لەبۆ پارتی پەسەندترە؟
2021-05-04 10:47:11
سەهین موفتی
پارتی، حیزبێکە هەرچی کەم و کوڕی، کێشە، دەردو بەڵا لەم نیشتیمانە هەیە، ئەگەر بەشێکی بەر پارتی بکەوێت و هۆکاری بێت، ئەوا بە ئاشکرا خۆی بە خەتا بار دەزانێت، یا بەبەر چاوی هەموان سڵ لە هیچ ناکاتەوەو شانی دەداتە بەر.
پرسی نەتەوایەتی و نیشیمانیش، ئەوا لە دەیەی رابردوودا بەرنامەی سەرەکی کارەکانێتی.
نانووسم، حیزبێکە فریشتە ئاسایەو هیچ کەم و کوڕی و هەڵەی نییە، لێ باشترینی نێو هەموو خراپەکانە.
هەرچی حیزبەکانی دین؛ فریودەر، فێڵبازو تەڵەکەچی، سەرێک و هەزاران سەودا، دەیان هاوپەیمانی بەستن تەنانەت لەگەڵ دوژمنانی نەتەوەو پاشان رکابەرانی نێوەخۆییان، بۆ لە خشتە بردن، ئەمجار بێ سەروبەر...!
ببینن، یەکێتی کاندیدانی حیزبەکەی دیاری کردووە، کەچی بەرپرسانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسییان لە سۆشێال مێدیاوە زانیوییانە..!
حیزبەکانی دیکەی سنوورو پشتیوانی ئەم هاوپەیمانێتییەش، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەهەند وەرگرتنی کادیرو ئەندامانییان تووشی داوە رەشەکە بووون...!
هەرچەند، روون ورەوانە ئێستێ کۆماری سێدارەی ئێران هەموو هەوڵێکی چڕکردۆتەوەو سەرپەرشتی هاوپەیمانێتییەکانی حیزبە کوردستانییەکان دەکات، بەتایبەتی حیزبەکانی دەڤەری سەوز، تەنێ لە دژی نەتەوەو نیشتیمان، تەنانەت رێژەی کورسی و دەنگەکانیشی لەنێوانییاندا دابەش کردووە...!
لێ، بیرتان نەچێت ئەم دۆخەی کە هەیە، خودکوژی چەند هێزێکی سیاسی لێ دەکەوێتەوە کە پێشووتر داوای گۆڕانکاری، یا بە بەڵێنی قەبەو هیچ لە بارا نەبوو، دەنگدەرانی پێ لە خشتە بردبوو....!
ئاخر، هەتا دوێنێ گۆڕان بانگی دەدا بەوەی قاچاخچێتی لەسەر سنوورەکانی دەڤەرەکەیان جمەی دێ، کەچی دەچن هاوپەیمانێتی لەگەڵ قاچاخچییەکان دەبەستن..!
ئیسلامییەکان، هەر لێگەڕێ لێ..، وا خەریکن مۆدێرنانە باوەشی ژن و پیاویش لێک حەڵاڵ دەکەن(ئەوەیانم بە دڵە)و نوێژو فەرزەکانیش کاڵ دەکەنەوە...!
چەپەکان، سلکێتییان لە چین و روسیاش خەریکە هاتۆتە خوارەوەو نامێنێت، چجای لێرە.
دەمێنێتەوە، چەند قۆڵبڕو بازرگانێکی سیاسی، کە پشتییان بە لایک و کۆمێنتی سۆشیال مێدیاو جیلی سەرلێ شێواوی تازە بەستووە، خوێندنەوەو خۆبەرەو پێشچوون و نەتەوەو نیشتیمان، خاک و جوگرافیاش هێندەی ئایفۆنێکی نوێ، یا بۆتۆکس و فیلەرێک، گرنگ نین بەلایانەوە...!