پلانەكە كەركوكە
2021-05-01 10:52:56
ئومێد رەفیق
لەماوەی هەفتەی رابردوودا چەندین هێرشی چەكداریو دوو هێرشی خۆكوژی دەزگا ئەمنییەكانی كەركوكیان كردوەتە ئامانج، لەدوای راگەیاندنی كۆتایهاتنی داعش لە عێراق، هێرشی رێكخراوی لەڕێگەی گروپێكی چەكداری داعش كە مەزەندە دەكرێت ژمارەیان پازدە بۆ بیست كەس بێت، بتوانن دەست بەسەر بنكەو بارەگای پێشمەرگەدا بگرن، ئاماژەیەكی تازەیە بۆ بەهێزبونەوەی ئەم گروپە لە ناوچەكانی بۆشایی نێوان هێزی پێشمەرگەو هێزەكانی سوپای عێراق، بەڵام رەوتی خێرایی چالاكییەكان هاوتەریبە لەگەڵ دوا وادەی تۆماركردنی ناوی كاندیدەكانی حیزبەكان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، لەماوەی ئەم سێ مانگەی پێشودا بە تەنها لە پارێزگای كەركوك نزیكەی پەنچا كردەی سەربازییان ئەنجام داوە.
ئەگەر تەنها لە روانگەی شیكاری سەربازییەوە سەیری بابەتەكە بكەین، ئاماژەی ئەوە هەیە كە ئەم ناوچانە، لەلایەك پێگەی باشی پەنادانی ئەم گروپەنو شارەزایی تەواویان لەسەر ناوچەكە هەیە، لەلایەكی ترەوە سەركردایەتی ئەمنی لە پارێزگاكە لە بۆشایی هەماهەنگیدانو، ناتوانن كاری پێكەوەیی (زانیاری، هەواڵگری، روبەروبونەوە، راوێژكاری هاوپەیمانان)و هاوكاری یەكتر بن، یاخود وەكو هەڕەشەیەكی رەها سەیری هەڕەشەكان بكرێت.
ئاڕاستەی هەڕەشەكان بەبەردەوامی لە ئاڕاستەی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوپای عێراقەوە دێت. بەڵام ئەگەر لەڕووی سیاسیەوە سەیری بابەتەكە بكەیت. ئامانج لە هەڕەشەكان نائارامی سیاسیی كەركوكە، كە دوور نییە لە ئایندەدا ئەم دوو ئەگەرە لە كەركوك كاربكەن:
ئەگەری یەكەم: هێزێكی سەربازی گەورە بهێنرێتە كەركوك هەڕەشە لەسەر گۆڕانی دۆخی هەمە لایەنەی ناوچەكە دروست بكرێت.
ئەگەری دووەم: پشێویو ئاڵۆزی سەربازیو هەڕەشە دروست بێتو هەڵبژاردن لەو ناوچانە ئەنجام نەدرێت، یان هەندێك ناوچە هەڵبژاردنی تیا ئەنجام نەدرێت.