دیپلۆماسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
2021-05-07 08:38:05
د. هیوا مەجید خەلیل
دەکرێ بڵێین بەهاری ساڵی ٢٠٢١، وەرزی شکاندنی بەستەڵەکی دیپلۆماسی بوو لە هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش لەلایەن دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم و خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە. لەسەر ئاستی دەرەوە، بانگهێشتکردن بۆ فەڕەنسا، کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆنسولگەریی ئەمریکا و سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ساندی ئیدارەی جۆ بایدن بە سەرۆکایەتی مەکگۆرک و لە سەرئاستی عێراق سەردانەکانی بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینیەکانی عێراق، هەر سێ دامەزراوەی سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان و لە ئاستی ناوخۆشدا دوو جار کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکان و گفتوگۆکردن لەسەر تەوەرەکانی هەڵبژاردن، رەشنوسی دەستوری هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی و یەکگرتووی دروستکردن لە نیوان هێز و لایەنە سیاسییەکانی هەریمی کوردستان بۆ بوون بە فاکتەرێکی کاریگەر لە بەغدای دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ١٠/١٠/٢٠٢١. لە هەموویان گرنگتریش ئەو چاوپێکەوتنە بوو کە لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقیە لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدرا کە تا رادەیەک بووە هۆت توانەوەی بەستەلەکی نێوان هەولێر و بەغدا و رای گشت شەقامی عەرەبی لە دژی هەرێمی کورستان تا رادەیەکی باش خاوکردەوە.
لە چاوپێکەتنێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقییە کە لە رێککەوتی ٢٢/٤/٢٠٢١ بڵاوکرایەوە، کۆمەڵێک پرسیاری سەرنجراکێش و هەستیار ئاراستەی سەرۆکی هەرێم کران. بەڵام دوو پرسیار زۆر تایبەت بوون کاتێک میدیاکارەکان دەپرسن:
یەکەم، ئایا ''کاک نێچیرڤان بارزانی بە نیازە ببێتە سەرۆککۆماری عێراق؟ لە وەڵامدا سەرۆکی هەرێم وەڵامێکی زیرەکانەی دایەوە کە گوتی ''بۆ نا، منیش عێراقیم''.
پرسیاری دووەم کە لە کۆتایی بەرنامەکە ئاراستە دەکرێت کە ''کاک نێچیرڤان بارزانی چ قسەیەکی بۆ گەلی عێراق هەیە؟'' لە وەڵامدا دەڵێت، هیوای خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی بۆ تەواوی خەڵکی عێراق دەخوازم.
ئەم دوو وەڵامە، وەڵامی دیپلۆماسیانە بوون، پەیامێک بوو کە ئاراستەی گەلی عێراق کرا، کە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و هەر دوولایەن پێکەوە دەتوانن، داهاتوویەکی باشتر بۆ هەر دوو نەتەوەیی کورد و عەرەب لە عێراق دروست بکەن. هەر کەسێک کە لە پەیوەندییە نێودەڵەتییەکان شارەزا بێت دەزانێت کە ئەم چاوپێکەوتنە دەچێتە چوارچێوەی دیپلۆماسی جەماوەریی و جۆرەکە لە پەیوەندیی ناڕاستەوخۆ لە نێوان نوخبەی سیاسی و هاوڵاتی. لە پێناسەی دیپلۆماسی جەماوریدا (public diplomacy) هاتووە کە بریتییە لە هەوڵدانی بەرپرسانی وڵاتێک بە شێوەی راستەوخۆ یاخود ناڕاستەوخۆ بۆ پەیوەندیی گڕیدان لەگەڵ خەڵکانیتر.
لەلایەکیترەوە، لە زانستی سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لە هەندێ بارودۆخ کە تەنگژە لە نێوان ئەکتەر دەوڵەتییەکان بەرز دەبێتەوە، ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان دەتوانن رۆڵیکی بەرفراوانتر لە ئەکتەری دەوڵەتی بگێڕن، چونکە هەم متمانە پێکراوترە هەمیش ئەکتەری نادەوڵەتی زۆرتر بە دوای سەقامگیریی سیاسی و گەشەی ئابوریدا دەگەڕێت. ئەم جۆرە پەیوەندییە بە زمانی زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و دیپلۆماسی بە پارادیپلۆماسی هەژمار دەکرێت. دەکرێ دیداری نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا و وەزیری دەرەوەی ئێران بچێتە خانەی ئەم جۆرە پەیوەندییە. پارادیپلۆماسی هەم دەبێت هۆی بەرزکردنەوەی قورسایی هەرێمێک کە لێرەدا مەبەستمان هەرێمی کوردستانە و هەمیش ئەو کەسەی کە بەم رۆڵە هەڵدەستێت کە لێرەدا مەبەست سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. لە پێناسەی پارادیپلۆماسیدا هاتووە کە جۆرێکە لە پەیوەندیی نێودەوڵەتی کە لەلایەن حکومەتی هەرێمێک یاخود نەتەوەیەکی بێ دەوڵەت (subnational) بەڕێوەدەچێت بۆ ئەوەی کە لە میانەی ئەم هەوڵانەدا بتوانێت بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی دەستەبەر بکات. لە سەردەمی بزوتنەوەی رزگاریخوای کوردستان، کورد دروشمێکی هەبوو بە ناوی ''یان کوردستان، یان نەمان'' کە زۆرتر لە رێگەی هێزی چەکەوە هەوڵی گەیشتن بەم دروشمە دەدرا، بەڵام لەسەردەمی حوکمڕانیدا پێویستە لە پاڵ هێزی چەکەوە، هێزی دیپلۆماسی و گفتوگۆ زیاد بکرێت و رۆڵێکی زۆرتری پێبدرێت، ئەمەش ئەو کارەیە کە لە حاڵی حازردا بە چری لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیڕەو دەکرێت. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیدارەدان لە شار و لە شاخ لێکجیاوازن. واتە ئیدارەدانی سار پێویستی بە تۆڕێکی بەرفراوانی پەیوەندیی هەمەلایەنە هەیە بۆ ئەوەی کە بتوانرێت بەرژەوەندییەکانی وڵات بە کەمترین تێچوو دەستەبەر بکرێن.
لەلایەکیترەوە، هاوشێوەی تێزەکەی ئەحمەد داوود ئوغلو، وەزیری دەرەوەی پێشووتری کۆماری تورکیا، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە حاڵی حازردا سیاسەتی ''سفڕکردنەوەی کێشەکانی'' لەگەڵ وڵاتانی درواسێ، حکومەتی بەغدا و لایەنە سیاسییەکانی عێراق پەیڕەو دەکات. ئێمە بینمیان لەو سەردەمەی کە تورکیا ئەم سیاسەتەی پەیڕەوکرد ئاستێکی بەرزی سەقامگیریی ناوخۆیی بەدیهێنا کە بووە هۆی بوژانەوەی ئابوری تورکیا و پێشوازیکردن لە تورکیا لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتیەوە. دەکرێ هەمان دۆخ بۆ هەرێمی کوردستانیش دووبار بکرێتەوە لە ئەگەری گرتنەبەری سیاسەتی سفڕکردنەوەی کێشەکان. ئەم سیاسەتە هاوتەریبە بە سیاسەتی کردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە چەتری کۆکەرەوەی گشت پارت و پێکهاتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکانی هەرێمی کوردستان، بە واتایەکیتر گرتنەبەری ''سیاسەتی ئاشتی'' لە ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان؛ چونکە گومان لەوەدا نییە کە جۆرە بێمتمانەیی و بارگرژییەک لە نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە حوکمی پێگەکەی هەوڵی نەهێشتنی ئەم بارگرژیانە دەدات. ئەمەش دوو سیاسەتی سەرکەوتوون کە لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی پشتیوانیکەر لە هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێدەکرێت. ئەگەرچی ئێمە لە ناوچەیەکدا دەژین کە بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناودەبردرێت و دەسەڵاتداریی سیاسی رۆڵی سەرەکی لە رووداوەکاندا دەگێڕێت بەڵام ئەوەی کە لەم ماوەیەدا دەبینرێت هەوڵدانە بۆ کاراکردنی دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمەش لە هەوڵەکانی سەرۆکی هەرێم دەبینرێت بە تایبەتش سەبارەت بە کۆبوونەوەی ناوبەناو لەگەڵ سەرجەم پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان؛ ئەگەرچی خودی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقیە باس لەوەکرد کە هەولی بەدامەزراویکردنی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەدات، کە ئەمش لە دۆخی ئاڵۆزی عێراق و هەرێمی کوردستاندا هەنگاوێکی گرنگە.
