یەکێتی گۆڵی لە خۆی کرد

Draw Media

2021-05-04 08:18:02



رێبوار کەریم وەلى

پارتی حزبێکی سەخییە لە کڕین و فرۆشتنی ئینسان، بەڵام لە بەخشینی دەسەڵات وەک دوکانداری جولەکە وایە؛ بڵێ دوو جاران دوو دەکاتە چەند؟ دەڵێ: لێم دەكڕی یان دەفرۆشی؟
*
پارتی ئەگەر زانیبای گۆڕان کەڵکی ماوە، قەت وا بە ئاسانی نەیدەھێشت کۆبوونەوە(نھێنییەکان) بگەنە ئەنجام. بە دڵنییایەوە تا پارتیش لای لە گۆڕان کردبایەوە و پشی پشی بۆ کردبایە، گۆڕان نەدەچووە ناو کۆشی یەکێتی؛ گۆڕانێک لە لوتکەی کاری سیاسیدا ٨ کورسی لە پەرلەمانی بەغدا ھێنابێت، ئێستا چەند دێنێ؟ بۆیە پارتیش لە بەرامبەر ئەو ھەنگاوەدا، جگە لەوەی قەڵای ھەولێری قایم کردووە، خەریکی سەودای دیکەی ژێر بەژێرە لەگەڵ نەوەی نوێ.
*
حزبێک کە بەس ئەوەندە ماوە بە ئاشکرا لافیتەی فرۆشتنی لەسەر ھەڵواسن، لە خەفادا ئەوەندەی نەدەھێنا کە یەکێتی لەسەر حیسابی بە حیساب گۆڵ کردن لە پارتی ماری نووستووی شارچییەتی لەناوخۆیدا بەخەبەر بێنێتەوە. تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە کوڕانی کۆسرەت رەسوڵ دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان بدەنە سەرکردایەتیی یەکێتی!
*
یەکێتی گۆڵی لەخۆی کردووە. ھەر لە ئێستاوە جگە لە ناڕەزایەتیی ناوخۆیی، ئەگەری ئەوە ھەیە چەند کۆرسییەک لە کیس خۆی بدات. ھا ئەگەر بگوترێ ئەوە سەرەتایەکە بۆ تێکەڵبوونەوەیان و ئەوە سەرەتای ھەنگاوێکی دوورمەودایە، ئەوەش راست نییە؛ یەکێتی و گۆڕان لە رابردوودا رێککەوتنی ستراتیژیشیان ئیمزا کرد دادی نەدان، ئێستا چ گۆڕاوە؟ سیاسەتکردن بەڕقھەڵگرتن وەک قوماری لێدێت.
*
یەکێتی لە دوای کۆنگرەوە دەرفەتی زۆری لەبەردەم بوو بۆ پێداچوونەوە بە ھەڵەکانی رابردووی، بەڵام پێناچێ توانیبێتی بازنەی بیرکردنەوەی خۆی بۆ حزبێکی گەورە فراوان بکات، بۆیە باجی ھەڵەی لۆکاڵیبوون دەداتەوە، ئەوەش رێک ئەو شتەیە کە پارتی تەمەننای دەکات.
*
دواجار ململانێی لەو شێوەیە لەگەڵ پارتیدا، سودی نییە و لە نیھایەتدا دەبێ لە بارەگای    بارزانی بڵێن:"ئێوە خانەوادەیەکی نەجیبن، بە بەخشندەیی خۆتان لێمان ببوورن."

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand