بۆچی بەم رێكەوتنە قەڵسن؟
2021-05-04 13:54:36
بابەكر دڕەیی
یەك: ڕاستی ڕوداوەكە وەك خۆی
ئەوەی ڕویدا هەنگاوێكی زۆر سادەو ڕۆتینی كاری سیاسیە كە لە هەمو دنیاداو لە سەروەختی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكان ڕوو دەدات: لێرەش، لەو وڵاتەی هەموان بەقسە داوای تەباییو برایەتی تیا ئەكەن، دو حزب كە بریتین لە گۆڕانو یەكێتی، بەپێی ڕێكەوتنێك، بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەغدا دەكەن.
دو: قازانجەكانی ئەم رێكەوتنە ئاشكران:
1- پەیوەندی نێوان گۆڕانو یەكێتی سەرلەنوێ، دوای ساردیەكی چەن ساڵی، گەرم دەكاتەوەو بواری بەرەوپێشچونو زیندوكردنەوەی رێكەوتنی دەباشان دەرەخسێنێ.
2- رێدەگرێ لە هاشوهوشی پۆپۆلیستیو هاتوهاواری بێبنەمای میدیا نابەرپرسەكانو ئەوانەی خوازیاری ماسی گرتنن لە ئاوی قوڕاودا.
3- دەمی هەمو ئەوانە دەبەستێ قسەی خراپو جوێنیان بە گۆڕان ئەدا گوایە، دوای بەشداری كابینەی نۆهەم، سەربەخۆیی لەدەستداوەو چۆتە ژێر ڕكێفی پارتیەوەو ناتوانێ لەسەر پێی خۆی بوەستێ.
4- كەشێكی ئارامو پڕ متمانە بە پرۆسەی هەڵبژاردن دەبەخشێو وادەكات دەنگدەرانی سەرجەم پارتەكان بە دڵنیایی زۆرترەوە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەنو بە ئەندازەی جاران لە تەزویر نەترسن.
5- فراكسیۆنی كوردستانی لە پەرلەمانی بەغدا، هەر لەئێستەوە زەمینەی كاری پێكەوەیی بۆ فەراهەم دەبێ بەو حوكمەی زۆرینەیان لەسەرەتاوە بەشداری پرۆسەیەكی هاوبەش بون.
6- ئەم رێكەوتنە لە باریدا هەیە متمانەی هەردولا بە ئەندازەیەك قایم بكات كە بۆ كاری داهاتو لە پەرلەمانی كوردستانو دەرەوەی پەرلەمانیش لە بابەتی یەكخستنی پێشمەرگەو نەهێشتنی گەندەڵیو كۆنترۆڵی سنورەكانو هتد هاوكارو لێكتێگەیشتنی زیاتر بێتە ئاراوە.
سێ: كۆی كاردانەوەكان جێی سەرنج بون: چ ناوخۆی یەكێتیو گۆڕان، چ پارتە سیاسیەكانی تر بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە.
ئەوەی لە لیستی ناڕازیانی ڕێكەوتنی گۆڕان- یەكێتی دا ئازاری زۆرترە، بەلای منەوە هەڵوێستەكانی ناو خودی یەكێتین، چونكە ڕەخنەگرە ناوخۆییەكانی گۆڕان، سەرباری هەنێ سەرنجی عەقڵانی، دیسانیش خۆشحاڵیان بە پێكهاتنەكە دەربڕی.
ئەوەش كە ئایا نوسینەكانی ڕێبوار كەریم وەلی لەسەر پارتی حسابن یان دەزگایەكی تری دەرەكی، جێی گفتوگۆیەو ناكرێ ئەو زمانو تۆنەی ڕێبوار بە زمانی حزبێكی گەورەی وەك پارتی دابنرێت لە كاتێكا گۆڕان بۆ بەشداری لە هەڵگرتنی باری سەنگینی كابینەی نۆدا قورسترین باجی لێسەنراوەو دو فراكسۆنی پەرلەمانیو سەدان هەڵسوروای لێ تۆرانو دوركەوتنەوە...
كاك مەلا بەختیار لە كورتیلە رەخنەكانیدا بە زمانێكی گاڵتەجاڕیەوە ڕێكەوتنەكەی ناوناوە "كۆلاج"، گوایە فۆرمالیتەیەو ڕیشەدار نیەو هیچی لێسەوز نابێ.
هەروەها بەڕێزیان (هەرلە هەمان نوسیندا!) پێشنیار دەكات كە یەكێتیو گۆڕان باشترە یەك بگرنەوە!
واتە بەلای ئەم ئەندامە بەڕێزەی" ئەنجومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندی یەكێتی"یەوە ئەو هەنگاوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی ناویانە بۆ پێكهاتن لەگەڵ گۆڕان شتێكی هاكەزاییەو قوڵ نیەو بە ئامۆژگاری بەڕێزیان بێت باشترە گۆڕانو یەكێتی یەكبگرنەوە.. یان بەو مانایەی من لەو نوسینە هیرۆگلیفیانە تێیئەگەم، چاكترە گۆڕان تەسلیم بێتەوەو ئیتر لە" ئەنجومەنی باڵا"وە فەرمانی تەعیناتی بۆ دەرچێتو ببێتە بكەری فەرمانەكانی بەڕێزیان.. (هەڵبەت گەر فەرمانێكیان پێبدرێت)..
بەشێكی تر لە خوشكو برایانی كۆنو تازەی یەكێتی، راستەوخۆ یان لەڕێگەی پەیجو میدیای سێبەرەوە، ڕایان گەیاند كە ئەوان ئاگاداری ئەم ڕێكەوتنە نەبون!
ئێستە پرسیارەكە بۆ خەڵكی كوردستان بەگشتیو ئێمەی خوازیاری گۆڕانكاری لەم وڵاتە ئەوەیە: ئایا ڕێكەوتنی دو پارتی سیاسی (كە هەنێك كەس پێیان وایە لایەكیان ئەسڵەن روحیشی تیا نەماوە...) بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی بەغداو وەستان بەرامبەر شۆڤێنیزمو شیعەی توندڕەو كارێكی باشە یان خراپ؟
ئێمە وەك هەڵسوراوی سیاسیو چاودێر نازانینو ناتوانین بزانین كێ لەناو یەكێتی پرسی پێكراوە یان پێی نەكراوە، بەڵام بە وتارەكانی كاك مەلا بەختیارو بڵاوكردنەوی وتاری ڕێبوار كەریم وەلی لە هەنێ پەیجی سەربە یەكێتی كە سوكایەتی بە گۆڕان دەكات، تێدەگەین كە ناحەزانی ئاشتیو برایەتیو پێشخستنی سلێمانیو پشتگیری سەركردە هەڵبژێراوەكانی یەكێتیش لەناو یەكێتیدا قسەیان ماوەو گەر بۆیان بكرێ ئەوەی بنیاتنراوەو بڕیارە بۆ چاكەی خەڵك بنیات بنرێ تێكو پێكی ئەدەنەوە.
والسلام علی من اتبع الهدی.