دادگای تەمیزو زمانی کوردی
2021-05-07 18:22:34
هاوڕێ تۆفیق
کەم گەلی دونیا ھەیە ئەوەندەی کورد ،بێ بایەخ سەیری زمانەکەی خۆی بکا. لە سەد ساڵی ڕابردوو گەلی کورد لە تێکۆشانی نیشتیمانییا سەدان ھەزار قوربانی بەخشیوە. یەکێک لە داواکارییە کلتوریی و دەستورییەکانی کورد،داوای لە دەوڵەت کردوە کە زمانی کوردی لەپاڵ زمانی عەرەبیا بەرەسمی بناسێنێ. لە ئێستایا بە گوێرەی دەستور زمانی کوردی نەک ھەر لە کوردستاندا، بەڵکو لە ھەموو عێراقی فیدراڵدا زمانێکی رەسمی دەستورییە.
بەڵام دەرکەوت کورد، کە کورد زیاتر لە ھەر لایەک دوژمنی زمانەکەی خۆیەتی! ئەم بریارە تازەیەی دادگای تەمیز، رای کوردستانی دابەشکردوەو ھەڵوێستەکانیش بەردەوامن و قسەی زۆری لەسەر کراوە ، بەڵام لایەکی تر، خاڵێکی تری کەموکورتی جەوھەری لە بریارەکەدا ھەیە .کە ئەمەیان قسەی لەسەر نەکراوە،ئەویش دەرکردنی بریاری دادگاکەیە بە زمانی عەرەبی ئەمەش پێشێلکردنێکی روون و ئاشکرای مافێکی دەستوریی کوردە. باشە بۆ بە زمانی عەرەبی دادگا بریارەکانی دەرئەکا؟ دادوەرەکان زمانی کوردی نازانن؟ زمانی کورد ئەوەندە ھەژارە نەتوانرێ بریارێکی دادگای پێبنوسرێ؟ ھۆیەکەی چیە؟ کام دادگای وڵاتان بە زمانی گەلەی خۆی بریار دەرناکا؟
ئەمە یەکەم جارو کۆتا جاریش نابێ
کە کورد بە دەستی خۆی مافی دەستوری خۆی پێشێل ئەکات!
بەداخەوە بەشێکی زۆری دادگاکان لە کوردستان ھەتاوەکو ئێستا ھەر بە زمانی عەرەبی بریارو لێکۆڵینەوەکانیان ئەنوسن!
ئەم دیاردەیە سنوری دادگاکانی تێپەراندوەو بۆتە نەخۆشییەکی کلتوریی . تەنانەت بەشێک لە نوسەران و رۆشنبیران بەرپرسیارن بەرامبەر بەم دیاردەیە، ئەوان کە وتارێک ئەنوسن ،بێ ھیچ ھۆیەک چەند وشەیەکی بێگانەی تێکەڵاو ئەکەن ،ئەمەش بەو خەیاڵەی بڵێین نوسەر ڕۆشنبیرە! زمانی ناسنامەی ھەموو گەلێکە با ھەموان رێزی لێ بگرین .