Draw Media

توركیا لەداگیركاری ئابووریەوە بۆ داگیركردنی سەربازی

توركیا لەداگیركاری ئابووریەوە بۆ داگیركردنی سەربازی

2021-05-03 17:39:26


د. كامەران مەنتك
 
ماوەیەكی زۆرە توركیا لەرووی ئابووریەوە بەشێكی گرنگی هەرێمی كوردستانی داگیر كردووە، ئەو كەسەی سەردانی بازاڕەكان بكات، هەر لەكڕینی پارچە كێكێكەوە بۆ مناڵەكەی تا دەگاتە جل و بەرگ و جوانكاری و دەرمان و شامپۆو سابوون،و كەل و پەلی بیناسازی... هتد، بەئاسانی بۆی دەردەكەوێت، كە ئەو وڵاتە چۆن لەرووی ئابووریەوە داگیر كراوە، جیاوازی شارەكانی هەرێم لەگەڵ شارەكانی توركیا لەوەدایە ئەو كەل و پەلانەی توركیا لێرە ساخیان دەكاتەوە، كەل و پەلی چرووك و بارگاوی كراون بە دەیان جۆر نەخۆشی ترسناك، ئەگینا لەرووی رووخسارەوە، رەنگ بێت  بازاڕەكانی شارەكانی هەرێم هیچ جیاوازیەكی  ئەوتۆی لەگەڵ بازاڕەكانی شارەكانی تری توركیا نەبێت!. تەنانەت ئەو كارە خێرخوازیانەی حزبەكانیش وەك كارێكی ریاكاری پێی هەڵدەستن، كەل و پەلی توركین و مۆرو ئاڵای توركیایان بەسەرەوەیە!. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت، كە هەرێم لەرووی ئابووریەوە بەتەواوی كۆنتڕۆڵكراوە، ئەو داگیركاریە ئابووریە بەتەنیا لە دەڤەری زەردی نەگرتۆتەوە بەڵكو دەڤەری سەوزیشی گرتۆتەوە، دەشێت لەرووی قەبارەی داگیركاریەوە لەئاستی هەولێرو دهۆك نەبێت، بەڵام جیاوازیەكی زۆری لەگەڵ ئەو ناوچەیەدا نیە، كەواتە داگیركاری ئلبووری توركیا بەسەركەوتوویی پەڕیوەتەوە ناوچەی سەوزیش. 
لەداگیركاری ئابووری مەترسیدارترین ئەو شەڕە دەروونیەیە، كە توركیا لەرێگای میدیا بەناو كوردیەكانەوە لەگەڵ تاكی كوردی دەیكات، جێگای داخە زۆرینەی میدیای كوردی بە نەزانی بێت یاخود زۆرزانی، تەنیا بەناو كوردین و لەناوەڕۆكەوە میدیایەكی توركین و پڕوپاگەندە بۆ كاڵاكانی توركیاو شێوازی ژیان لە توركیا دەكەن، ئەمە وایكردووە تاكی كورد لەناخەوە داگیر بكرێت و هەست بەهیچ نەكات، بۆ نمونە ئێستا توركیا گەورەترین پڕۆسەی داگیركاری سەربازی لەهەرێم ئەنجام دەدات، تاكی كوردی لەباشوور وەك ئەوەی نەبای دیبێت نەباران بێدەنگ لێی دانیشتووەو متەقی لێوە نایەت!. راستە ئەمە كاریگەری هەڵوێستی شەرمنانەو تەنانەت خیانەتكارانەی حزبەكانی پێوەیە، بەڵام دەبێت تاكی كوردیش لەوە تێبگات ئەو داگیركاریە سەربازیە، كە هەموو دەرگاكانی بۆ خراوەتە سەرپشت و رێگاكانی بۆ خۆشكراوە، چارەنوسی ئەو دەگۆڕێت و ماوەیەكی تر ئەگەر ئەجێنداكانی توركیا سەربگرێت، ئەوا لە وڵاتەكەی خۆیدا نامۆ دەبێت و سەرەو ژێری خاكەكەی لەرەگەوە دەگۆڕدرێت. دەبێت درك بەوە بكەین، كە ئێمە لەقۆناغێكی ئێجگار هەستیاردا دەژین، وڵاتێك وا خەریكە سووتماك دەكرێت، كەچی نە خەڵكەكەی خۆی و نە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەنگیان لێوە نایەت، چ شەرمەزاریەكە بۆ كۆمەڵگای نێودەوڵەتی سوپایەكی دڕندەی وەكو توركیایان بەرداوەتە خاكی كوردستان، تەنیا بۆئەوەی بەرژەوەندیە ئابووری و ستراتیژیەكانی خۆیان بەدیبێنن، ئەوا گریمان توركیا لەرووی سەربازیشەوە هەرێمی داگیر كرد، چ گەرەنتیەك هەیە بۆئەوەی هەرێمی لێ بە باڵكان و نەكرێت و سەری نەخوات، ئەو حزبانەی ئێستا بوونەتە پەیژەیەك بۆ داگیركردنی كوردستان، دەبێت دڵنیابن دوای داگیركردنی سەربازی هەڵوێستیان بەو شێوەیە نابێت و ناتوانن چیتر وەك هێزێكی نیشتمانی خۆیان نیشانی خەڵكی كوردستان بدەن بەردەوام بن لەفریودانی كۆمەلگای كوردی، بەڵكو بەچاوی موستەشارو جاشەكانەوە سەیردەكرێن و نەوەی نەوێ قۆناغێكی تر لە خەباتی رزگاری دەستپێدەكاتەوەو ئەوانیش دەكەونە زبڵدانی مێژوو.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand