Draw Media

شۆڕشی زانیاری، حزبایەتی و هەڵبژاردن..!

شۆڕشی زانیاری، حزبایەتی و هەڵبژاردن..!

2021-05-03 09:23:34


عەدالەت عەبدوڵڵا

  زۆرجار لەبۆنە و کۆنفرانسە زانستییە جیهانی و لۆکاڵییەکاندا دەبینین کە بانگەشە بۆ بایەخدان بە بواری زانست و زانیاری و سوددوەرگرتن لەدەسكەوتە فكری و مەعنەوی و تەكنەلۆژییەكانی سەردەمی جیهانگیری Globalization دەکرێت.
 لەدیدی ئێمەدا، ئەم بانگەشەیە، لەرووی مەبدەئییەوە، دەشێت بانگەشەی سەركردایەتیی هەموو پارتێكی سیاسیییش بێت بۆ كاراكتەرو هەڵسوڕاوە سیاسییەكانی خۆی.

      لەم سەردەمەدا، مەحاڵە هیچ هێزێكی سیاسی توانای بردنەوەی متمانەی هاووڵاتیانی هەبێت ئەگەر چەكدار نەبێت بەكولتوری سەردەم. خودی ئەم سەردەمە خۆی، كە تیایدا دەژین، سەردەمی شۆڕشی زانیارییەكانە. ئەم شۆڕشە، بەبێ باگراوەندی مەعریفی، بەبێ رۆشنبیریی تیۆری، بەبێ ئەخلاقێكی سیاسیی متمانەپێكراو، بەبێ دۆزینەوەی كەناڵەكانی كۆمەنیكەیشن و كارلێك  Interaction لەگەڵ كۆمەڵگادا، هەر زوو بەزیانی گەورە بۆ پارتە سیاسییەكان تەواو دەبێت. 
 هۆكارێكی ئەم زیانە ئەوەیە كە، یەكێك لەدەرهاویشتەكانی شۆڕشەكە، زیادبوونی ئامرازەكانی هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا بەشەرییەكان و بەگەردوونیكردنی ئەم هۆشیارییەیە، فراوانبوونی كەناڵەكانی بەدەستهێنانی زانیارییە، خێرایی و ئاسانیی ئاشنابوونە بە دیوە جیاوازەكانی واقع و راستی، پەرەسەندنی تواناكانی ئاشكراكردنی درۆ و ساختەكارییەكانە، هێزی هەڵماڵینی پەردەیە لەسەر قەیرانەكان و ئابڕوچوونەكان و گەندەڵییە داپۆشراو و شاراوەكان. 

   شۆڕشی زانیاری، كە تەكنەلۆژیای میدیا و كۆمەنیكەیشن، ئەنتەرنێت و مەڵتی میدیا، پێگە ئەلكترۆنییەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و سۆشیال میدیاكان هەڵیدەسۆڕێن، بۆتە سەرئێشەیەكی گەورە بۆ ئاراستە ئایدیۆلۆژییەكان و بیروباوەڕە سیاسیەكان. ئێستا دیاردەی حزبایەتی، وەك چوارچێوەیەكی كۆمەڵایەتی بۆ ئۆرگانیزەكردنی سیاسییانەی مرۆڤ، لەسەرتاسەری جیهاندا، كەم و زۆر، دوچاری ناسەقامگیریی و سەرگەردانیی فكریی بوۆتەوە. پارتە دیموكرات و لیبراڵەكان، سۆشیالیست و سۆشیالدیموكراتەكان، كۆمەنیست و چەپە رادیكاڵەكان، ناسیۆنالیست و یۆنڤیرسالیستەكان، عەلمانی و ئاینییەكان، بەگشتی، ئەو هێڵە ئایدیۆلۆژییە تۆخ و كۆنكرێتییانەی جارانیان نەماوە كە لەیەكی جیادەكردنەوە. ئێستا زۆرجار دەبینین كە، بەتایبەتیش لەسەروەختی هەڵبژاردنەكانی وڵاتدا، پرۆژەی سیاسیی زۆربەی پارتە سیاسییەكان تێكەڵەیەكە لەپرۆژەی هێزی پۆپۆلیست و هەژموونخواز. ئەم پرۆژەیەش پرۆژەیەكی ئاڵۆزو فرە رەهەندو فرە ئاراستەیە، پرۆژەیەكە بەئاشكرا تەماحی ئەوەیە، لەیەك كاتدا، نوێنەرایەتیی هەموو چین و توێژە كۆمەڵایەتییەكانی كۆمەڵگا بكات و پشتگیریی هەمووشیان بەدەستبهێنێت!.  

