچی پەیوەندیە ستراتیژیەکانی ئەمریکا و شانشینی سعودیەی گەیاندوەتە ئاستێک کە کەس چاوەروانی ئەوەی نەدەکرد ئەمریکا پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی لەگەڵ هاوپەیمانێکی گرنگی و ستراتیژی خۆی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بکات بەو ئاستە پەراویز بخات. ئەگەر لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپدا ئەم پرسە تارادەیەک بەو پەراویزخستن و ئاڵۆزیە نەبوو بەڵام لە سەردەمی ئیدارەی جۆبایدن ئەمە رونتر دەرکەوت جۆبایدن لە زاری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەی راگەیاند" پێویستە پەیوەندیەکانمان لەگەڵ سعودیە هاووێنەی بەهاکانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ بێت"، ئەگەرچی سعودیە بە سەرۆکایەتی محمد بن سەلمان وەرچەرخانی گەورەی مێژووی هێنایە کایەوە ئەویش کرانەوەی لە کۆمەڵگایی داخراوی لە سعودیە هێناوەتە کایە کە خەونی وڵاتانی رۆژ ئاوا بوو، بەڵام ئەو گۆرانکاریە بنچینیە نەیتوانی وێنەی خاشقچی ون بکات، دۆخی دیپلۆماسی سحودیە لە پەراویز خستن رزگار بکات.
رەنگە دۆسیەی خاشقچی گریمانەی شرۆڤەکردنامان بۆ دۆسیەی سزادراوانی بادینان لە هەرێمی کوردستان ئاسانتر بکات، ئەگەرچی دۆسیەی خاشقچی پەیوەندی بە تیرۆرکردنەوە هەیە نەک سزادان لە رێگەی دامەزراوەی دادوەری، بەڵام بۆ پرسی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکان لێکەوتەکانی زۆر نزیکن، و رەنگە خراپتریش بن چونکە هەرێمی کوردستان بە دەر لەوەی کە دەوڵەت نیە لە هەمانکاتدا پێگەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست هێندەی سعودیە نیە بۆ پاراستنی بەرژوەندیەکانی ئەمریکا.
لیرەوە دێمە سەرباسی دۆخی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی هەرێمی کوردستان لە رابردوداو، وەک رونە سەرەرای هەموو ئەو کەمووکورتیانەی لە دامەزاراوەی بونی پەوەندیە دەرەکیەکانی هەرێمی کوردستان لە پێش ریفراندۆم هەبوون، بەڵام هەرێمی کوردستان بە هۆی پێگە گرنگەکەی لە عێراق و گەوشانەوەی ئابووری و بونی ئاسایش و ئارامی وهەروەها بونی سامانی سروشتی بە تایبەت نەوت، هەروەها وەک پەناگەیەک بۆ ئاوارەکان و بەرەنگاری بونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا، ببوە ناوەندێکی گرنگ بۆ ناوەندە دیپلۆماسیەکانی وڵاتانی خاوەن بریار لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی. هەروەها لە دەروەی هەرێمیش لە ئاستی باڵا پیشوازی لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان دەکرا، هەموو ئەمانەش جێگەی ئومێدبون کە هەرێمی کوردستانی کردبوە ئاکتەرێكی نادەوڵەتی کارا لە بواری دیپلۆماسی و پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکان، و وڵاتانی زلهێزیش پشتیوانی هەرێمیان دەکرد چ بە پاڵپشتی سەربازی یان مرۆی بێت بە دەر لەوەی وەک پارێزەرێکی هەمیشە لە کیشەکانیدا لە گەڵ بەغداد فشاریان دەکرد لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان. بەڵام دوای ریفراندۆم هەرێمی کوردستان توشی پەراوێزخستنیکی توند بوەیەوە لە بواری دیپلۆماسی، وەک سزایەک لە لایەن ئەو وڵاتانە کە هەرێمیان لە بە ئەنجام گەیاندی ریفراندۆم بە ئاگا هێنایەوە ئەم پەراویزخستنە بەکارهێنرا، کە ئەنجامەکەی پەیوەندیە دیپلۆماسیەکانی هەرێمی کوردستانی خستە ئاستێکی زۆر خراپ، و ئەو پێگەی کە هەیبوو لە ئاستی نێودەوڵەتی وئیقلیمی لە دەستی دا .
لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢١ ەکەوە جۆرێک لە جوڵەی دیپلۆماسی لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکردوە بە تایبەت لە لایەن دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم چ لە ئاستی ناوخۆی عێراق بێت یاخود لە ئاستی نێودەوەڵەتی بێت، کە لە لایەن چاودێرانەوە ئومیدی ئەوەی لی دەکرا سەرلەنوێ هەرێم پێگەی خۆی لە پەیوەندیە دیپلۆماسیەکان بگەرێنێتەوە ئەگەر لە ئاستێکی سنورداریش بێت. بەڵام بەداخەوە دۆسیەی حوکمدراوانی بادینان دوبارە هەرێمی کوردستان وا خەریکە ئەباتەوە بۆ ئاستی پەراوێزخستن بەتایبەت دوای ئەوەی بەشێک لە کۆنسڵخانەو نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی نیگەرانی خۆیان بە ئاشکرا راگەیاندوە، زۆرینەی ئەو ولاتانەش کە نیگەرانیان دەربریوە لەوانەن کە لە رابردودا هەمیشە پاڵپشت وپشتیوانی هەرێمی کوردستان بوون بە هۆی ئەوەی تارادەیەک خۆ ئەگەر بە روکەشیش بوبیت پابەدنی خۆی راگەیاندوە با پاراستنی ئەو بەهایانەی کەلای ئەو وڵاتانە گرنگ بوون وەک پرسی ئازادی رادەربرین و و ئازادی کاری رۆژنامەوانی و مافەکانی مرۆڤ، هەربۆیە هەرێمی کوردستان دەیپاراستن و پەیوەندی دیپلۆماسیان لەگەڵ ساز ئەدان وەک ئاکتەرێکی نادەوڵەتی لە ئاستی زۆر بەرز پێشوازیان لە سەرکردەکانی هەرێم دەکرد. بەڵام ئەم پاشەکشە ترسناک و مەترسیدارەی هەرێم لە پرسی ئازادی رادەربرین و ئازادی کاری رۆژنامەوانی جا پاساوەکەی هەرچی بێت، وا دەکات وڵاتانی پاڵپشت و هاوپەیمانی هەرێمی کوردستان تەواو متمانەیان بەو بانگەشانە نەمێنێت کە هەرێمی کوردستان لەرابردو ئێستاشدا بانگەشەی بۆ دەکەن. نێگەرانیەکانی رۆژانی رابردوی ئەمریکا و فەرەنسا و ئەڵمانیا یەکێتی ئەوروپا دەرخەری ئەم راستەیەن کە ئەگەر هەرێمی کوردستان چاو نەخشێنێتەوە بە پرسی سزادراوانی بادینان، ئەوا ئەمجارەیان بەشێوەیەک لەروی دیپلۆماسیەوە پەراوێز دەخرێت کە لە مێژووی هەرێمی کوردستاندا بەراوێزخستنی وەهای بەخۆوە نەبینیبێت، بەدەر لەوەش ئەو پێگەی خۆی لە دەست دەدات و ناوبانگی خراپ بۆ خۆی مسۆگەردەکات .
بە مانایەکی تر ئەو هەوڵ و جوڵە دیپلۆماسیانەی کە لە ماوەی رابردودا ئومێدیان لی بەدی دەکرا دوبارە دەگەرێنەوە بۆ خاڵی سفر و بە ئاسانیش جارێکی تر جوڵەی لەو شێوانە نایەنەبون چونکە هەرێمی کوردستان متمانەی هاوپەیمانەکانی بە تەواوەتی لە دەست ئەدات، بە تایبەت ئەمریکا چونکە ئێستا سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدنە و تارادەیەک وابەستەیە بە بەهای ئازادی رادەربرین ئازادی کاری رۆژنامەوانی و پاراستینی مافەکانی مرۆڤ و دیموکراسی.