روبێرت پوتنام لە ساڵی ١٩٨٨دا گوتارێکی بەناونیشانی ''دیپلۆماسی و سیاسەتی ناوخۆ: لۆژیکی گەمەی دوو ئاستی'' لەبارەی دیپلۆماسی بڵاوکردوە و تێدا ئاماژەی بەوەکرد کە لە وڵاتی دیموکراسیدا کە خاوەن هەڵبژاردن و سیستەمی فرەحزبی و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە، دیپلۆماسی قەتیس ناکرێت لە دامەزراندنی پەیوەندییەکی بیرۆکراسیانە لە نێوان دیپلۆماتکاران و کاربەدەستە فەرمییەکانی وڵاتێکدا. پوتنام دوو ئاست بۆ دیپلۆماسی دیار دەکەت. لە ئاستی یەکەم کاربەدەستانی حکومەت پەیوەندیی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە دروستدەکەن و لە ئاستی دووەمدا کارەبەدەستانی حکومەت پەیوەندیی لەگەڵ کەسانی ناوخۆ دروستدەکەن. مەبەست لێرەدا ئەوە نییە کە بڵێین هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دیموکراسییە یاخود نادیموکراسییە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە کە ئەگەر شەنوکەنی دیدارەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکایەتی هەرێم، لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، دیدار لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری عێراق، دیدارەکانی لەگەڵ سەرۆککۆماری فەڕەنسا و سەرۆکی کۆمکاری عەرەبی و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و کۆنسولگەرییەکان لە هەولێر و و دیدار لەگەل وەزیری دەرەوەی ئێران و چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرقییە بکەین کە گشتیان لە لە ماوەیەکی زەمنی کورتدا ئەنجامدران ، دەبینین کە گشت ئەم هەوڵانە دەچنە چوارچێوەی دیپلۆماسییەکی سەرکەوتوو، جا چ پارادیپلۆماسی ناوبنرێت ، یاخود دیپلۆماسی جەماوەری یاخود وەک پوتنام باسی لێوەدەکات، دیپلۆماسییەک بێت لەسەر هەر دوو ئاستی ناوەوە و دەرەوە. ئەوەی کە لە هەموو ئەم هەنگاوانەدا گرنگە بریتییە لە هێنانەدی سەقامگیریی سیاسی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان کە کۆڵەکەی گەشەکردنی سیاسی و ئابوری وڵاتە.
بە پوختی ئەوەی لەمەو بەدوا پێویستە لە ئاست دامەزراوەی سەروکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بگیرێتەبەر بریتییە لەوەی کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناوبەناو لە میدیا عەرەبییەکان دەرکەوێت و سیاسەت و جیهانبینی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی عێراق و وڵاتانە ناوچەکە روونبکاتەوە. لە عێراقدا زۆرجار زمانێکی نەرم و رووینەوەی گومانەکانە دەبێتە هۆی هێنانەدی سیاسەتێکی سەرکەتوو و بەدەستهێنانی متمانە و پشتیوانیی جەماوەریی. زیاد لەمەش هەرێمی کوردستان لە دۆخێکی ئابوری باشدا ناژیت و بۆ ئەوەی کە کەرتی ئابوری هەرێم بەرەو پێشکەوتن بڕوات پێویستە هەرێمی کوردستان دەرگاکانی بە رووی ئابوری جیهانی و هەرێمایەتیەوە کراو بێت، ئەمەش وەک باسکرا پێویستی بە هێنانەدی سەقامگیریی و بەخشینی متمانە بە لایەنی بەرامبەر، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستی سەرۆکایەتیدا دەتوانێ ئەم رۆڵە بگێڕێت.
زیاد لەمەش، مادەم هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و بەغدا قووڵایی ستراتیژیی هەرێمی کوردستانە کەواتە گرنگە لەمەو بەدوا روومان لە بەغدا بێت و بەشداریکەری کارا بین لە رووداو و پێشهاتەکان. هەر بۆیەش گرنگە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وەک باڵاترین دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستان و وەک فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان، لەمەو بەدوا ئاراستەکەری هێلە گشتییەکانی سیاسەتی هەرێمی کوردستان لەهەمبەر بەغدا بێت. چونکە ئەو چاوپێکەوتن و نووسینانەی کە لەبارەی سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ پارتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرخەری ئەوەن، کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکی پەسەندکراوە لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق؛ ئەمەش بە مانای بوونی متمانەیەکی رێژەیی بە سەرۆکی هەرێم و دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دێت.