كورسییەكەی سەرۆك وەزیران
2021-05-01 09:57:10
یاسین تەها
هەڵبژاردنی مانگی 10ی داهاتوو بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانە، بەڵام كێبەركێ لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیران كە دواتر پەرلەمان دەنگی بۆ دەدات، باڵی كێشاوە بەسەر دیمەنەكەداو سەدرییەكانو مالیكیو عەبادیو چەند كەسایەتیو لایەنێكیتر هەر لەئێستاوە شەڕی سووریانە لەسەری.
مستەفا كازمی لەڕێگەی لێدوانی كەسە نزیكەكانییەوە خۆی خستە دەرەوەی ڕكابەرییەكانی هەڵبژاردن، هەروەها ڕایگەیاند نە خۆی بەشداری دەكات نە پاڵپشتی هیچ لیستو قەوارەیەكیش دەكات، ئەم هەنگاوەش دوو لێكەوتەی هەیە؛ لەلایەك حكومەتێك سەرپەرشتی هەڵبژاردن دەكات كە خۆی بەشدارو ڕكابەر نییە تێیداو ئەمە لەدوای 2003 بێ پێشینەو ئەرێنییە، لەلایەكیتر ئەگەر نیازی خولی دووەمی هەبێت ڕەنگە مانەوەی لەدەرەوەی ڕكابەرییەكان چانسی زیاتری پێ بدات تا ئەوەی لیستەكەی ببێتە ژمارەیەك لەكۆی كۆمەڵێك ژمارەی گەورەتر.
بەگوێرەی ئەزموونی خولەكانی پێشوو، جگە لەناوخۆ یەكلاییكردنەوەی پۆستی سەرۆك وەزیران پەیوەست بووە بەسێ جەمسەر كە واشنتۆنو تارانو نەجەف (مەرجەعیەت) بوون، بەڵام لەم قۆناغەدا جگە لەتارمایی خۆپیشاندنەكانی تشرینی 2019، هەڵپەو پێداگری سەدرییەكانیشی هاتووەتەسەر كە خەونی بەدەستهێنانی 100 كورسیو كۆنتڕۆڵكردنی پۆستەكەیان هەیە ئەگەرچی بەدەستهێنانی ئەو ژمارەیە بە ناواقیعی دەردەكەوێت.
نیمچە كۆدەنگییەك هەیە كە سەدر كە ئێستا بە 52 كورسی زۆرینەیە، ئەگەر بۆ خولی ئایندەش هەر لەپلەی یەكەمدابوو، خۆی ڕاستەوخۆ نایەتە ناو پرۆسەكە، بەڵكە هەر لەپشت پەردە وەك ڕێبەرو ئاستەكەر دەمێنێتەوە چ لەڕێگەی هەژمارەكەی تویتەرو واتساپەكەی بێت یان نوێنەرەكانی، باوەڕیش وەهایە جەعفەری ئامۆزای هەر لە لەندەن بمێنێتەوە وەك باڵیۆزی عێراق، چونكە لەلایەك تاقەتی دەركەوتنو هەروەها لێهاتوویی ئەو پۆستەشی نییە، لەلاكەیتر لە بەریتانیاوە خەریكی دروستكردنی لینكە بۆ سەدرییەكان لەگەڵ ئەمەریكاو وڵاتانی ڕۆژئاوا، لەبەر ئەمەش زۆربەی ئاماژەكان لەسەر ئەوەن سەدر پاڵپشتی لە كەسایەتییەك بكات لەسەر مەرجی خۆی كە هیچ دوور نییە جارێكیتر مستەفا كازمی یان كەسایەتییەكیتری هاوشێوەی مامناوەند بێت.
شیعەكانی ڕكابەری سەدر لەدۆخێكی زۆر بەهێزیدا نین؛ مالیكی كارتی سووتاوە، حەشدەكان ناویان لە دەرەوە بێزراوەو بۆ سەرۆك وەزیران نابن، ئەمەش دەرفەتە بۆ سەدر خۆی وەك جێگرەوەیەكی شیعی نمایش بكات كە پێیوایە نیشتمانیو میانڕەوە، هەندێ میدیاش لە بەریتانیاەوە (ئیكۆنۆمیستو ئەلعەرەب) باس لەوە دەكەن بۆ ئەم مەبەستە سەدر لەگەڵ ئیدارەی بایدن لەپەیام گۆڕینەوەدایە ئەگەرچی بەڕواڵەت بەهەموو جۆرێك دژی ئەمەریكییەكانەو داوای چوونە دەرەوەیان دەكات.
سیستمی هەڵبژاردنی داهاتوو بڕێك جیاوازە، لەلایەك عێراق 83 بازنەیەو لەلاكەیتر خۆكاندیدكردنی سەربەخۆش هەیە كە دەشێت هەندێك كەس لەدەرەوەی لیستەكان بگەیەنێتە پەرلەمان، بەڵام بەپێی ئەزموونو سروشتی عێراق لەكۆتاییدا باڵادەستی بۆ ئەو لیستانە دەبێت كە كارتی تایفەو دینو چەكو پێگەو ئیمكاناتی دەوڵەتیان لەبەردەستە، هەر لەم سۆنگەیەشەوە پارتیو سەدرییەكان هەوڵی نزیكبوونەوە دەدەن لەچوارچێوەی "تحالف الاقوياء"، هەروەها حەكیمو حەلبوسی چاویان لەسەر جەمسەرەكەیتری هێزە لەكوردستان؛ یەكێتی.
سەرباری باش بەڕێوەچوونی هەموو ئامادەكارییەكان، هیشتا ئەگەرێكی لاوازی ئەوەش هەر هەیە دۆخی ئەمنی رێگە بەسازكردنی هەڵبژاردنی پێشوەختە نەداتو بیخاتە وادەی ئاسایی خۆی كە بەهاری ساڵی داهاتووە (2022)، چ ئەوكاتەش بێت یان ئەمساڵ، هیچ لەوە ناگۆڕێت كە چەقی ململانێو سەرنجەكان هەر لەسەر كورسییەكەی سەرۆك وەزیران دەبن چونكە ئەو بەرپرسی یەكەمی ڕاپەڕاندنو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە ئەگەرچی جارجارەش دەسەڵاتەكەی ڕواڵەتی دەبێتو بە سازانەكان كۆتو بەندكراوە.