   ئەمڕۆ لەجیهاندا، ئەوەی لەناوەوە دەستكاریی شوناسی پارتە سیاسییەكانی كردووە، ئەو شۆڕشەیە كەپێی دەوترێ شۆڕشی زانیارییەكان. ئەم شۆڕشە بەیارمەتی دەسكەوت و داهێنانە مەزنەكانی بواری تەكنەلۆژیا، وای كردوووە كە كۆمەڵگای بەشەری، بڕی راستگۆیی پارتە سیاسییەكان لەگەڵ پرەنسیپ و ئامانجەكانیان، لەگەڵ بەرنامەو بەڵێنەكانیان، لەگەڵ ئەخلاقی سیاسیی جاڕدراویان، لەسەرویشیانەوە، لەگەڵ بەرپرسیارێتییەكانی نوێنەرایەتیكردنی سیاسییان بۆ خەڵك، بۆ ئاشكرا ببێت. واتە شۆڕشی زانیاری دەرفەتێكی كەموێنەی رەخساندووە بۆ تێگەیشتن لەئەزموونی پارتە سیاسییەكان و هەقیقەت و واقعیان.
 لەم سەردەمەدا، ئەوەی پەیوەندیی بەكایەی سیاسەتەوە هەبێت، هیچ راستییەكی شاراوە نامێنێتەوە كە هاونیشتمانیان لەبارەی نوێنەرە سیاسییەكانیانەوە نەیزانن. ئەگەر بەشێك لەكەناڵەكانی دزەپێكردن و ئاشكراكردنی زانیارییەكانیش ئەو راستییانە دابپۆشن ئەوا بەشێكی دیكەیان تیشكیان دەخەنەسەرو هەڵیاندەدەنەوە.

     ئەمڕۆ هەموو پارتە سیاسییەكانی كوردستان، بەبێ تێگەیشتن لەكاریگەری و دەرهاویشتەكانی شۆڕشی زانیاری، ناتوانن پەروەردەیەكی راستەقینەی كادرو هەڵسوڕاوانیان بكەن. ئەم شۆڕشە، ئەخلاقی سیاسیی تایبەت بەخۆی دروستدەكات كە دیارترینیان ئەخلاقی نواندنی شەفافییەت و راستگۆییە. كەمترین بڕی فریودان و بەڵێن و موژدەی ساختە، زۆرترین بڕی دۆڕاندنی متمانەی لێدەكەوێتەوە بۆ پارتە سیاسییەكان. لەم سەردەمەدا، سۆشیال میدیاكان، لەبەر ئەوەی هەڵگری خەسڵەتی خێرایی Immediacy و بەئاسانیی بەكارهێنانن Usability، ئەوا دەبینین، زۆرجار، پێش ماسمیدیاكان، بە وێنەو رەنگ و دەنگەوەو بەخێرایی تیشك، دێن و لادانەكان، درۆکان، پێشێلكارییەكان، گەندەڵییەكان، ساختەكارییەكانمان بۆ ئاشكرا دەكەن و بڵاودەكەنەوە. سۆشیال میدیاكان لەمڕۆدا بوونەتە گەورەترین سەرچاوەی بەدەستهێنانی زانیارییش لەسەر دیاردەو رووداوە هەرە شاراوەكان، تا ئەو رادەیەی كە فاكتەرێكی بەهێزی بەرپابوونی شۆڕشەكانی ( بەهاری عەرەبی) دەگێڕدرێتەوە بۆ رۆڵی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و ڕاگەیاندنی نوێ New media بە گشتی.

 كەواتە ئەمڕۆ بانگەشە بۆ بایەخدان بەزانین و زانیاری، بانگەشەیە بۆ تێگەیشتن لەروحی سەردەم، بانگەوازە بۆ نوێكردنەوەی كولتوری حزبایەتیكردن و ئەخلاقی سیاسەتكردن، كارێك كە بێگومان لەرێی هەموو پارتە سیاسییەكانی ئێمەشدایە و پێویستە ڕەچاوی بکەن.

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار
مافی به‌رهه‌مه‌كان پارێزراوه‌ بۆ دره‌و
Developed by Smarthand